دیلان خۆشناو : حەزدەكەم منیش عاشق بم تاکو تێكست بۆ خۆشەویستی بنووسم .

دیلان خۆشناو : حەزدەكەم منیش عاشق بم تاکو تێكست بۆ خۆشەویستی بنووسم .
لە هەندەران زۆر لە كچ و كوڕانی كورد هەن كە خاوەن بەهرەی هونەرین و تواناكانی خۆیان دەرخستووە لە بوارە جیاجیاكان و توانیویانە جگە لە گۆرانیگوتن بە زمانی دایك، بە زمانەكانی دیكەش گۆرانی بڵێن و لە كۆڕو كۆبوونەوە هونەرییە جیهانییەكانیشدا سەركەوتوو بوون و خەڵاتی بەرزیشیان بەدەستهێناوە، بۆیە هەواداری زۆریشیان لەو وڵاتانەدا هەیە كە تێیدا پەروەردە بوون. دیلان خۆشناو كە لە خانەوادەیەكی هونەری پەروەردە بوو، یەكێكە لەو كچە كوردە سەركەوتووانەی كە لە ئەوروپا سەركەوتوو بووە لە بواری گۆرانی و موزیك، لە دەرفەتێكدا چەند پرسیارێكمان ئاراستەی كرد كە بەم شێوەیە وەڵامی داینەوە.

* خانەوادە چ رۆڵێکی هەیە لە پێگەیاندنی هونەرمەند؟
- من لە خانەوادەیەكی هونەری گەورە بوومە بێگومان ئەمەش ڕۆڵێكی زۆری هەیە، چونکە هەر بوونت لە نێو خێزانێکی هونەردۆست و هونەرمەند خۆی لە خۆیدا هاندانە.
* باوکت هونەرمەندێکی ناسراوە ئەو هانیدای بێیتە نێو بواری هونەر یان خۆت ئارەزووت هەبوو؟
- باوكم لەگەل ئەوەی هونەرمەندە، بەڵام بەداخەوە هاندەرم نەبووە بۆیە بە هۆی خۆشەیستی و حەزم بۆ هونەر خۆم هەوڵم داوە بچمە ناو هونەر.
* بەرنامەی زە ڤۆیس و ئەو سەرکەوتنەی بەدەستت هێنا چ کاریگەرییەکی بەسەر تۆوە هەبوو وەک کچە هونەرمەندێکی کورد؟
- بەرنامەی زە ڤۆیس هەناگاوێكی زۆری بۆم رەخساند وای لێ كردم هەنگاوی زیاتر بۆ پێشەوە بنێم من وەك كچە كوردێك یەكەم. جار بوو بە زمانی كوردی لە تەلەڤزیۆنی ئەڵمانی دەربكەوم و گۆرانی بڵێم. سەرەتا من ناوی خۆم نەنووسیبوو، ئیمێلێكم بۆ هات لەلایەن سەرپەرشتیارانی ئەو بەرنامەیە لە ئەڵمانیا و تێیدا منیان بانگهێشت كرد بۆ ئەوەی لەو بەرنامەیە بەشداری بكەم، خۆشبەختانە تاوەكو دووەم قۆناغ رۆیشتم، بەڵام ئەزموونێكی زۆر باشم لەو بەرنامەیە پەیدا كرد و زۆر شتی نوێی لێ فێربووم.
* گۆرانی وتن بە زمانی بیانی چ سوودێک بە هونەری کوردی دەگەیەنێت؟
- لەبەرئەوەی كەس هاندەرم نەبووە بۆ دروست كردنی گۆرانی كوردی و خۆم گۆرانیەكانم نوسیوە بۆیە زیاتر گۆرانی بیانی دەڵێم هەتا پێم بكرێت تێكەڵ بە گۆرانی كوردی دەكەم بۆ ئەوەی لەگەڵ خواست و ویستی نەوەی ئێستا بگونجێت، حەز دەكەم بەهەموو زمانێك گۆرانی بڵێم، لەگەڵ ئەوەشدا پێمخۆشە گۆرانییەكان بە شێوازی تایبەت بەخۆم بڵێمەوە نەوەك لاسایی هونەرمەندان بكەمەوە، گرنگ ئەوەیە گۆرانی و میلۆدییەكە خۆش بێت، من دەیڵێمەوە و لە سۆشیال میدیا بڵاوی دەكەمەوە.
* تا چەند ئامادەی گۆرانی بۆ کوڕ بڵێی؟
-بێگومان بۆ نا ئەگەر تێكستەكە گونجاو بێت.
* تا چەند سوودت لە گۆرانییە کۆن و فۆلکلۆرییەکان وەرگرتووە لە کارەکانتدا؟
- من لەگەڵ گۆرانی فۆلكلۆر گەورە بوومە لەگەڵ گۆرانییەكانی شەماڵ سائیب و فوئاد ئەحمەد و تایەرتۆفیق، بۆیە سوودم لێیان وەرگرتووە.
* باست لەوە کردووە کە حەز لە حەیران دەکەی وەک کچێک تا ئێستا حەیرانت گوتووە؟
-من زۆر حەزم لە حەیرانە زۆر جار بەشداری بەرنامەی حەیرانم كردووە لە ڕۆژ تیڤی و لە ئاهەنگە خێزانییەکانیشدا حەیرانم گووتووە.
* هونەرمەندە لاوەکان چۆن دەتوانن سوود لە ئەزموونی هونەرمەندانی پێش خۆیان وەربگرن؟
- هونەرمەندە لاوەكان ئەگەر بتوانن زۆر گوێ لە هونەرمەندانی پێشتر بگرن بۆ ئەوەی فۆلكلۆری كوردیمان لە بیر نەچێتەوە .
* ئەی هونەرمەندە رەسەن و بە تەمەنەکان چۆن دەتوانن هاوکاری گەنجان بکەن؟
- پێویستە هونەرمەندە رەسەن و بە تەمەنەكانیش یارمەتی و پاڵپشتمان بن ئەوەی ئێمەش سەركەوتووتر بین لە کارەکانمان. گلەیی زۆر لەوە نەكەن كە ئێستا ستایلی نوێمان هێناوەتە ناو هونەری كوردی، چونكە نەوەی ئێستا پێویستی بە هەردوو ستایلە .
* گۆرانییەکانت تا چەند رەنگدانەوەی ناخی خۆتن؟
- تێکستم بۆ گورانی ئینگلیی داناوە، بەڵام ئەو گۆرانییە كوردیانەی كە من دەیانڵێمەوە تێكستەکانی هی خۆم نین، بۆیە حەزدەكەم ڕۆژێك بێت منیش ئاشق بم بۆ ئەوەی منیش بتوانم تێكست بۆ خۆشەویستی بڵێمەوە وبینوسم.
* تۆ بەشی ئەندازیاریت لە ئەڵمانیا تەواو كردووە، بەڵام ئێستا كاری هونەری دەكەیت، پەشیمان نیت لەوەی پیشەكەی خۆی بەجێهێشتووە؟
- لەبەر ئەوەی من ئێستا دەستم بە كاركردووە لەبواری ئەندازیاری تۆزێك کاتم كەم بووە. بەڵام بە هیچ شێوەیەک پەشیمان نیم، هەر كات بخوازم دەتوانم كۆمپانیا دابنێم و كاری ئەندازیاری بكەم، دەتوانم هەردووكیان بەیەكەوە بكەم، بەڵام كاری هونەریم خۆشتر دەوێت لە كاری ئەندازیاری و ئەگەر درفەتم بۆ بڕەخسێت حەزدەكەم كلیپێك بۆ یەك لە گۆرانییەكانم دروست بكەم.
* نوێترین کاری هونەریت چییە؟
- بەرهەمێکە لە 10 تراك پێكدێ، سێ لە گۆرانییەكان كۆنن و گۆرانییەك كە لەلایەن هونەرمەند شڤان پەروەر بەناوی من بیریا تە كریە گوتراوە، من بەشێوازێكی نوێ دابەشكردنی میوزیكم بۆ كردووە. هەروەها گۆرانییەكی هونەرمەند لەیلا فەریقیم دووبارە كردووەتەوە، لەگەڵ گۆرانییەكی هونەرمەند كەمال محەممەد. جگە لەوەش گۆرانییەكم بە كوردی و ئینگلیزی و ئەڵمانی گوتووە كە لە ئاواز و تێكستی خۆمە.
Top