حەسنا مەتەر گۆرانییەكی بە كوردی ئامادەیە.

حەسنا مەتەر گۆرانییەكی بە كوردی ئامادەیە.
دوای ئەنجامدانی چەند چالاكییەكی هونەری لە بەیرووت و دوبەی، خانمە هونەرمەندی لوبنانی حەسنا مەتەر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی تیشكی خستەسەر نوێترین پرۆژەی هونەریی خۆی.
هونەرمەند حەسنا مەتەر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە شاری هەولێر، نوێترین گۆرانی خۆی بە ناوی (بەدەوی) بە رۆژنامەنووسان ناساند كە لە چەندین شوێنی كەلتووری لە وڵاتی لوبنان و دوبەی وێنەی گرتبوو، كە ئاوازو هۆنراوەی رەواد سەعب، دەرهێنانی رامی حەدادە، بەم زووانەش لە زۆربەی كەناڵە ئاسمانییەكان بڵاودەبێتەوە.
دواتر هونەرمەند حەسنا مەتەر نامەی وەفاو خۆشەویستی لە گەلی لوبنانەوە پێشكەشی گەلی كوردستانی كردو گوتی: هەر چەند گرفت و كێشە بەرۆكی هەردوو گەلی كوردستان و لوبنان بگرێت، بەڵام ئەو دوو گەلە سەلماندیان كرد كە هیچ كاتێك چۆك بۆ نەهامەتییەكان دانادەن و دەیانەوێ بە ئاشتی و خۆشەویستی بژین.
سەبارەت بە نوێترین كاری هونەری خۆی، مەتەر گوتی: لە ئێستادا دوو گۆرانیم ئامادەیە بۆ كلیپ، یەكێكیان گۆرانییەكە بۆ كوردستان بە ناوی (عیدك مبارك یا كوردستان) بە هەردوو زمانی كوردی و عەرەبییە، ئاوازی ئەم گۆرانییە هونەرمەند هەڵكەوت زاهیر دایناوە و هۆنراوەكەشی هونەرمەندی بەناوبانگ كەریم عێراقی نووسیویەتی. گوتیشی: هیوادارم لە ساڵی داهاتوو بتوانم كاری وێنەگرتنی بۆ بكەین.
خانمە هونەرمەند مەتەر كە بە بالوێزی هونەری كوردی لوبنانی دەناسێنرێت، چەند هپواڵی پێگە كۆمەڵایەتییەكانی عەرەبی رەت كردەوە كە باسیان لەوە كردبوو بەهۆی بارودۆخی ئەمڕۆ هەولێری جێهێشتبوو، دووپاتی كردەوە، كە ئەو بڕیاری داوە لەكاتی خۆشی و ناخۆشی لە شاری هەولێر نیشتەجێ بێت، بەڵام بە هۆی كارو چالاكی هونەریی خۆی، هەندێك جار ناچارە گەشت بكات، بەڵام دواتر بۆ كوردستان دەگەڕێتەوە.
Top