لە ساڵیادی یەکی شوباتی خوێناوی سێیەم خولی فیستیڤاڵی سینەما دژی تیرۆر لە هەولێر ساز دەکرێت.
لە فێستیڤاڵی ئەمساڵدا، 46 فیلمی سینەمایی، كە تایبەتن بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، لە چەندین وڵاتی جیاوازی وەك عێڕاق، سوریا، ئێران، میسر، سعوودییە، هیندستان، كەنەدا، عومان، فەڕەنسا و بەڕیتانیاوە، بەشداری دەكەن.
لەم بارەیەوە ئەیاد جەبار بەڕێوەبەری هونەری سینەما دژی تیرۆر بە گوڵانی راگەیاند بیرۆكەی سەرەكی سازكردنی ئەم دیدارە سینەماییە لەوەوە سەری گرتووە كە هونەرمەندان بەتایبەتی سینەماكاران پەیامێك ئاراستەی رای گشتی جیهان بكەن كە سینەما و سینەماكاران پاڵپشتی و پشتیوانی هەموو هەوڵێك دەكەن لە هەر كوێیەك بێت دژی تیرۆر، بۆیەش سینەمامان لە نێو ژانرەكانی تری هونەر هەڵبژارد، چونكە سینەما دەتوانێت گوزارشت لە كێشە مرۆییەكان بكات و هەڵگری پەیامێكی روون و ئاشكرایە لەم بارەیەوە، دیارە كوردستان بە گشتی قوربانییەكی زۆری داوە و هەمیشە قوربانی تیرۆر بووە.
سەبارەت بە هەڵبژاردنی رۆژی یەكی شوبات بۆ سازدانی ئەم دیدارە وتی: ئاشكرایە لە رۆژی یەكی شوبات كە هاوكات بوو لەگەڵ یەكەم رۆژی جەژنی قوربانی پیرۆز یەكێك لە دڕندەترین هێرشی تیرۆریستی دژی میللەتی كورد لە شاری هەولێر و لە بارەگای لقی دووی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و زیاتر لە 100 كەس بوونە قوربانی كە ژمارەیەكیان سەركردە و بەرپرسی حزبی و حكومی بوون تەنانەت كەسانی بیانیش كە بۆ پیرۆزبایی جەژنی قوربان هاتبوون لەو رۆژەدا بوونە قوربانی تیرۆر، هەڵبژاردنی ئەم رۆژەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە رۆژی یەكی شوبات رەمزی نیشتمانی و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆرە.
فیلمەكانی 11 وڵات بەشدارن
فیلمەكانی ئەمساڵ لە 11 وڵاتەوە هاتوون جگە لە كوردستان . وەك دیاریشە فیلمەكان پتر لەو وڵاتانەن كە تیرۆر بەرۆكی گرتوون و قوربانیی دەستی چەپەڵی ئەو دیاردە نالەبارە جیهانییەن. لەوانە عێراق، سووریا، میسر سعودی و فەرەنسا و هیند. بو یەكەمجاریش ئەمساڵ 7 دادوەری نێودەوڵەتی، دادوەرغی فیلمەكانی فیستیڤال دەكەن، دادوەرەكانیش لە كەنەدا و یۆنان و میسر و شانشینی مەغریب و عێراق و كوردستانن. لە نێو فیستیڤاڵەكەشدا پانیلێك بو ناوی (سینەما لە بەرەنگاربوونەوەی هزری توندڕۆیی و تیرۆر سەركەوتوو دەبێت) ساز دەكرێـت، كە كۆمەڵێك نووسەر و رەخنەگری سینەما بەشداری تێدا دەكەن. تایبەتمەندیی ئەو فیستیڤاڵەش لە رۆژ و كات و شوێنی سازكردنیەتی كە رۆژی یەكی شوباتەو لەو رۆژەدا لەهەولێر كۆمەڵێك كەسایەتی نیشتمانپەروەر و هاووڵاتی سڤیل لە یەكەم رۆژی جەژنی قورباندا بوونە قوربانی دەستی رەشی تیرۆر، بۆیە ئەم فیستیڤاڵە هەوڵدەدات لەو رۆژەدا بە یەكدەنگییەكی جیهانی و نێودەوڵەتی لە رێگەی هونەری بەرزی سینەماوە كە زمانێكی جیهانییە بەرەنگاری ئەو هزرە توندڕەوەی و تیرۆریستییە ببێتەوە كە كارەسات بەسەر مرۆڤەكان و خەونی ئازادی مرۆڤ دەهێنێت.
خەڵاتەكە تایبەت بە فیستیڤاڵ دروست كراوە
لە فیستیڤاڵی ئەمساڵیشدا 12 بەڕێوەبەر و سەرۆك فیستیڤاڵەكانی سینەما لە كوردستان و ناوەوەی عێراق ئامادە دەبن و لیژنەی ناوبژیوانی فیستیڤاڵیش لە چەندین كەسایەتی ناسراوی سینەمایی پێكدێت لەوانە: جەلال خان وڵاتی كەنەدا كە رەخنەگرێكی سینەمایی بە رەچەڵەك كوردە، بولیساریس كوسیفاكیس لە یۆنان، رەشا شەرقاوی لە مەغریب، عەلا نەسر لە میسر كە لە هەمان كاتدا سەرۆكی فیستیڤاڵیشە، سوها سالم و قەحتان جەلیل لە عێراق و چەند ئەندامێك لە كوردستان.
15 خەڵاتیش بەسەر فیلمە سەركەوتووەكاندا دابەش دەكرێ، بەم شێوەیە: «باشترین فیلمی كوردی، باشترین فیلمی عێراقی، باشترین فیلمی عەرەبی و بیانی، باشترین فیلمی دۆكیۆمێنتاری، باشرین دەرهێنان، باشترین ئەكتەری كوڕ و كچ، باشترین سیناریۆ، خەڵاتی لێژنەی دادوەری. خەڵاتەكەش تایبەت بۆ ئەم فیستیڤاڵە بە دیزاینێكی جوان دروست كراوە.