ڤاندام رۆڵی جەلالەدینی رۆمی دەبینێت .

ڤاندام رۆڵی جەلالەدینی رۆمی دەبینێت .
ئەستێرەی ناسراوی هۆڵیۆد جان كلود ڤان دام خۆی ئامادە دەكات بۆ بینینی رۆڵی كەسایەتی و شاعیری ناسراوی جیهانی ئیسلامی جەلالەدینی رۆمی لە فیلمێكی نوێدا لە دەرهێنانی عومەر سیریكایای توركی بە ناوی (Islamophobia”) كە هەوڵێكە بۆ جوانتر كردنی وێنەی ئیسلام لە نێو كۆمەڵگای رۆژئاوایی و سڕینەوەی ئەو شێوە ناشیرینەی كە پێی ناسراوە.
ئەم فیلمە نوێیە باس لە ئایینی ئیسلام و ئەو لێبووردەییەی كە لەو ئایینەدا هەیە بە پێچەوانەی ئەو وێنەی كە لە رۆژئاوا لە مێشكی خەڵكیدا چەسپێنراوە و وێنا كراوە و زیاتر وەك ئایینی توندڕەوی ناسراوە كە هانی تیرۆر و كوشتنی پێرەوانی ئایینەكانی دیكە دەدات، هەروەها فیلمەكە ژیانی جەلالەدینی رۆمی دەخاتە بەتایبەتی مامەڵە كردنی رۆژانەی لەگەڵ پێرەوانی ئایینەكانی دیكە كە لەگەڵ موسڵماناندا بە ئاشتی دەژیان و پێكەوەژیان باڵی بەسەر پەیوەندییەكانیاندا كێشابوو و پێڕەوانی هەموو ئایینەكانی دیكە ئازادبوون لە ئەنجامدانی رێورەسم و سرووتە ئایینییەكانیان.
شایەنی باسە بڕیار وایە لە ناوەڕاستی ئەم مانگە دەست بە وێنەگرتنی دیمەنە سەرەتاییەكانی ئەم فیلمە بكرێت و چەندین ئەستێرەی سینەمایی دیكە شان بە شانی ڤاندام بەشداری تێدا دەكەن لەوانە فابیۆ ئەبراهام كە بە رەچەڵەك میسرییە.
Top