ئەحلام حەجی , خەون بە كاركردن لەگەڵ عادل ئیمام دەبینێت .

ئەحلام حەجی , خەون بە كاركردن لەگەڵ عادل ئیمام دەبینێت .
شاجوانی پێشووتری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەحلام حەجی رایگەیاند كەوا لەئێستادا سەرقاڵی تۆمار كردنی ئەڵقە سەرەتاییەكانی بەرنامە نوێیەكەیەتی كە تا ئێستا پەخش نەكراوە و ناوی ناوە (ڤیزا)، ئەوەشی ئاشكرا كرد كە بۆ ئەم مەبەستە سەردانی چەند شارێكی وڵاتانی عەرەبی و رۆژئاوا و ئەمریكا دەكات بۆ جێبەجێكردنی ئەو بیرۆكەیەی سەبارەت بە بەرنامە نوێیەكەی دایناوە و بڕیار وایە لە كەناڵێكی عێراقی پەخش بكرێت.
ئەحلام كە پێشتر چەند جارێكی سەردانی كوردستانی كردووە بە مەبەستی بەشداری كردن لە چەند پرۆژەیەكی تایبەت بە نمایشی جلوبەرگ و شاجوانی و سەردانی كەمپەكانی ئاوارەكانی كردووە لە چوارچێوە كارە خێرخوازییەكانی رێكخراوێكی (خەونی منداڵانە) كە خۆی سەرپەرشتی دەكات، ئاشكرای كرد تا ئێستا چەندین ئۆفەری پێشكەش كراوە بۆ بەشداری كردن لە كاری نواندن، لەو بوارەوە وتی: پێم باش بوو سەرەتا روو لە بواری میدیا بكەم و دوای ئەوەی لە بەرنامەی (فاشن دریم) سەركەوتنم بەدەستهێنا، ئێستا بیر لە بەرنامەیەكی تەواو جیاواز دەكەمەوە
شاجوانی پێشووتری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رەتی كردەوە كە پاڵێوراو بێت بۆ بەشداری كردن لە زنجیرە درامایەك شان بە شانی ئەستێرەی ناسراوی كۆمیدیا عادل ئیمام و لەم بارەوە وتی: هیوادارم بتوانم بەرامبەر بە ئەستێرەیەكی گەورەی هاوشانی عادل ئیمام رۆڵ ببینم، بێگومان ئەوە خەونی من و هەر كەسێكی دیكەیە كە حەز بە بواری نواندن بكات، بەڵام من دەمەوێ لە ئێستادا سوود لە كات وەربگرم سەبارەت بە ئەزموونی نواندن و لە ناوەڕۆكی هەر كارێك ورد بمەوە كە پێشكەشی دەكەم، چونكە نامەوێ لە یەكەم هەنگاومدا وەك ئەكتەرێكی نا كامڵ دەركەوم.
Top