فرمێسك مستەفا لە شانۆگەرییەك لە ئەڵمانیا بەشداری دەكات .

فرمێسك مستەفا لە شانۆگەرییەك لە ئەڵمانیا بەشداری دەكات .
فرمێسك مستەفا، خانمە شانۆكاری كورد، وەك ئەكتەری سەرەكی بەشداریی لە شانۆگەرییەكی ئەڵمانیادا دەكات.

فرمێسك مستەفا، لەمبارەیەوە ڕاگەیاند: "شانۆگەرییەكە بە ناوی (حەوت خولەك)ـە لە نووسینی ستیفانۆ ماسینیە، ڤێرنە كاری دەرهێنانی بۆ دەكات".

شانۆگەرییەكە، باس لە چیرۆكێكی ڕاستەقینەی یەكێك لە كارگەكانی وڵاتی فەرەسنا دەكات، كاتێك خاوەن كارگەكان، كارگەكانیان دەفرۆشن، كۆمەڵێك مەرج و ڕێنمایی نوێ بۆ كارمەندەكانیان زیاد دەكەن، بەتایبەت كارمەندە ئافرەتەكان ڕووبەڕووی كۆمەڵێك كێشە و گرفت دەبنەوە، ئەو شانۆگەرییە بڕیارە 2018/2/21 لە ماڵی شانۆیی لە شاری شتوتگارت نمایش بكرێت.

فرمێسك، وەك خۆی باسی دەكات، یەكێكە لە ئەكتەرەكانی ئەو شانۆگەرییە، دەڵێت: "ئەكتەرەكانی ئەو شانۆگەرییە سەرجەمیان بێگانەن، جگە لە یەك ئەكتەر نەبێت كە بە ڕەگەز ئەڵمانیایە".

ئەو خانمە شانۆكارە، لەبارەی كارەكتەری خۆی لەو شانۆگەرییەدا، دەڵێت: "دەرهێنەر یەكێك لە كەسایەتییەكانی بەرهەمەكەی كردووە بە كچێك، كە لە كوردستانەوە هاتووەتە ئەورووپا، لەو ڕێگەیەوە دەیەوێت كەسایەتیی ژنانی كورد بە شێوەیەكی ئازا و ئازاد بخاتە ڕوو".

فرمێسك، ئەندامی ئەو ماڵە شانۆییە ئەڵمانیاییە و وەك خۆی ئاشكرای كرد، ئەگەر ڕۆژانە پڕۆڤەیشی نەبێت، سەیری پڕۆڤەی هاوڕێ شانۆكارەكانی دەكات، گوتیشی: "ئێستا هەموو كاتەكانی ژیانم بەسەر نمایش و پڕۆڤەدا دابەش كراوە".

فرمێسك مستەفا، خەڵكی شاری سلێمانییە، چەند ساڵێكە لە وڵاتی ئەڵمانیا دەژی، لە ساڵانی هەشتاكانی سەدەی ڕابردوودا دەستی بە كاری هونەریی كردووە، بەشداری لە چەندین شانۆگەریدا كردووە.

basnews
Top