حه‌سنا مه‌ته‌ر: گۆرانییه‌كم به‌هه‌ردوو زمانی كوردی و عه‌ره‌بی بۆ كوردستان ئاماده‌یه‌

حه‌سنا مه‌ته‌ر: گۆرانییه‌كم به‌هه‌ردوو زمانی كوردی و عه‌ره‌بی بۆ كوردستان ئاماده‌یه‌
دوای ئه‌نجامدانی چه‌ند چالاكییه‌كی هونه‌ری له‌ به‌یرووت و دوبه‌ی، خانمه‌ هونه‌رمه‌ندی لوبنانی حه‌سنا مه‌ته‌ر له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی تیشكی خسته‌سه‌ر نوێترین پرۆژه‌ی هونه‌ری خۆی.
خاتوو هونه‌رمه‌ند حه‌سنا مه‌ته‌ر له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له‌ شاری هه‌ولێر، نوێترین گۆرانی خۆی به‌ناوی (به‌ده‌وی) به‌ رۆژنامه‌نووسان ناساند كه‌ له‌ چه‌ندین شوێنی كلتوری وڵاتی لوبنان و دوبه‌ی وێنه‌ی گرتبوو، كه‌ ئاوازو هۆنراوه‌ی ره‌واد سه‌عب، ده‌رهێنانی رامی حه‌داده‌، به‌مزووانه‌ش له‌زۆربه‌ی كه‌ناڵه‌ ئاسمانییه‌كان بڵاوده‌بێته‌وه‌.
دواتر هونه‌رمه‌ند حه‌سنا مه‌ته‌ر نامه‌ی وه‌فاو خۆشه‌ویستی له‌ گه‌لی لوبنانه‌وه‌ پێشكه‌شی گه‌لی كوردستانی كردو گوتی: هه‌ر چه‌ند گرفت و كێشه‌ به‌رۆكی هه‌ردوو گه‌لی كوردستان و لوبنان بگرێت، به‌ڵام ئه‌و دوو گه‌له‌ ئیسپاتیان كرد كه‌ قه‌ت چۆك به‌ نه‌هامه‌تییه‌كاندا ناده‌ن و هه‌رده‌م ده‌یانه‌وێ به‌ ئاشتی و خۆشه‌ویستی بژین.
سه‌باره‌ت به‌ نوێترین كاری هونه‌ری خۆی، مه‌ته‌ر گوتی: له‌ ئێستادا دوو گۆرانیم ئاماده‌یه‌ بۆ كلیپ، یه‌كێكیان گۆرانییه‌كه‌ بۆ كوردستان به‌ناوی (عیدك مبارك یا كوردستان) به‌هه‌ردوو زمانی كوردی و عه‌ره‌بییه‌، ئاوازی ئه‌م گۆرانییه‌ هونه‌رمه‌ند هه‌ڵكه‌وت زاهیر دایناوه‌ و هۆنراوه‌كه‌شی هونه‌رمه‌ندی به‌ناوبانگ كه‌ریم عیراقی نووسیویه‌تی، گوتیشی: هیوادارم له‌ ساڵی داهاتوو بتوانم كاری وێنه‌گرتنی بۆ بكه‌ین.
سه‌باره‌ت به‌ چالاكییه‌ هونه‌رییه‌كانی له‌ شاری دوبه‌ی، حه‌سنا مه‌ته‌ر گوتی: چه‌ندین ئاهه‌نگم بۆ ره‌وه‌ندی عیراقی و كوردی له‌ شاری دوبه‌ی سازكردو چه‌ند گۆرانییه‌كم چڕی كه‌ ئه‌ویش بووه‌ جێی ره‌زامه‌ندی ئاماده‌بووان.
خانمه‌ هونه‌رمه‌ند مه‌ته‌ر كه‌ به‌ بالوێزی هونه‌ری كوردی لوبنانی ده‌ناسێنرێت، چه‌ند هه‌واڵی پێگه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی عه‌ره‌بی ره‌ت كرده‌وه‌ كه‌ باسیان له‌وه‌ كردبوو به‌هۆی بارودۆخی ئه‌مرۆ هه‌ولێری جێهێشتبوو، دووپاتی كرده‌وه‌، كه‌ ئه‌و بریاریداوه‌ له‌كاتی خۆشی و ناخۆشی له‌ شاری هه‌ولێر نیشته‌جێ بێت، به‌ڵام به‌هۆی كارو چالاكی هونه‌ری خۆی، هه‌ندێك جار ناچاره‌ گه‌شت بكات، به‌ڵام دواتر ده‌گه‌ڕیته‌وه‌ كوردستان.
له‌ كۆتایی كۆنگره‌كه‌دا، مه‌ته‌ر (CD) گۆرانییه‌ نوێیه‌كه‌ی به‌ واژۆی خۆی پێشكه‌شی ئاماده‌بووان كردو هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ خواستن.
Top