دالیا ئەلكوری : پێویستە دەرگاكانی كوردستان زیاتر بۆ سینەماكارانی بیانی بكرێنەوە .

دالیا ئەلكوری : پێویستە دەرگاكانی كوردستان زیاتر بۆ سینەماكارانی بیانی بكرێنەوە .
دالیا ئەلكوری دەرهێنەری فیلمە دیكیۆمنتارییەكان بە رەچەڵەك فەلەستینییە و خاوەنی رەگەزنامەی ئوردنییە، نیشتەجێی وڵاتی نەرویجە، فیلمەكانی بابەتی مرۆیی دەخەنەڕوو و لە چەندین كەناڵی جیهانی نمایش دەكرێن و چەندین خەڵاتی جیهانی بەدەستهێناوە، لە ساڵی 2014 فیلمێكی بە ناوی (پێشمەرگە جارێكی تر) بەرهەمهێنا و لە كەناڵی ئەلعەرەبییە نمایش كرا. بەم شێوەیە وەڵامی چەند پرسیارێكی گوڵانی دایەوە.
* ئایا سینەمای مقاوەمە هەیە وەك چۆن ئەدەبی بەرگری هەیە، ئەگەر هەیە، بەچی جیا دەكرێتەوە و پەیامەكەی چییە؟
- سینەمای دیكیۆمنتاری بەتایبەتی لە وڵاتانی عەرەبی بە سینەمای بەرگری دادەنرێت، ئەمەش لەبەر ئەوەیە كە لە وڵاتەكانمان هەموو شتەكان بە سیاسی كراون، هەر شوێنێكت بوێ كە تیشكی بخەیە سەرو كامیراكەت دابنێی دەتوانی چیرۆكێكی مرۆیی ببینیت وا لە مرۆڤ دەكات كە بەرگری كردنی ئەو واقعە ناخۆشەی كە ئێستا وڵاتانی عەرەبی پێیدا تێپەڕ دەبن زەرورەتێكە و پێویستە پەلەی لێ بكرێت، بەڵام سینەما خۆی وجودی هەیە و ئەركی سینەما نییە مقاوەمە و چارەسەر كردنی كێشەكانمان نییە، چونكە مقاومە ئەركی سینەما قورستر دەكات و ئەگەر بە شێوەیەكی درووست بەرهەم نەهێنرێت ئەوا سینەما دەبێتە ئامرازێك بۆ پروپاگەندە وەك ئەوەی لە یەكێتی سۆڤیەتی پێشوو روویدا. من لە هەموو كارەكانمدا كامیرا ئامرازێك بووە بۆ تێگەیشتن لە واقعی دەوروبەرم بە شێوازێكی قوڵتر و راستگۆیانەتر و لە رێگای وێنەگرتنی ئەو كێشانەی كە كاریگەرییان لەسەر من هەیە و شارەزاییم لێان هەیە بە هۆی چەند كەسایەتییەكی بەهێز و ئیلهام بەخش.
* چۆن سینەما لە وڵاتانی هاوشێوەی كوردستان و فەلەستین پەیامەكەی بە راستی بە جیهان دەگەیەنێت؟
- پێویستە ئەو دەرهێنەرانەی كە گرنگی بە جەماوەری جیهانی دەدەن، ئەوە بزانن كە جیهان و بینەر پێویستیان بە كێشەیەكە كە وەك خۆی بێت بۆ ئەوەی كاریگەرییەكی تەواوی لەسەر هەبێت، واتە هەڵبژاردنی پاڵنەرە كەسییەكانی ئەكتەر و كەسایەتییەكان لەلایەن نووسەر یان دەرهێنەرەوە پێویستە روون و ئاشكرا بێت لەلایەن بینەرەوە، بۆ ئەوەی بە ئاسانی لێیان تێبگات. بۆ نموونە كەسێكی نەرویجی ناتوانێت گرفتەكانی عێراق وەربگرێت و تێی بگات، بەڵام ئەگەر كەسایەتیی سەرەكی كارەكە (دایك) بێت و پاڵنەرەكەشی بریتی بێت لە پاراستنی منداڵەكەی لە جەنگ و فۆكس زیاتر بخرێتە سەر ئەو كێشە مرۆییە نەك بەرمیل باروت و تەقەمەنی، ئەوا بە ئاسانی دەتوانین بگەینە ئاستی سینەمای جیهانی.
* بۆ كارەكانت زیاتر پشتت بە چی بەستووە؟
- هەر لە سەرەتاكانی كاری هونەریمدا هەوڵمداوە لە مرۆڤ بگەم بە هۆی كێشەی شوناسەوە، ئەگەر ئەم كێشەیە پەیوەندیی بە زمان، ئایین یان بە جۆراوجۆریی ئارەزووەكانمەوە هەبێت، زۆر چیرۆك و گرفتمان هەیە كە شایەنی ئەوەن بخرێنە روو، بەڵام لە ناخی ئێمەدا پەنگیان خواردۆتەوە بە بیانووی حەلال و حەرام. من لە چەندین وڵاتی جیاجیادا ژیاوم بۆیە هەست دەكەم كە جیهانی نوێ شوناسی ئاوێتە درووست دەكات و چەند پرسیارێك دەوروژێنێت دەربارەی (ئێمە كێین) و بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە پێویستە بچینە نێو مێژووە و تابۆكان دابونەریت بشكێنین، هەر فیلمێكم بەرهەم هێنا بێت یارمەتیی داوم بۆ ئەوەی زیاتر لە خودی خۆم بگەم و ئاسوودە بم لەگەڵ شوناس و كیانی بەرفراوان و نوێ بۆوەی خۆم بێ ئەوەی ئەسڵ و شوناسی خۆیم لە بیر بكەم كە هەمیشە شانازیی پێوە دەكەم ئەویش (فەلەستینی شۆڕشگێڕییە، كە تەنیا گوزارشت لە دەوڵەتێك یان نەژادێك ناكات بەڵكو مەفهومێكی فراوانترە ئەویش بریتییە لە ماف و بەرگری كردن لە ماف.
* ئەو رەخنانە چین كە لە سینەمای كوردی و فەلەستینی دەگیرێن؟
- بایەخدان بە كێشەی فەلەستین لە سینەمادا زۆر پێشكەوتووە، لە وۆركشۆپێكدا بەشداریم كرد كە نزیكەی (20) سینەماكاری جیهانی بەشدار بوون تێیدا، لەوانە (15)یان باسی فەلەستینیان كرد بوو یان فیلمەكانیان لە فەلەستین بەرهەمهێنا بوو، ئایا ئەمە بە رێكەوت بووە؟ من هیچ لەو دەرهێنەرانە ناناسم، بەڵام زۆریی ئەو دەرهێنەرانەی دەیانەوێ تیشك بخەنە سەر فەلەستین مایەی سەرسوڕمانە، ئەنجامەكانیش هەمیشە دڵخۆشكەرن، وابزانم سینەمای كوردیش پێشتر ئەم گرنگییە زۆرەی پێدراوە، لەلایەن بەرهەمهێنەرانی سینەمای دەرەوە.
بۆ نموونە ساڵی 2014 لە هەرێمی كوردستان دەژیام فیلمێكی دیكیۆمنتاریم بەرهەمهێنا بە ناوی (پێشمەرگە جارێكی تر – البیشمركة مرة اخری) كە تیشك دەخاتە سەر (سێ) پێشمەرگەی كۆن كە عەرەب شیوعی بوون، بەڵام ئەگەر من لە كوردستان نەژیابام ئەو بابەتە سەرنجی رانەدەكێشام، بۆیە دەڵێم هەرچەند دەرگاكانی كوردستان بكرێنەوە بۆ هونەر و سینەماكاران زیاتر سینەمای كوردی سەرنجی جیهان رادەكێشێت.
* ئەو ئاستەنگانە چین كە رووبەڕووت دەبنەوە؟
- گەورەترین گرفت بۆ دەرهێنەر لەوانەیە گرنگترین دەرفەت بێت، (ئارامگرتن) و چاوەڕوانی بۆ كۆكردنەوەی پارەی پێویستە بۆ كۆتایی هێنان بە فیلمە، لەوانەیە فیلمێكی دیكیۆمنتاری چەند ساڵێكی پێویست بێت، بەڵام ئەم پرۆسە درێژخایەنە دەرهێنەر تاقی دەكاتەوە و جەخت دەكاتەوە لەسەر گرنگی كۆتایی هێنان بە پرۆژەكە، فیلم پێویستی بە ئاگرێكی هێمنە بۆ ئەوەی بیرۆكەكان بە شێوەیەكی قوڵ بخەیتەڕوو، بەڵام بە شێوەیەكی گشتی كارێكی زەحمەتە.
Top