لە كلیپە نوێیەكەی هونەرمەند قادر ئەسعەد هاوسەرەكەی رۆڵ دەبینێت.
لەم بارەوە هونەرمەند قادر ئەسعەد لە لێدوانێكدا وتی: من بۆ ماوەی زیاتر لە دوو ساڵ بە هۆی بارودۆخی كوردستان و شەڕی نەگریسی داعش، لە كاری هونەری وەستام، بەڵام دوای كۆتاییهاتنی ئەم شەڕە بە سەركەوتوویی جارێكی دیكە گەڕامەوە و لە كارەكانمدا بەردەوام دەبم
وەک باسیکرد ئەلبوومێكی نوێی ئامادەیه كە لە لە حەوت تراك پێكهاتووە و گشت تێكست و ئاوازەكانی خۆی دایناوە و لە توركیا كاری موزیك بۆ ئەلبوومەكەی كراوە، هاوكات لەگەڵ بڵاوكردنەوەی ئەلبوومەكە كلیپی گۆرانی (گوڵی تەمەن)یش بڵاودەكاتەوە كە یەكێكە لە گۆرانییەكانی ئەم بەرهەمە نوێیەی.
لە بارەی كلیپەكەش هونەرمەند دەڵێ: هەموو كارەكانی كلیپەكەش خۆم كردوومە لە وێنەگرتن و دەرهێنان و مۆنتاژیش، هەروەها بۆ یەكەم جار (پەیمان)ی هاوسەرم وەك ئەكتەر لە كلیپەكە بەشدارە و جگە لە ئەكتەری سەرەكی هاوكارییەكی زۆری كردووم لە كاری مۆنتاژ كردنی.
لەلایەكی دیكەوە هونەرمەند قادر ئەسعەد بە هاوبەشی لەگەڵ چەند هونەرمەندێكی دیكەی كوردستان لەوانە بڵند ئیبراهیم، عەزیز وەیسی، سامان عومەر، دلبەر جزیری، هەژار دهۆكی وەك پشتگیرییەك بۆ لێقەوماوانی كارەساتی بومەلەرزی باشوور و رۆژهەڵاتی كوردستان لە وڵاتی سوید كۆنسێرتێكی خێرخوازییان ساز كرد.