خەون و ئاواتی هونەرمەندان لە ساڵی نوێ.
ئەكتەری رۆژهەڵاتی كوردستان:
هیوادارم ئێمەی هۆنەرمەندان هیوا بۆ گەلەكەمان بگەڕێنینەوە
وەكۆ هۆنەرمەندێك هیوادارم لە ساڵی داهاتوودا خەم لە نەتەوەكەم بڕەوێتەوەو هونەر جێگای خۆی لە ژیانی تاكەكانی كۆمەڵگەكەمان بكاتەوە. كۆمەڵگەی ئێمە بە كاتێكی هەستیاردا تێدەپەڕێت و ئێمەی هۆنەرمەندان لەسەرمانە هیوا بۆ گەلەكەمان بگەڕێنینەوە، دۆخی كۆمەڵگەی ئێمە وەكۆ دۆخی كەشتییەكەی تایتانیكی لێ هاتووە و دەبێت وەكۆ هۆنەرمەندەكانی ناو ئەو كەشتییە ئێمەش رۆڵی خۆمان بگێڕین، بە هیوای ژیانی باشترم بۆ گەلەكەم لە ساڵی داهاتوودا.
هونەرمەند قادر ئەسعەد: بەكۆمەڵێك بەرهەمی جوان دەگەڕێمەوە
ساڵی نوێ وەرزێكی تازە بۆ كارە هونەرییەكانم تەرخان دەكەم، پاش ئەوەی كە ماوەیەكی درێژ بوو لە كارە هونەریەكانم دابڕا بووم، ئەوەش وەك دەزانن هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ شەڕی نەگریسی دژ بە كوردستان و مرۆڤایەتی بۆیە كارەكانی خۆم وەستاند، بەڵام مژدە دەدەم بە هەوادارانم بە كۆمەڵێك بەرهەمی جوان كە شایستەی ئەوان بێت، بێمەوە خزمەتیان و بە گوڕو تینی زۆر لە جاران باشتر بەردەوام بم.
سڵاوم بۆ گشت خانەوادەی شەهیدان هەیە و ئومێد دەخوازم شەڕ و نەهامەتییەكان جارێكیتر یاخەی نیشتمانەكەم نەگرێت و هاووڵاتیانم پشوویەك لە باوەشی نیشتمانێكی ئارام بدەن، چاوی ئێوەش ماچ دەكەم، كوردستان هەر ئاوەدان و سەركەش بێت.
بەهار حەسكۆ كچە گۆرانیبێژی رۆژئاوای كوردستان:
پێویستە میللەتی كورد لە خەبات و بەرخودان پێشەنگی مرۆڤایەتی بێت
لە رۆژهەڵاتی دنیاوە بۆ رۆژئاوای پیرۆزبایی لە مرۆڤایەتی بە گشتی و گەلی كوردی خۆشەویست بەتایبەتی دەكەم بەبۆنەی هاتنی ساڵی نوێوە، هەموو ساڵێك ئێوە لە خۆشی بژین و پێشەنگی مرۆڤایەتی بین لە خەبات و بەرخۆدان و دڵسۆزیمان بۆ كێشە رەواكەمان و لە پێناو بەدەستهێنانی مافە زەوتكراوەكانمان.
لە یەزدانی مەزن و دلۆڤان داواكارم كە هەمیشە لە ئاشتی و ئارامی و سەربەخۆییدا بژین و هەموو مافەكانمان بە دەست بهێنین و تام لەو ئازادییە بكەین كە كاوەی ئاسنگەر پێی بەخشین لە دێرزەمانەوە، كە خۆڕاگر و قارەمان بوو لە رووبەڕووبوونەوەی خوێنمژان، هیوادارم ساڵی نوێ ساڵی خێر و خۆشی و ئاشتی و خۆشەویستی بێت بۆ هەموو كوردێك لە هەر پارچەیەكی كوردستان و هەر شوێنێكی ئەم زەمینە بژیت.
خانمە هونەرمەند مەروا محەمەد: هیوادارم لە هەموو نەهامەتی و كارەسات و ناخۆشییەك دوور بین
ساڵی رابردوو كۆتایی هات و ساڵی نوێش وا بەڕێوەیە، وەك هونەرمەندێك هیوادارم لە ساڵی تازەدا تەواوی گەلی كوردستان و كوردانی هەموو جیهان دووربین لە هەموو نەهامەتی و كارەسات و ناخۆشییەك و وڵاتمان ئارام و ئاوەدان بێت و لەم دۆخە ناجێگیرە كە هەموو لایەكی نیگەران كردووە، رزگارمان بێت و ئارامییەكی سەرتاسەری باڵ بەسەر وڵاتدا بكێشێت و لە جیاتی ناخۆشی و نائارامی خۆشی ببێتە میوانی هەموو ماڵێك لە كوردستان، گەلی كوردستان ماندووبوونی و ناڕەحەتی زۆری بینیوە، بۆیە هیوادارم بەختەوەر بن و گشت ئاواتەكانمان بێتە دی و لە خۆشی و كامەرانیدا بژین.
هونەرمەندی بە ئەزموون برادەر:
سەركەوتنی ریفراندۆمی
كوردستان دەستكەوتێكی مێژوویی بوو
ئێمەی كورد گەیشتینە كۆتایی ساڵێكی تەژی لە خەبات و كار و بەرهەم، سەركەوتنی هەرە گەورە ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان بوو كە مۆری خوی لە سیاسەتی رۆژهەڵاتی و ناوەڕاست دا، چونكە هەرچۆنێك بێت ئەنجامەكانی ریفراندۆم وەك تاپۆیەكی مێژووییە لە دەستی ئێمەدا، بەڵام سەد مخابن وڵاتانی دەوروبەر پیلانی دوژمنكارانەیان دانا بۆ پەكخستنی ئەنجامەكانی ریفراندۆم كە ئەمەش تا راددەیەك كاریگەری هەبوو.
پێویستە لەسەر هەموو كوردێك لە ساڵی 2018 دا كە لە دەوری سەركەوتنی پرۆسەی ریفراندۆم كۆ ببنەوە و وانەیەك لە رووداوەكانی 2017 وەربگرین، چ لە بواری یەكریزی ناوخۆ یان لە بواری خەباتی سیاسی و دبلۆماسیی نێودەوڵەتی، پێویستە خەباتێكی بێ وچان بكەین و بە هەموومان رێگای سەربەخۆیی دابنێین.
ساڵی 2018 لە گەلی كوردستان پیرۆز بێت و با ساڵی یەكگرتن و یەكریزی نێوان كورد بێت.
خانمە هونەرمەندی رۆژئاوای كوردستان ئالین:
هیوادارم 2018 ساڵی بە دیهێنانی ئاواتە مێژینەكانمان بێت
بەر لە هەر شتێك لە ساڵی نوێدا پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی میللەتی كورد بە تایبەتی خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان دەكەم لە هەر چوار پارچەی كوردستان و سەرتاسەری جیهان، هیوادارم ئەم ساڵە ئارامی و ئاشتی لە كوردستان بەرقەرار بێت و میللەتی ئێمەش وەكو هەموو گەلانی دنیا بە مافە رەواكانی خۆی شاد بێت، و ساڵی پتەو كردنی ریزەكانمان بێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی دوژمن و ناحەزان.
میللەتی كورد هیچی لە نەتەوە و میللەتانی دیكەی جیهان كەمتر نییە و لە مێژووی مرۆڤایەتی رۆڵی گەورەی هەبوو، هیوادارم كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە گرنگییەوە لەو رۆڵەی میللەتی كورد بڕوانن و لەبەر چاویان بێت، نزیكترین بەڵگەش شەڕی تیرۆریستان بوو كە میللەتەكەمان لە بری هەموو دنیا رووبەڕوویان بۆوە تا ئەو كاتەی مەترسییەكانی لەسەر جیهان نەما و لەو پێناوەدا قوربانیی زۆری دا، هیوادارم ساڵی نوێ ساڵی بە دیهێنانی خەون و ئاواتە مێژینەكانمان بێت.