ئەو ساتانەی ناسڕێنەوە (ئەندامی شاندی پەرلەمان بووم بۆ ئەوروپا).

ئەو ساتانەی ناسڕێنەوە (ئەندامی شاندی پەرلەمان بووم بۆ ئەوروپا).
ئەحمەد سالار

شاندێكی پەرلەمانی ئیسپانیا - هەرێمی باسك - سەردانی پەرلەمانی كوردستانیان كرد، پاش گەڕانەوەیان بانگهێشتێكی فەرمیی ئێمەیان كرد، سەرۆكی پەرلەمان(د. رۆژ نوری شاوەیس)، منیش وەك سەرۆكی لیژنەی رۆشنبیری و پەیوەندییەكان، هەروەها سەرۆكی دیوانی پەرلەمان(خەسرەو گۆران). هەر لەمیانەی ئەو سەردانەدا سەردانی پایتەختی چەندین وڵاتی ئەوروپیمان كرد، لە ماوەی (25-5) هەتا(30-6-2000).
رۆژی (30-5-2000) گەیشتینە(پاریس)، هەر لە سەرەتا ئامادەبووین لە كۆنفڕانسی تایبەت لەسەر مەسەلەی كورد لە باڵەخانەی ئەنجومەنی نیشتمانی فەرەنسی، لە هۆڵی(فیكتۆر هۆگۆ) بەڕێز(د.رۆژ) باسێكی چڕی لەسەر بابەتی (كورد لە دەستووری عێراقیدا) پێشكەش كرد، بۆ رۆژی دوایی كۆمەڵێك دیداری رۆژنامەوانی سازكرا، بەتایبەت رۆژنامەكانی (الزمان) و (الشرق الاوسط) و(فیگارۆ)ی فەرەنسی، هەروەها پاشان لەگەڵ(جۆناسان راندل)ی رۆژنامەنووس لە رۆژنامەی (واشنتن پۆست)ی ئەمریكی، دواتریش دیدارێك لەگەڵ رۆژهەڵاتناس و دۆستی كورد(كریس كۆتشێرە) كرا، ئەمە و چەند دیدارێكی تر.
سەرلەبەیانی رۆژی(4-6-2000) روومان كردە ئیسپانیا و سەرەتا گەیشتینە شاری(بڵباو)، واتە پایتەختی هەرێمی (باسك) كە جوانترین شارە لە ژیانی گەشت و گوزارما دیبێتم، لە فڕۆكەخانە لەلایەن دەستەی تەشریفاتی پەرلەمان و دەزگا ئەمنییەكانەوە پێشوازیمان لێكراو گەیاندینیانە شوێنی حەوانەوەمان.
رۆژی(5-6-2000) سەعات (11:30) لەتەلاری پەرلەمانی(باسك) سەرۆكی پەرلەمان و جێگرەكانی پێشوازییان لێكردین، بە ئامادەبوونی ئاژانسەكانی دەنگ و باس و ژمارەیەك لە دەستگاكانی راگەیاندن، لە لایهن(د.رۆژ) و (خوان ماریا ناتۆچا) سەرۆكی پەرلەمانی (باسك) وتە پێشكەش كرا.
دەمەو نیوەڕۆ بەڕێز(جوان ماریا) سەرۆكی لیژنەی پەیوەندییەكان و (خاتوو كارمن ناسایا) ئەندامی هەمان لیژنە گەڕانێكی ناوشاری (باسك)یان پێكردین و هێما هەرە دیارەكانی پایتەختەكەیانیان پێ ناساندین، پاشان لەدەمەو عەسردا لە تەلاری وەزارەتی دەرەوە دیدارێكمان لەتەك بەڕێز وەزیری دەرەوەدا(ئارێز مێندی) بۆ سازكرا.
لەسەر شەرەفی شاندەكەمان لەشاری (ڤیتۆریا) بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆكی پەرلەمان(كارمیلۆ باریۆ) ئێوارە خوانێكی رێزلێنانیان بۆ كردین. هەر لەنێوانی ئەو دیدەنانەدا لەگەڵ (فرانسیسكۆ ڤیلاو) وەزیری تەندروستیی هەرێمەكە دانیشتین، باسمان لە پێداویستییەكانی تەندروستیی هەرێمی كوردستان كرد، لەهەمان رۆژدا سەردانی دەزگایەكی تەكنەلۆجی باسك)مان كرد، هەروەها سەردانی گەورەترین زانكۆی هەرێمەكەمان كرد، دەرفەتی دیدەنی مۆزەخانەی(گوگین هایم)مان بۆ رهخسا كە پوخت مۆزەخانەیەكی هونەری شاری(بڵباو)ە.
رۆژی(7-6-2000) رۆژێكی چڕی بینین و گفتوگۆ بوو لەگەڵ پارتەكانی ئەو هەرێمە و پتر باسی خۆمان و ئاسۆكانی هەرێمی كوردستانمان كرد، بۆ نموونە لەبارەگای گشتی پارتی(PNV) كە پارتی دەسەڵاتدارە، هەروەها پارتی(P.P) كە پاشان بووه پارتی دەسەڵاتداری ئیسپانیا، دواتر لەگەڵ سەرۆكایەتیی باڵی سیاسیی(ETA) كە بە(EH) ناسراوە، كە حیزبی وڵاتی باسكە، بەهەر حاڵ هەرچی پێویست بوو بۆ ناساندنی كورد و كوردستان و كێشە رەواكەی كرا. شەو گەڕاینەوە بۆ (مەدرید) پایتەختی وڵاتی ئیسپانیا كە شارێكە پتر لە مۆزەخانەیەكی گەورەی شارستانی دەچێت.
رۆژی (8-6-2000) سەردانی پەرلەمانی ئیسپانیامان كرد و لەگەڵ(ئیزابێل تۆدشیتۆ)ی سەرۆكی پەرلەمان و چەند ئەندامێكی سەرۆكایەتییەكه كۆبووینەوە.
بۆ دانی ئێوارە روومان كردە شاری (بەرشلۆنە)ی پایتەختی هەرێمی(كەتەلۆنیا) كە یەكێكە لەشارە هەرە جوان و پڕ جووڵەكانی دونیا و بەسەر دەریای سپیدا دەڕوانێت، لەهەمان رۆژدا چاومان بە سەرۆكی پەرلەمانی هەرێمەكەیان كەوت بەڕێز(جوان رێگۆلی) سەر بە پارتی(UDC) دەسەڵاتدار و جێگرەكەی كەسەر بە پارتی(PSC)ە لەگەڵ سەرۆكی لیژنەی پەیوەندییەكان، بەهەرحاڵ سەردانی بارەگای سەرجەم پارتەكانی هەرێمەكەمان كرد و گەڕاینەوە بۆ (مەدرید).
لە رۆژی(15-6-2000) ئەم رۆژەمان تایبەت بوو بە سەردانی سەرۆكایەتیی حكومەتی(ئیسپانیا) و هەوڵی توندوتۆڵكردنی پەیوەندیی نێوانمان لە پێناوی برەودان بە هەرێمەكەمان دا.
رۆژی(18-6-200) روومان كردە (بەلجیكا) و لە شاری (برۆكسل) سەردانی(پەرلەمانی ئەوروپی)مان كرد، لەگەڵ خاتوو (نیللی مایس) جێگری سەرۆكی گرووپی سەوزەكان كۆبووینەوە.
رۆژی دوایی بەرەو وڵاتی (هۆڵەندا) رۆیشتین و لەشاری (دان هاك) لەگەڵ گەورە بەرپرسانی هۆڵەندا كۆبووینەوە، سەرەتا (دكتۆر میخنا ریندز) لێپرسراوی دائیرەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا و دواتر چەند بەرپرسێكی دیكەمان بینی. هەر لەو رۆژەدا سیمینارێكمان بۆ ئەندامانی پارتیمان لە بارەگای پارتی دیموكراتی كوردستان لە (دان هاك) سازكرد.
رۆژی (20-6-2000) گەڕاینەوە (بەلجیكا) و سەردانی وەزارەتی دەرەوەیمان كرد و پاشان چووینە پەرلەمانی فیدڕاڵیی (سەنات) و چاومان بە جێگری سەرۆكی پەرلەمان (جین ماری هاپارت) و هەروەها(جۆرج دالاماین) ئەندامی پارتی دیموكراتی مەسیحیی(سەنات) كەوت.
پاش ئەوەی سەردانی سەرجەم لایەنەكانمان كرد و هەروەها دیدارمان لەگەڵ ژمارەیەك لە كەسایەتییە كوردەكان كرد. شەو سەعات (9) بەرەو بەریتانیا بەڕێ كەوتین، بۆ رۆژی دوایی تكام لە بەڕێز(بورهان جاف) کرد كە نوێنەرمان بوو لەو وڵاتانە و لەهەمان كاتدا یاوەر و وەرگێڕمان بوو:
-: كاكە ساڵەهایە ئاواتمە سەر لە شانۆی(شكسپیر) واتە (گلۆپ تیاتر) بدەم.
: - هەر ئەم ئێوارەیە دەتبەم.
وادەی هات و پێكەوە سواری میترۆ بووین و گەیشتمە هەوارە شانۆییەكەی(شكسپیر)، شانۆیەكەی(ئەلیزابێسی)، هەر خۆی چۆن بوو، ئاوا نۆژەن كراوەتەوە، لەبەردەمی شوێنی نواندنەكەدا پەیكەرێكی زۆر جوانی(شكسپیر) دانرابوو، بەختم یار بوو ئەو ئێوارەیە شانۆیی هاملێت دەنوێنرا و بەهەمان شێوازی سەردەمەكەی شكسپیر، ژمارەیەك ئەكتەری بلیمەت لەسەرەتاوە، كارەكتەرەی (هاملێت) زۆر ساكار و بێخەم و تەواو خوێن سارد دەینواند، بەرە بەرە بەرەو گرژی و نەشونما و گرێی دەروونییەكەی چوو، گۆڕا بەو شێوەیەی خواستی نووسەر و دەرهێنەرەكەی بووە.
بەیانی رۆژی(22-6-2000) چاومان كەوت بە سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤ بە بەڕێز(جێرمی كۆربین). هەروەها دیداری بەڕێز(رۆنی وایت) لە وەزارەتی هاوكاری نێودەوڵەتی كە تیایدا باس لە كێشەكانی هەرێمی كوردستان كرا، هەمان رۆژ لە عەسردا سەردانی یەكێتی سەندیكاكانی بەریتانیامان لە بارەگاكاندا كرد و چاومان بە بەڕێز(سیمۆن ستانی) لێپرسراوی پەیوەندییەكانی نێودەوڵەتی و بەڕێز (تۆم جێنكز) سكرتێری كاروباری یەكێتی ئەوروپی كەوت، بەردەوام بە درێژایی ئەو دەرفەتە پێمان لە پەیوەندی نەبڕی و چەندین دیمانەی رۆژنامەنووسیمان كرد. رۆژی(28-6-2000) سیمینارێك بۆ رێكخستنەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەریتانیا سازكرا، كە پتر لە سەد كەس ئامادەی بوون، دیارە مرۆڤ بەكاری فەرمی گەشت بكات، هەرگیز ناتوانێ بە دڵی خۆی چێژ لەو گەشتە وەربگرێت، ئێمەش وا بە وردی و بە توندی بەو ئومێدەی دیاریكرابوو، دەرفەتی نەداوین گەڕانێك بكەین و باش بوو رۆژانی شەممە و یەكشەممەی تێكەوت، ئیدی خاڵۆزاكانم (كاكە بەختیار و كاكە رزگار) كوڕانی كاكە (لەتیف قادر ئاغا)ی خاڵم كارێكیان بۆ كردم كە بەمن نەدەكرا، هەر لەسەرەتاوە بردمیان بۆ (ناسیۆناڵ گلۆرمی) كە یەكێكە لەهەرە گەورەترین مۆزەخانەكانی دونیا بۆ هونەری شێوەكاری، پاشان سەردانی گەڕەك و كوون و كۆڵانە تەنگەبەرەكانی گوندەكەمان كردو چەندین شانۆییم بینی، (كڵۆڵان)ی (فیكتۆر هۆگۆ) بوو كە پتر لە بیست ساڵ بوو كه بەردەوام بوو، حەزم دەكرد بیبینم، بەڵام پاش ئەوەی منیان پێیان ناساند، وتیان دەتوانین بۆ پەنجا رۆژی دیكە شوێنێكی یەدەگی بۆ دابین بكەین، ئیدی ئەو جووتە خاڵۆزا ئازیزەم خودا دەست بە باڵیانەوه بگرێ و سەركەوتوویان بكات، بەو دوو رۆژە شەو و رۆژ بە دەورمەوە بوون، هێندەی دوو ساڵ پێمەوە سەرقاڵ بوون، پاشان بردمیانە كۆگایەكی(كوتاڵ) باشترین جۆری كشمیریان بۆ كڕیم و چەندین دیاری جوان، رۆژی (29-6-2000) بەرەو كوردستان فڕین و لە فڕۆكەخانەی (ئەتاتۆرك) لە (ئەستەمبوڵ) نیشتینەوە. وا رێككەوت بەڕێز (د.رۆژ) پاشان بگەڕێتەوە بۆ (یەمەن)، بۆیە من و بەڕێز(خەسرەو گۆران) هاتینەوە، هەر ئەوەندەی گەیشتمە بەر كۆنتڕۆڵخانە ئەفسەرێكی جوانكیلەی سێ ئەستێرە لەسەر شان پاسپۆرتەكەی لێوەرگرتم و وتی دوام كەوە، چوومه ژوورێكەوە و دەرگاكانی لەسەر داخستم و رۆیشت و جاروبار دەهاتەوە و پرسیارم لێی دەكرد هیچ كێشە و گیروگرفتێك لە ئارادایە؟ بەڵام بێ وەرام بوو، بە كاك (خەسرەو)م وت: تۆ بڕۆ بەجێم بهێڵە، بەڵام ئەم پارانەم لێوەرگرە، نەوەك بیبەن، پاش شەش حەوت سەعات لە چەند و چوون بە خانمۆڵە ئەفسەرە توركەكەم وت: هۆكارەكەم پێ بڵێن، دەنا هەر ئێستا پەیوەندی بە جەنابی سەرۆك بارزانییەوە دەكەم، من جێگری سەرۆك فراكسیۆنی پارتی و سەرۆكی لیژنەی پەیوەندییەكانی پەرلەمانی كوردستانم، ئەم جارە هاتە زمان و وتی: تۆ گەلێك سەفەرت كردووە؟
-: باشە ئەوە چ پەیوەندی بە ئێوەوە هەیە؟
پاش هەشت سەعات ئازادیان كردم، ئەو دەمەش وتم: خۆزگە كوردیش سەربەخۆ دەبوو...
باش بوو چونكە هێڵی ئاسمانی بەڕیتانی بوو، جانتاكەم پارێزراو بوو، وەرم گرتەوە و سوپاسی مەردایەتی كاكە(خەسرەو گۆران)م كرد كە كوردانە جێی نەهێشتم، هەر زوو زانیم كوڕی تەنگانەیە و مایەی پشت پێ بەستنە.
Top