ڕەنگ , شاڕەگــەزی شێوەكاری .

ڕەنگ , شاڕەگــەزی شێوەكاری .
هێڵ و رەنگ، دوو رەگەزی هەرە بنچینەیین لە هونەری شێوەكاریدا. گرنگیی ئەو دوو رەگەزەش لە هونەری نیگاردا زیاتر خۆ دەنوێنێ. ئەمەش لە بەهای كاریگەریی ئەوان لە چەشنەكانی دیكەی شێوەكاری (پەیكەر، سیرامیك، گۆزەگەری، گرافیك، دیواربەند، ئەنستلیوشن) كەم ناكاتەوە.
هێڵ سنووری فیگەر و شێوە (فۆرم) دیاری دەكات، رەنگ سیما و رواڵەتی پێ دەدات. رەنگ ئەگەرچی وەك راستییەكی فیزیك خۆی دەنوێنێ، بەڵام هێندە وابەستەی بوون و دەركەوتنی شتانە، ناكرێ مرۆڤ وێنای شتێك بكات دوور لە رەنگەكەی. بەم جۆرە رەنگ بەشێكە لە بوونی هەر شتێك، لێی جیا نابێتەوە.
لە هونەری شێوەكاریدا، دە جۆرە رەنگمان هەیە:
یەك: رەنگی فریسكۆ: فریسكۆ بە زمانی ئیتالی واتە (تازە). كاتی خۆی لە سەر گەچی تەڕ بەر لەوەی وشك بێتەوە، بە رەنگی مەیلە ئاوڕەنگ نیگار كێشراوە. رەنگی فریسكۆ كاڵە، چونكە گەچەكە تەڕە، رەنگەكە هەڵدەمژێ.
دوو: رەنگی تیمپرا: ئۆكسیدی سروشت تێكەڵ بە تێكەڵەی ئۆرگانی (گازۆلین و هێلكە و شتی دی) دەكرێت. بەر لەوەی سەدەی پازدەم رۆن رەنگ بدۆزرێتەوە، نیگار بە رەنگی تیمپرا لە سەر دیوار دورست دەكرا. ئەم رەنگە، ئەگەر باران و خۆر و بای لێ نەدات، روون و پاك و بریقەدار دەمێنێتەوە.
سێ: رۆن رەنگ: رەنگێكی زۆر باوە، خەستە و بە (نەوت، بانزین، ترپەنتین) شل دەكرێتەوە. لە نیگاركێشاندا نەرم و شل دێتە دەست.
چوار: ئاوڕەنگ: بە ئاو دەتوێندرێتەوە، بەكار هێنانی ئاسانە.
پێنج: ئەكریلیك: لە رووی خەسڵەت و تەكنیكی بەكار هێناندا بە رۆن رەنگ دەچێت، بەڵام بە ئاو شل دەكرێتەوە، زووش وشك دەبێتەوە.
شەش: دۆن رەنگ (پاستیل): گەچ رەنگە، ئاردی ئاكاسیا تێكەڵ بە چەوری و تەباشیر دەكرێت، لە شێوەی پێنووس دروست دەكرێت.
حەوت: قەڵەم رەنگ: بە ئاسانی بەكار دێت، لە هەمان كەرەستەی پاستیل دروست دەكرێت، بەڵام رەقترە.
هەشت: مەرەكەب رەنگ: مەرەكەبی رەشی چینی و رەنگاوڕەنگیش هەیە، لە هونەری خۆشنووسی و نەخشە و هێڵكاری و دیزانە ئەندازە، بەكار دێت.
نۆ: دیوار رەنگ: بریتییە لە (وارنیش، پەنتەلایت و پلاستیك بۆیاغ)، بۆ دیواری تەلار و خانوو، هەروەها دیكۆر و دیزاینی دەر و ناوی كۆشك و تەلار بەكار دێن.
دە: شووشە رەنگ: تۆز (ئارد)ێكی وردە، لە ئۆكسیدی كانزا ئامادە دەكرێت. دوای دروست كردنی گۆزە و سیرامیك، ئەو تۆزی شووشە رەنگە دەگیرێتەوە و لە گۆزە و سیرامیك دەدرێت، پاشان دەخرێتە نێو كوورەی ئاگرەوە تا رەنگ بگرێت.
رەنگ لە رووی دەروونەوە كار لە مرۆڤ دەكات. دەكرێ چالاكت بكات، ئارامی و ئۆقرەییت پێ ببەخشێت، یان گەرم و گوڕت بكات، یان بتورووژێنێت.
بایەخ دان بە رەنگ كارێكی دروستە، هەر كەسێك لە ماڵ یان لە شوێنی كار و ژیانی، حەز بە رەنگ و رێك خستنی بكات، دیارە كەسێكی چاك و رۆشنبیر و پاك و پوختە. لە خوێندنەوەی جۆری بەكار هێنانی رەنگدا، تۆ دەروونی ئەو كەسەت بۆ دەردەكەوێت و تێدەگەی تا چ ئەندازەیەك كەسێكی خاوەن هەست و زەوقی بەرزە. هەموو كەسێك رەنگی هەڵبژاردەی خۆی هەیە. هەیە لە رووی روانینی بۆ رەنگ كرج و كاڵە، هەشە لە ئاستێكی بەرزی خوێندنەوەی بەها و واتاكەی، هەڵسوكەوت لەگەڵ رەنگدا دەكات. هەر مرۆڤێك كۆمەڵێك رەنگ پەسند دەكات و حەزیشی بە هەندێك رەنگی دی نییە. هەڵبژاردن و پەسند كردنی رەنگ، پەیوەستە بە كۆمەڵێك فاكتەری (فیزیۆلۆژی، دەروونی، كۆمەڵایەتی، ئایینی، هێمایی، زەوق و سەلیقە)وە.
بە گوێرەی كاریگەریی فیزیۆلۆژیانەی رەنگ بە سەر مرۆڤەوە، دەبینی هەر رەنگە بە لای مرۆڤەوە واتایەكی دەروونیی هەیە. رەنگ هەیە شادە، ئارام بەخشە، ورووژێنەرە، خەمگینە، رەشبینە، ئازاربەخشە، ناڕەحەتی هێنە. هتد. داب و نەریت، بیر و بۆچوون، لە رووی هەڵبژاردن و پەسند كردنی رەنگەوە كاریگەرییان هەیە. رەش لە لای هەموو گەلان نیشانەی ماتەم نییە، سپیش بە لای هەموو گەلانەوە نیشانەی شادی و خۆشی و بێگەردی نییە. ژینگە و شوێنیش رۆڵی هەیە لە دیاری كردنی رەنگی پەسند بە لای خەڵكەكەوە.
هەر شارستانیەت و كولتوورێك بە جۆرێك لە واتا و بەهای رەنگی روانیوە. دەگوترێ رەنگ لە نیگاری ئایینی لە لای بیزانسەكان بەم شێوەیە لێكدانەوەی بۆ كراوە: رەنگی شین بۆ پۆشاكی پاكیزە نیشانەی پاكی و بێگەردی بووە، رەنگی سوور گوزارشت بووە لە سۆزی مرۆیی و دنیاخوازی، سەوز نیشانەی فەڕ و پیت و دایكایەتی بووە، رەنگی زێڕین كە كراوەتە پاشینە (باگراوند)ی تابلۆ، نیشانە بووە بۆ پیرۆزی و بەرزی و شكۆ.
لە نێو یەك ژینگەی شارستانی و جوگرافیدا، لە رووی روانین بۆ رەنگەوە جیاوازی لە نێوان كەسێكەوە بۆ كەسێكی دی دەبینین. رەنگ رواڵەتێكی واقیعیانەی هەیە، پەیوەستە بە میراتی كولتووریی تاكە كەسەوە، بە كۆمەڵێك ئەفسانە و بەهای شارستانییەوە وابەستەیە، كە بە گشتی كولتووری گەل بەرجەستە دەكەن، سەرەنجام دەبێتە هەڵگری بەهای جوان و ستاتیكی.
رەنگ رەهەند و رواڵەتێكە لە هەبوونی شتی بەر چاوی ئێمە. كاریگەرییەكی فیزیۆلۆژی (سروشتی)یە، لە رێی چاو (دیدە)وە مرۆڤ پەی پێ دەبات. هیچ شتێكی نێو ژیانی ئێمە لە رەنگ بەدەر نییە. رەنگ تا ئەو ئەندازەیە تێكەڵ بە هەبوونی شتانە، زۆر جار شت بە سایەی رەنگەكەیەوە ناو دەندرێت یان دەناسرێتەوە. مرۆڤ هەردەم رەنگی تێكەڵ بە بەهای ژیان، سەلیقە و حەزی جوانخوازانەی خۆی كردووە.
لە هونەری شێوەكاریدا رەنگ ئەلف و بێی گۆكردنە. هێڵ و رەنگ كە دوو توخمی هەرە سەرەكیی هونەری شێوەكارین، هەردووكیان وابەستە بە یەكدین. هونەرمەندی شێوەكار بە زمانی رەنگ ئاشنایە. بەر لەوەی رەنگ بەكار بهێنین، پێویستە بە زمانەكەی ئاشنا بین. ئەگەر هونەرمەندی شێوەكار لە زمانی رەنگ و بەكار هێنانیدا كارامە بوو، تابلۆ بۆ بینەری دێتە زمان.
Top