ئەو ساتانەی ناسڕێنەوە, هونەری سینەما.. لێدانی بیر بە دەرزی.

ئەو ساتانەی ناسڕێنەوە, هونەری سینەما.. لێدانی بیر بە دەرزی.
رەنگە ئەو سەر لەوحەیە جێگای سەرنج و لە هەمان كاتدا تیادا رامان بێ، ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ دووتۆی ئەو رۆژانەی لە گوڕەی كاركردنی فیلمی (نێرگز بووكی كوردستانە)دا بووین. ئەم فیلمە دادەنرێ بە یەكەم فیلمی رۆمانئامێزی كوردی، دیارە بەر لەو فیلمە، فیلمی دیكە هەبووە، بەتایبەت فیلمەكانی بلیمەت (یەڵماز گۆنای)، كە وەك دیكۆمینتار بووه بۆ باری چەوساندنەوە و پێشێلكارییەكانی مافی كورد لە باكوور، بەڵام چونكە نەدەلوا و رێگای پێ نەدەدرا ئاخافتنەكەی بە زمانی كوردی بێ، بۆیە بە ناچاری ئاخافتنەكەی بە زمانی توركی بوو. دەزانرێ كە زمان لایەنێكی گرنگ و بایەخێكی باڵای كارەكەیە، بۆیە ئەو فیلمانە لە رووی ناسنامەی نەتەوایهتییەوە كورتییان هێناوە. هەرچەندە بە رای من (گۆنای) رابەرێكی مەزنی شۆڕشگێڕ بووە و هەتا كورد هەبێ شانازی پێوە دەكات، فیلمی (نێرگز) لە سیناریۆ و نووسینی (مامۆستا محەمەد رەفیق حەسەن) بوو، لە دەرهێنانی سینەماكاری گەورەی عێراقی (مامۆستا جەعفەر عەلی) بوو، كە لە ئاكادیمیای هونەرە جوانەكان مامۆستا بوو، هەر لەسەر داوای ئەو خوالێخۆشبووە بەشداریی فیلمەكەم كرد، وەك یاریدەدەری دەرهێنەر و مەشقدادەری ئەكتەران و شاعیری گۆرانی تایتڵ و ئەكتەری رۆڵێكی سەرەكی. برای بەڕێزم رۆژنامەنووس(كاك حەمە سەعید حەمە كەریم جاف) بەرهەمهێنەری بوو.
كاركردن تیادا نزیكەی ساڵێكی رەبەقی خایاند، چونكە هەر چوار وەرزەكەی ساڵی تیادابوو. زۆربەی لە دەشتی (بێتوێن)و (بێتواتە) وێنە گیرابوو. رۆژی لەو رۆژانە، لە چلەی هاویندا بوو، لەناو كێڵگەیەكی شێداری گوڵەبەڕۆژەدا بوو، منیش لەبەدبەختیدا ئەو رۆژانە جگە لە نەخۆشییە هەمیشەییەكان گرفتاری گرانەتایەكی خراپ ببووم. هەر چەندە پێشتر ئاگاداری دەستەی بەرهەمەكەم كردبوو، بەڵام وەك كورد دەڵێ لەبەر (كوردەنامووسی) ئەوە بوو قیروسیام لە خۆم كردو لە ململانێیەكی دژواردا بووم. هەر لەو رۆژانەدا بوو گەرما هێزی لەبەر بڕیبووم و زیفی لێ سەندبووم، لەبەردەم كامێرەكەدا بەلادا هاتم و كەوتم بەلادا، ئەوەش بەهۆی دووبارەكردنەوەی دایلۆگی بەرامبەرەكەم بوو كە پتر لە پەنجا جار پێیان گوتەوە.
بۆیە من هەمیشە بڕوام وابووە، هەرچەندە بەش بەحاڵی خۆم، گەلێك جار بەو مەرەیە چووم، دەبێ ئەكتەری سینەما بەر لە چوونە بەر كامێرە، چاك تەیارو ئامادە بێ، چونكە كاریگەری خراپی لەسەر ئەكتەری بەرامبەر دەبێ، هەروها كار لەسەر میزاج و ئارەزووی هەموو ئەوانی دیكەش دەكات.
كات گەیشتە نیوەڕۆ و ئیتر خۆرەكە بەرەو شێوەی ستوونی دەچوو، بۆیە بڕیاری وچان و نانخواردن دراو بەرەو ئەو هەیوانە چووین كە بە قوڕ دروستكرابوو، بە خێرا خۆم كوتایە بەر دەمی هەوا ساردكەرەكە و هەر چەندم دەكرد، هەناوم فێنك نەدەبوویەوە، هەر چەندە یەك بە دوای یەكدا جامە بەفراوم هەڵدەدا، گەرما گەرما نەبوو مرۆڤی دەگەیاندە شەرای مەرگ.
ئەوا سەیر دەكەم، مامۆستای دەرهێنەر و بەڕێوەبەری وێنەگرتن، (مامۆستا نیهاد عەلی) بە بەر سووری خۆرەكەوە دەتگوت لە چلەی زستاندان و لەبەر بەرۆشكەن خۆیان گەرم دەكەنەوە، منیش خەریك بوو دڵم دەتەقی، خۆم پێ نەگیراو وتم: ئەرێ گەرماتان نەبوو؟
وتیان گەرمای چی؟! لە دڵی خۆم وتم: (لەبێ خەبهران كەشكەك سەڵەوات)، پاشان سەیریان كردم و مامۆستا (جەعفەر عەلی) وتی: ئەمە كاری سینەمایە، سینەما واتە بیری ئاو بە دەرزی هەڵكەندن..
راست بوو، چونكە ئەو خۆڕاگری و ماندووبوون بەردەوامە، بیر لێدانە بە نووكی دەرزیی دروومان. شەوان لە ئوتێڵەكەی (كاك عەبدوڵا خەسرەو) دەخەوتین، شەوی واهەبوو لە نیوە شەودا دەرهێنەر لە ژوورەكەی دەدام: ئادەی كاكە ئەحمەد دوو بینراوی ئاوهام بۆ بنووسە، ناچار خەوكەم دەكردە قوربانیی ئەو بیرۆكەیەی بۆی هاتووە.
سەبارەت بە (بەڕێوەبەری وێنەگرتن) كە ئەوە لە كاری سینەمادا بە دڵی بەرهەمەكە دادەنرێ، ئەوەی لە بارەیەوە بیستبووم، كەركووكی بوو، لە پاش جەنگی دووەمی جیهانییەوە، واتە لە سەرەتای بیركردنەوە لەو هونەرە لە عیراقدا كاری كردبوو، دەیانگوت، كاتێ لەناو تووركە رەشەكەدا فیلم دەگۆڕێ، هەر بە دەستلێدانی دەزانێ هەستداریی چەندە، هەروەها لە رووناكیی پێوەر (لایت میتەر) وردترە، خۆم ئەوەم لێ بینی بە وێنەگری دەگوت، شانزەیە، یان پانزەو نیوە، كاتی لە رووناكی پێوەرەكەم دەڕوانی لەسەداسەد تەواو بوو، كەوتبووە تەمەنەوە پشتی چەمابوویەوە و پیرێتی بریسكی لێ بڕیبوو، بەڵام چونكە فێری بیر لێدان ببوو بەدەرزی، هەمیشە گەنج و چوست و چاپووك بوو.
• لە كاتی خۆیدا مامۆستا حەمە سەعید كەریم جاف بەرهەمهێنەری فیلمەكە پێشنیاری كرد ئەو رۆژەی یەكەم گرتەی وێنەگیرا، بكرێتە رۆژی سینەمای كوردی، واتە (20/10/1990).
Top