شەیما ئەشرەف : حەز ناكەم تەنیا پشت بە جورئەت ببەستم و پێی بناسرێم .
وە تا ئێستا بەشداری لە چەندین كاری نواندن و كلیپدا كردووە , گوڵان چەند پریارێكی لە شەیما ئەشرەف كرد , لێرەدا پوختەی وەڵامەكانی دەخوێنینەوە .
* لە وڵاتانی جیهانی سێیەم جەماوەر پێویستی بە چییە لە هونەر؟
- ناتوانین بڵێین تەنیا لە وڵاتانی هاوشێوەی ئێمە جەماوەری سینەما پێویستی بە شتێكی دیاریكراوە، چونكە جەماوەر لە هەر شوێنێك بێت پێویستە بەوەیە سینەما گوزارشت لە شتێك بكات كە بۆ ئەو پێویستە یاخود بە دوای چارەسەریدا بگەڕێت، رەنگە گرفت و كێشە و داخوازییەكانی ئێمە لەگەڵ كەسێكی ئەوروپی یاخود ژاپۆنی بە هۆی جیاوازی كەلتوورەكەمان جیاواز بێت، بەڵام هەردوو لامان پێویستمان بەوەیە كە سینەما رەنگدانەوەی ئەو داخوازیانە بێت.
* تێروانینی كۆمەڵگا بۆ هونەر و هونەرمەندان چۆنە، ئایا وەک پێویست رێز لە کاری هونەری دەگیرێ؟
- ئێستا لە كۆمەڵگاكانی هاوشێوەی ئێمەدا كۆمەڵگا تێروانینێكی نەرێنیی بۆ هونەر هەیە و پێموانییە ئەم تێروانینە بە ئاسانی بگۆڕێت، بەڵام تێروانینی خەڵك بە گوێرەی ئاستی تێگەیشتن و رۆشنبیرییان دەگۆڕێت، بۆیە هەندێكیان وەك هونەرمەند سەیری ئێمە دەكەن، بەڵام هەندێكی دیكەیان بە سووك و سەرەڕۆ لە ئێمە دەروانن، بەداخەوە لە وڵاتی ئێمە ئەوەندەی گرنگی بە هونەرمەندانی بیانی دەدرێت بە ئێمە نادرێت.
* هونەرمەند چۆن دەتوانێت پەیامی خۆی بگەیەنێت؟
-خودی ئەكتەر پێویستە هەڵقوڵاوی ناخی ئەو جەماوەرە بێت كە كارەكەی پێشكەشی دەكات یاخود بتوانێت دەربڕی خەم و ئازارەكانی ئەم جەماوەرە بێت وبە جیهانی دەرەوە یاخود لایەنە پەیوەندیدارەكان بگەیەنێت بۆ چارەسەر كردنی بابەتێكی دیاریكراو، دەبێ سەرەتا گوزارشت لە بابەتێك بكات و بە ئەمانەتەوە بیخات روو، و ئەگەر ئەكتەر لە نێو ئەو ژینگەیە ژیا بێت كە فیلمەكە باسی دەكات ئەوا دەتوانێت وەكو خۆی بابەتەكە بخاتەروو و جەماوەریش زیاتر خۆی لەو جۆرە كارانەدا دەبینێتەوە بۆیە لەرووی جەماوەرییەوە سەركەوتوو دەبن.
*کەواتە جەماوەری سینەما ئێستا روو لە کەمبوونە ئەگەر هۆکارەکەی چییە؟
- بەر لە 20-30 ساڵ هیچ بەدیلێك نەبوو بۆ سینەما و سینەماش تاكە هۆكار بوو بینەر بتوانێت هەناسەیەكی تێدا بكێشێت، بەڵام ئێستا پێچەوانە بۆتەوە، ئەگەر نەچی بۆ سینەما هۆكار و شێوازی دیكە هەن كە كاتی خۆتی پێ بەسەر بەریت، هەروەها وەك پێشتریش ئاماژەم بۆ كرد كەلتووری سینەما بۆ نەوە دوای نەوە لە پاشەكشێدایە، ئەو كاتە بەسەرچوو كە دایك و باوك هەفتانە منداڵەكانیان بۆ سینەما دەبرد.
* روخسار گرنگی خۆی هەیە، ئایا هیچ پشتت پێی نەبەستووە یاخود هیچ لە دەرهێنەرەكان داوایان لێ نەكردووی بەشداری كارێك بكەی تەنیا لەبەر جوانیت؟
- لە نواندندا دەموچاو و جوانی دەرەوە رۆڵی سەرەكییان هەیە، لە سینەما یان تیڤی پێویستە هونەرمەند دەموچاوێكی گونجاوی هەبێت بۆ ئەوەی دەربكەوێت، زۆر لە دەرهێنەران كاریان پێشكەش كردووم كە تا راددەیەكی زۆر جورئەتی پێویستە، بەڵام من حەز ناكەم تەنیا پشت بە جورئەت ببەستم و بەو جۆرە رۆڵانە بناسرێم، بەڵكو رۆڵی جیاوازم دەوێ دوور لەوەی كە پشت بە جوانی و بەژن و باڵای خۆم ببەستم.
* هەر كارێكی سینەمایی پەیامێكی دیاریكراوی هەیە كە هەوڵی بۆ دەدات ئایا سینەمای مەغریبی لە پێكاندنی ئامانجەكانی سەركەوتوو بووە؟
- سینەماكاران بەردەوامن لە كار كردن و پێشكەش كردنی كاری نوێ ئەمەش خۆی لە خۆیدا مایەی دەستخۆشییە، بەڵام ناتوانم بڵێم سەد لە سەد ئامانجەكەی پێكاوە، راستە سینەمای مەغریبی توانیویەتی كە بوون و شوناسی خۆی دەربخات و ئامانجە كۆمەڵایەتییەكانی بەدەست بهێنیت بە جۆرێك كە شایەنی تێڕامان بێت لە رێگەی هەندێك لە فیلمەكانی كە بابەتی كۆمەڵایەتی واقعی چارەسەر كردووە و لە پلەی یەكەم دێت لە خستنەڕووی ئەوە بابەتانەی كە بۆ ئاشكراكردنیان جورئەتێكی زۆریان پێویست بوو، بەڵام ئێستا لە بواری هونەری سەركەوتنی باشی بەدەستهێناوە، هەروەها رەزامەندی بینەریشی بەدەستهێناوە، چونكە بژێوی وواقعی تاڵی ژیان و ئەو كەلێنە كپ كراوانەی لە ژیانی هەر تاكێكی كۆمەڵگە هەیە، دەخاتە روو، بەڵام سەرەڕای ئەمەش هێشتا سینەمای مەغریبی هەموو ئامانجەكانی نەپێكاوە لەوانەش كۆكردنەوەی زۆرترین بینەر.
* ئایا ململانێ هەستی پێدەکرێت لە نێوان شانۆ و سینەما لە مەغریب؟
-هونەر بە بەهرە دەست پێدەكات و بە خوێندن كۆتایی دێت، ئەكتەر دەتوانێت پەرە بە تواناكانی خۆی بدات و سوود لە هەڵەكانی رابردووی ببینێت، بەڵام بە شێوەیەكی گشتی مەرج خوێندن ببێتە هۆی ئەوەی ببیت بە هونەرمەندێكی سەركەوتوو، چونكە زۆر كەس هەن كە لە بواری هونەریدا بڕوانامەی زۆر بەرزیان هەیە و كەسیش نایانناسێت و بەپێچەوانەش راستە.