گەزیزە گەردی:لە کوردستان ئاوڕ لە بەهرەی هونەری نادرێتەوە بۆیە لە ناخدا دەمرێ.

گەزیزە گەردی:لە کوردستان ئاوڕ لە بەهرەی هونەری نادرێتەوە بۆیە لە ناخدا دەمرێ.
گەزیزە گەردی ئەو خانمە گۆرانیبێژە، کە خەڵکی پارێزگای ھەولێرە و دانیشتووی ئەوروپایە لە سەرەتای کاروانی هونەریدایە و بەم دواییە بەرهەمێکی هونەری بەناوی (تاسە) بڵاوکردەوە، لە دەرفەتێکدا چەند پرسیارێکمان ئاراستەی خاتوو گەزیزە گەردی کرد ئەویش بەم شێوەیە وەڵامی داینەوە

* خانەوادە چ رۆڵێکی هەیە لە پێگەیاندنی هونەرمەند؟
- خانەوادە وەک ئەو شوێنەی کە مرۆڤ چاوی تێدا بە دنیا هەڵدێنێ کاریگەری و رۆڵی بەرچاوی هەیە لە گەشەی تاک لە هەموو روویەکەوە. هەر خانەوادەیە بە پشتگیری و هاندانی دەتوانێ مرۆڤێکی سەرکەوتوو لە هەر پیشەیەکدا پێشکەشی کۆمەڵگا بکات، بە پێچەوانەشەوە هەر کەمتەرخەمی و پشتگوێخستنی خانەوادەیە دەبێتە هۆی رووخاندنی حەز و ئیرادە لە کەسێکدا کە وەک مرۆڤێکی لاوازو دڵشکاو لە ژیان دەرکەوێ.
* لە خانەوادەکەی بەڕێزتان کەس هونەرمەند بووە کەهانت بدات بێیتە نێو بواری هونەر یان خۆت ئارەزووت هەبوو؟
- من لە بنەماڵەیەکی هونەری چاو و گوێم کراوەتەوە ئەمە بۆ خۆی رۆڵی بینیوە لە خولیاو حەزی من بۆ چوونە ناو دنیای موزیک و گۆرانی. هەر لە رێگەی چالاکی و جموجۆڵی هونەری ئەوانیش بوو کە گوێچکەم بە ریتم ومەقام و میلۆدییە کوردییەکان ئاشنا بوو. لەو نێوەدا دەتوانم ئاماژە بە رۆڵی مامی خۆشەویستم سمکۆ گەردی و دوو ئامۆزاکەم هێدی و هێمن گەردی بکەم کە هەر لە سەرەتای کارکردنم تا بڵاوبوونەوەی موزیک ڤیدیۆی تاسە پشتیوان و پاڵپشتی سەرەکیم بوون.
* کاری هونەری لەکوردستان و هاندەران چ جیاوازییەکی هەیە بۆ تۆ وەک کچە هونەرمەندێک؟
- ئەگەر باس لە بەراوردی کاری هونەری خۆم وەک ژنێک لە نێوان ئەوروپا و کوردستان بکەم بێ شک جیاوازی زۆر دەبینی. تەنها لە رووی کەلتوری ئازادی و مافەوە بیگری تا ئەوەی بە دوای حەزێکی کەسی خۆتەوە بێ کە ئارەزووتەو دەتەوێ لە رێگەیەوە بوونی خۆت بسەلمێنی و خزمەتێکی پێ بکەی قابیلی بەراود کردن نییە لەگەڵ کوردستان. لێرە ئەگەر بەهرەت هەبوو دەیان رێگەت لە بەردەمە بۆ پەرەپێدانی، بەڵام هەر ئەو بەهرەیە لە لای خۆمان هیچ هان نادرێ بەڵکو ئاوڕی لێ نادرێتەوە و لە ناخدا دەمرێ.
* گۆرانی وتن بە زمانی بیانی چ سوودێک بە هونەری کوردی دەگەیەنێت؟
- بە ئاوڕدانەوە لە رابردوو گۆرانی گوتن بە زمانێکی جیاواز لە زمانی دایک هیچی نەچۆتە خانەی موزیکی کوردی و هەمووی لە بەرژەوەندی موزیکی نەتەوەیەکی تر تۆمار کراوە، نموونەی بەرچاویش ئیبراهیم تاتلیساسە لە تورکیاو شەهرام نازری لە ئێرانە. ئەوانە ماوەیەکی زۆر بە تورکی و فارسی گۆرانیان چڕی، بەڵام هیچی نەچووە خانەی موزیکی کوردی.
* پێش ئێستا تێکست زۆ کەم بوو کە تێیدا کچ بۆ کوڕ گۆرانی بڵێ، بەڵام ئێستا ئەو رێچکەیە شکێندراوە، تۆ تا چەند ئامادەی گۆرانی بۆ کوڕ بڵێی؟
- کاتێک ئێمە قسە لە هەست و ئیحساسی ژنێک دەکەین لە گۆرانی دا دەبێ ئەو تێکستەی هەڵیدەبژێرین بۆ کارێکی هونەری ئەوا هەستی پەنگ خواردووی ژنێک بێت بۆ رەگەزی بەرامبەر کە پیاوە، نەک وەک رابردوو بە هۆی نەبوونی مەجال و بواری شیاو بۆ ژنان ئێمە ناچار بین لە تێکست و هەستی پیاوان کەڵک وەرگرین کە بۆ رەگەزی مێ گوتراوە. من بە خۆشحاڵییەوە تێکستەکانم هەمووی هەستی ژنێکن کە دەربڕین لە خۆشەویستی وعەشق دەکەن لە ژیان کە پیاویش پێکهێنەری بەشێکیەتی.
* تا چەند سوودت لە گۆرانییە کۆن و فۆلکلۆرییەکان وەرگرتووە لە کارەکانتدا؟
- گۆرانییە کۆن و فۆلکلۆرییەکان بناغەن بۆ هەموو ئەو کارانەی لە رۆژگاری ئەمڕۆدا بوونیان هەیە و لە داهاتووش دا رۆڵ و کاریگەریان بە سەرمانەوە دەبێ . هەر کەسێک کە لە سەرەتاوە دێتە ناو بواری هونەری کوردی سوودمەندە لەو میلۆدییە فۆلکلۆریانە بۆ فێربوونی مەقام و ریتمە جیاوازەکان، بۆ منیش جودا لەوە سەرچاوەش بوون بۆ دووبارە کار لە سەرکردن و گوتنەویان بە شێوازێکی نوێ، موزیک تراکی رەهاش کە بەو زووانە بە نیازم کلیپی بکەم یەکێکە لە کارە کۆنەکان کە بە شێوازێکی نوێ گوتومەتەوە.
* هونەرمەندە لاوەکان چۆن دەتوانن سوود لە ئەزموونی هونەرمەندانی پێش خۆیان وەربگرن؟
- لەم رۆژگارەدا ئەوەی لە هونەرمەندە رەسەنەکانی کورد وەک ئەرشیف بە جێماوە، بۆتە قوتابخانەو رێچکەیەکی باش بۆ نەوەی نوێ کە لە کارەکانی خۆیان رەنگی بداتەوە و بە شێوازێکی دروست کەڵکی لێ وەرگرن هەر ئەمە خۆی دەبێتە گەنجینەیەکی باش بۆ پاراستنی ناسنامەو شوناسی موزیکی کوردی.
* گۆرانییەکانت تا چەند رەنگدانەوەی ناخی خۆتن؟
- ئەو تێکستانەی کە بۆ گۆرانییەکانم هەڵیدەبژێرم بە پلەی یەکەم دەبێ خۆمی تێدا ببینمەوە کاریگەرییان هەبێ لە سەر ناخ و هەستی من و گەرنا ناتوانن سنوورو مەرز تێپەڕێنن و کاریگەر بن لەسەر دەوروبەر. بێشک هەموو ئەو تێکستانەی لە گۆرانییەکانمدا بە کار هاتوون رەنگدانەوەی واقعی ژیانی منن و پەیامێکن بۆ دەوروبەر.
* نوێترین کاری هونەریت چییە؟
- نوێترین کارم لە ساڵی داهاتوو کلیپ کردنی دووەم موزیک تراکی ئەلبومی دیدارە بە ناوی رەها کە میلۆدییەکە کۆنەو تێکست و موزیکەکەی هی مامم سمکۆ گەردی یە و کاری دابەشکاری موزیکەش لەلایەن ئامۆزای خۆشەویستم هێدی گەردی ئەنجامدراوە و کاری وێنە گرتن و دەرهێنانەکەش لە لایەن ئامۆزای خۆشەویستم هێمن گەردیەوە دەکرێ.
Top