سەمانە میرزایی:لە پێناو هونەردا رووبەڕووی كۆمەڵگه بوومەوە بۆیە دەبێ كاری شایستە پێشكەش بكەم.
* لە رۆژهەڵاتی كوردستان چۆن كارەكانتان پەرە پێدەدەن لە كاتێكدا ئاستەنگی زۆرتان بۆ دروست دەبێت؟
-ئاستەنگەكان زۆرن، هەموو هەوڵی ئافرەتان ئەوەیە كە خانەوادەكانیان رازی بكەن بە بەشداری كردنیان لە كاری هونەری، بۆ ئەمەش هێزێكی فكری پێویستە كە زۆر لە ئافرەتان ئەو هێزە فكرییەیان نییە بۆ ئەوەی خانەوادەكانیان نرخی كاری هونەری بدەن، چونكە ئەگەر خانەوادە پشتگیری نەكات ئافرەت تووشی ئاستەنگ دەبێتەوە، بەتایبەتی ئاستەنگی ئابووری، هەروەها كۆمەڵگەش پشتگیریمان ناكات ئەو فەرهەنگە دروست نەبووە كە هونەرمەندیش دەژی و ژیانی هونەریش بەبێ ئابووری بەڕێوەناچێت، لە هەمان كاتدا ئەو ئافرەتانەی كاری خۆیان پەرە پێدەدەن، دەست لە زۆر شتی دیكە هەڵدەگرن.
* لە رۆژهەڵاتی كوردستان زۆر گرووپی هونەری هەیە رۆڵیان چی بووە لە پێشخستنی هونەر لە رۆژهەڵات و رۆڵی ئافرەت لەو كارانەدا چییە؟
- هەرچەندە تێگەیشتنی میللەتەكەمان لە كاری هونەری زەحمەتە، بەڵام لە بواری شانۆدا گروپەكان رۆڵیان گرنگە و لە شارێكەوە بۆ شارێكی ترەوە جیاوازە، مخابن رۆڵی ئافرەتان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی وەك پێویست نییە و دەكرێ باشتر بێت، بەڵام ئەگەر ئاستی زانستی دابەزێت ئێمە ناتوانین زیاتر لە ئافرەتان چاوەڕێ بكەین، بە شێوەیەكی گشتی خەریكە ئافرەتە هونەرمەندەكان كاریگەرییان لەسەر كۆمەڵگه دروست دەكات و هیوادارین باشتریش بێت.
* لە خانەوادەكەی ئێوە كێ زیاتر هاوكارت بووە؟
- تەنیا باوكم و هاوسەرم پشتگیری منیان كردووە، ئەوانی تر هەموویان لێم زویر بوون و رازی نەبوون كە هونەرم هەڵبژاردووە و ئەگەر ئەو دوو كەسە نەبوونایە تووشی زەحمەتی زۆر دەبوومەوە، بۆیە من قەرزداری ئەوانم كە بڕوایان بە من هەیە، بەڵام ئەوانی تر بە هەموو هێزێك هەوڵیاندا من بڕووخێنن و ئاستەنگی زۆریان بۆ دروستكردم.
* لە كام پارچەی كوردستان ئافرەتان زیاتر پەرەیان بە كارەكانی خۆیان داوە؟
- من پێموایە ئافرەتانی باكووری كوردستان توانیویانە بەشێوەیەكی نوێ رۆڵی زیاتریان هەبێت لە بواری هونەریدا، چونكە لەو پارچەیەی كوردستان خانەوادە ئامادەیە هاوكاری كچان بكات لە بواری هونەری بەمەش بواری زیاتریان بۆ دەڕخسێت، هەروەها نزیكییان لە ئەوروپاش كاریگەرییەكی ئەرێنیی هەیە بۆ پێشخستنی فكری هونەرییان، بەڵام نابێ رۆڵی ئافرەتان لە پارچەكانی دیكەش نادیدە بگیرێت.
* ئاستی شانۆی كوردی چۆن دەبینی؟
- شانۆی كوردی ئاسۆیەكی گەشی هەیە و رۆژ بە رۆژ باشتر دەبێت، هونەر خاوەن زمانێكی نەتەوەییە ئێمەش وەك هەموو گەلانی دنیا دەتوانین پێش بكەوین و شان بە شانی میللەتانی دیكە كاری هونەری ئەنجام بدەین، هیوادارین ئەو دەرفەتانەی بۆ ئەوان رەخساوە بۆ ئێمەش بڕەخسێت، چونكە ئێمەش خاوەن بیر و كەلتوورێكی دەوڵەمەندین.
* ئەو كارانەی پێشكەشیان دەكەن زیاتر داستانی كوردین یاخود بە زمانی فارسیش كاری هونەریتان هەیە؟
- كارەكانمان زیاتر كوردین، بەڵام كاری فارسیشمان هەیە، نووسەرەكانمان پسپۆرن لە نووسینی دەقەكاندا بۆیە هیچ جیاوازییەك نییە،چونكە ئێمە تەنیا كار دەكەین بۆ پێشخستنی شانۆی كوردی بەتایبەتی داستانەكانی وەك دەروێشێ عەبدی، خەج و سیامەند و بوكا بارانێ كە ئەمانە هەموویانمان لە گرووپەكەی خۆمانداپێشكەش كردووە و بەردەوامیش دەبین لە كارەكانمان.
* ئێوە وەك گرووپێكی رۆژهەڵاتی كوردستان بەشداریتان كرد لە چوارەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی هەولێر، تێبینییەكانت لەسەر فیستیڤاڵەكە چی بوون؟
- دەستەی بەڕێوەبردنی فیستیڤاڵەكە ئەركێكی زۆریان كێشا و زۆریش ماندوو بوون، خەڵكی هەولێریش میواندۆستی خۆیان سەلماندەوە بۆ ئێمە، سەبارەت بە نمایشەكانی وڵاتانی تر زۆر باش بوون و من خۆم زۆر شتی نوێیان لێ فێر بووم، تەنیا یەك رەخنەم لە فیستیڤاڵەكە هەیە ئەویش لە شوێنی نمایشەكەی ئێمەیە كە وەك پێویست نەبوو، چونكە فیستیڤاڵێكی نێودەوڵەتی گرنگە و پێویست بوو شوێنی نمایشەكان گەورە و خاوێنتر بوایە، پێویستە لە ساڵی داهاتوودا هۆڵی گەورەتر تەرخان بكرێت كە شایەنی فیستیڤاڵێكی نێودەوڵەتی لەو شێوەیە بێت.
* تۆ بە شێوەی ئەكادیمی هونەرت خوێندووە یاخود تەنیا وەك حەز و ئارەزووە؟
- نەخێر من كۆلێژ یان پەیمانگای هونەریم نەخوێندووە، بەڵام هەر لە منداڵییەوە هزری كاری هونەری لە ناخمدا هەبووە، هەموو هەوڵێكیش دەدەم كە لە بواری هونەریدا كاری گەورە پێشكەش بكەم، چونكە من دژی كۆمەڵگه وەستامەوە كە دژایەتی ئافرەتیان كردووە لە كاری هونەریدا، دەبێ كارێكی گەورە بكەم كە شایەنی ئەوە بێت شانازیی پێوە بكەم، چونكە من بڕوام بەوە هەیە مرۆڤ بە هەوڵدان بەو ئامانجە دەگات كە هەوڵی بۆ دەدات و هیچ ئاستەنگێك ناتوانێت ببێتە بەربەست لەبەردەمی بۆ گەیشتن بە خەونەكانی، من لە خەوی شەوانم بێبەش بووم تاكو بتوانم رۆڵەكانم بە باشترین شێوە پێشكەش بكەم.
* هەستت چییە وەك تاكە كچێك لە گروپەكەت رۆڵێكی زۆر جوانت پێشكەش كرد كە مایەی رەزامەندیی جەماوەر بوو؟
- زۆر سوپاسی جەماوەری ئامادە بوو دەكەم و رەزامەندیی ئەوان مایەی شانازییە بۆ من، رۆڵەكەم تایبەت و تا راددەیەكی زۆریش زەحمەت بوو، بەڵام مامۆستا رەسول بەنگین كە دەرهێنەر و نووسەر و ئەكتەرە لە هەمان كاتدا هاوكارییەكی زۆری كردم، هەروەها تەواوی ئەندامانی گرووپیش هاوكارم بوون و توانیمان بە هەموومان كارێكی رەسەنی كوردی پێشكەش بكەین.