هونەری سینەماش دەتوانێت رۆڵێكی كاریگەر لە شەڕی دژی تیرۆردا بگێرێت.

هونەری سینەماش دەتوانێت رۆڵێكی كاریگەر لە شەڕی دژی تیرۆردا بگێرێت.
د.سالار عوسمان*

گرنگی ئەم دیدارە سینەماییە لەوەدایە کە دەمانەوێت لە رێگەی ھونەری سینەماوە رووبەڕووی فکری تیرۆر بینەوە، ئەو فکرەی لە ناوچەکەدا رەگێکی مێژوویی ھەیە و ھەر جارەی بە فۆرمێک رێگە لە ژیان دەگرێت و شەڕی مرۆڤ و ئازادی و بەھا جوانەکان دەکات و ئاکام کۆمەڵگا بە ھەموو جیاوازییەکانیانەوە دووچاری ماڵوێرانی دەکات.
تیرۆر تەنیا بە سەنگەرەکان چارەسەر ناکرێت، ھەرچەندە پێشمەرگە و ڕۆڵی پێشمەرگە، تایبەت شەھیدە قارەمانەکان ڕێبەرایەتی ئەو شەڕە دەکەن، لێ ڕووبەڕووبوونەوەی فیکری، چارەسەرە کلتوورییەکان ، لە نێویشیاندا ھونەری سینەما دەتوانێ ڕۆڵێکی گرنگ لەو شەڕەدا ببینێت، چونکە تیرۆر بەر لەوەی کردار بێت، بەر لەوەی چەک بێت، فکرە.
وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوام لەو ئەرکەی خۆی تێدەگات کە ئەرکی شەڕکردنی تیرۆرە لە ڕووی فکرەوە، بەم تێگەیشتن و ئاراستەیە بەردەوامین لە کار و چالاکی و بزاڤەکاندا، دواچالاکیش کۆنفرانسی( ڕۆشنبیری و توندوتیژی ) بوو، کە لە ٦ و ٧ ی مانگی ١٢ ی٢٠١٧ بوو، کە کۆنفرانسێک بوو لە ئاستی کوردستان و تیایدا چەندین توێژینەوەی زانستی پێشکەشکران و بە چەند راسپاردەیەکیش دوماھی ھات.
وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان بۆ سێیەم ساڵە و لە یادی یەکی شوبات، کە یادێکە پڕ بە مانای ئەو تێگەیشتنە، پشتگیری لە سازکردنی دیداری سینەما دەکات لە دژی تیرۆردا، دیداری ئەمساڵ جیایە، فراوانترە، نێودەوڵەتییە، ھەوڵمان داوە و کردوومانەتە نەریتی ساڵانە و پایتەختی کوردستانیش ( ھەولێر ) لەبارترین شارە بۆ ئەم دیدارە.
لەو دیدارەدا میوانێکی زۆر داوەت دەکرێن و فیلمێکی زۆریش ئامادەکراوە کە سەرلەبەریان بانگی ئەو راستییە دەکەن کە دەبێ ھەموومان، بە تێکڕای جیاوازییەکانەوە لە دژی تیرۆر بوەستین و لە رێگەی ھونەری سینەماوە بانگی ژیان و ئازادی و بەھا جوانەکان بگەینیینە ھەموو دونیا.
یەکی شوبات پێکەوە دەبین ، پێکەوە لە دژی تیرۆر، لە دژی ھەموو ئەو ئەقڵە تاریکانەی کە دەیانەوێت ژیان بوەستێنن.
سوپاس بۆ سەرپەرشتیار و تەواوی تیمی کار، سوپاس بۆ بەشداربووان و ھونەرمەندان و دڵنیام دیدارێکی سەرکەوتوو دەبێت.
Top