بێریڤان جەعفەر : راگەیاندنی عەرەبی زیاتر لە كوردی پاڵپشتی كردووم .

بێریڤان جەعفەر : راگەیاندنی عەرەبی زیاتر لە كوردی پاڵپشتی كردووم .
لە رۆژئاوای كوردستان دەیان هونەرمەندی گەنج هەن كە توانیویانە درێژە بە كاروانی نەمری هونەرمەندانی پێش خۆیان بدەن، بەڵام بە هۆی رووداوەكانی ئەم دواییەی سووریا زۆریان روویان لە ئەوروپا و وڵاتانی عەرەبی كردووە، یەكێك لەوانە بێریڤان جەعفەرە كە خەڵكی رۆژئاوای كوردستانە و ئێستا لە ئیمارات نیشتەجێیە و كاری هونەری دەكات لە پای گۆرانی و میوزیک بژێوی ژیانی پێ دابین دەکرد، ئێستا لە ئیمارات بێریڤان دەنگێكی ناسراوەو داخوازی زۆری لەسەرەو یەکەمین گۆرانیبێژی کوردە بە شێوەزاری ئیماراتی گۆرانی دەڵێت، لە هەڤپەیڤینێكدا بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی داینەوە.

* چۆن بوو رووت لە بواری هونەری كورد و كێ هانیدای؟
- من لە ساڵی 1990 لە عەفرینی رۆژئاوای کوردستان لە دایکبووم، من لە خانەوادەیەكی هونەری گەورە بووم براكانم موزیكژەنن هەروەها دایكیشم دەنگی خۆشە، منیش هەر لە تەمەنی ههشت ساڵییەوە لە ئاهەنگە كۆمەڵایەتی و نیشتمانییەكانی وەكو نەورۆز گۆرانیم دەگوت، كە چوومە زانكۆ تیپێكی هونەری گەورەی تایبەت بە زانكۆی حەلەب هەبوو، لەوێش گۆرانیم گوت. دوای ئەو شەڕو ماڵوێرانییە بەسەر سووریاو رۆژئاوای کوردستان هات، ئیدی لەبەر شەڕ و خراپبوونی رەوشی عەفرین ناچار بووم تیپەكەشم جێهێشت و رامانکرد و ماوەی سێ ساڵە لە دوبەی دەژیم و کاری هونەری دەکەم.
* كە چوویتە ئیمارات بە كوردی گۆرانیت گوت، یان بە عەرەبی؟
- دوای ئەوەی روومان لە ئیمارات كرد سەرەتا بە كوردی گۆرانیم گوت، ئەوانەی گوێیان لە دەنگی من بوو زۆریان پێخۆش بوو، بەڵام نەیاندەزانی چ زمانێكە بۆیە ئیماراتییەكان لێیان پرسیم ئەم زمانەی تۆ گۆرانی پێ دەڵێی توركییە؟ منیش گوتم نەخێر ئەوە زمانی كوردییە، لەبەر ئەوەی میللەتێكی كراوەن و جیاوازی ناكەن لە نێوان نەتەوەكان و داوایان لێكردم گۆرانی زیاتر بە زمانی كوردی بڵێم، هەر هەمان ساڵ لەگەڵ هونەرمەندی ناسراو سەعید گاباری ئاهەنگی نەورۆزمان لە ئیمارات ساز كرد، لەوێ بە كوردی و عەرەبی گۆرانیم گوت، هەروەها بە شێوەزاری كەنداویش گۆرانی دەڵێم.
* رووبەڕووی ئاستەنگ نەبوویتەوە لە ئیمارات؟
- بێگومان رووبەڕووی ئاستەنگی زۆر بوومەتهوه، بەتایبەتی لە دۆزینەوەی سازژەن، لە ئیمارات كورد هەن، بەڵام سازژەنیان نییە، ئەگەر هەشبووبێت ئەوا زۆر دوور بووە، بە پێچەوانەوە لە كوردستان و ئەوروپا موزیسیانی كوردی زۆر بە ئاسانی دەست دەكەوێت، لە یەكەم ئاهەنگم رووبەڕووی ئاستەنگی زۆر بوومەوە تاكو موزیسیانی كوردیم دۆزییەوە، بەڵام بە تێپەڕبوونی كات موزیسیانم دۆزییەوە، كەسانێك لە دەرەوە هاتن و هاوكاریان كردم و ئێستاش بەردەوامین لە كاری خۆمان.
* لە سەرەتای كاری هونەریت چ هونەرمەندێك كاریگەریی بە سەر تۆوە هەبوو؟
- ئەوەی راستی بێت زۆر لە هونەرمەندان كاریگەرییان بەسەر منەوە هەبووە، وەك شڤان پەروەر و چەندین هونەرمەندی دیكە، بەڵام نموونەی باڵای من لە بواری هونەری نەمر محەمەد شێخۆیە تا ئێستاش بە تامەزرۆییەوە گۆرانییەكانی دەڵێمەوە.
* تۆ لە سەرەتای كاروانی هونەری كوردیی، راگەیاندنی كوردی توانیویەتی خزمەتی هونەری كوردی كردووە؟
- دەتوانم بڵێم یارمەتی منی داوە، بەڵام بەو شێوەیە نەبووە كە من دەمویست، بە پێچەوانەوە میدیای عەرەبی زۆر زۆر یارمەتیی داوم، بۆ نموونە دوایین گۆرانیم كە یوسف عومانی لە گوگل بڵاوی كردەوە لە نێو میدیای عەرەبی گرنگییەكی زۆری پێدرا لەلایەن رۆژنامە عەرەبییەكانەوە، كوردییەكانیش بە سوپاسەوە گرنگیان پێدا، بەڵام لەبەر ئەوەی كوردم و دوا كۆپلەی گۆرانییەكەش بە زمانی كوردییە حەزم دەكرد زیاتر بوایە.
* گۆرانی (بعد قلبی) چۆن بەرهەمهات؟
-كە چوومە ئیمارات دەستم بە گۆرانی گوتن کرد ئیماراتییەکان یەکێکن لەو میللەتانەی زۆر کراوەن و پێشوازی لە کولتوورو فەرهەنگی جیاوازی دیکە دەکەن، پێموایە کۆمەڵگای ئیمارات زۆر پێشکەوتوون و بە رووی جیهان کراوەن، ئەمەش وایکردووە دەنگ و رەنگی زۆر جیاواز لە کولتووری عەرەبی و ئیماراتی لەم وڵاتەدا جێگایان ببێتەوە تێکەڵی کەلتووری یەکدیش دەبن، گۆرانییەکم بەناوی «بعد قلبی» بەزمانی عەرەبی و شێوەزاری ئیماراتی وکەنداوی تۆمارکرد، کە لە ئاوازو تێکستی یوسف عومانییە، ئەم گۆرانییە پێشوازییەکی زۆر باشی لێکراوە، ئێستا ئەم گۆرانییە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی یوتیوب هەیەو بینەرێکی زۆری هەبووە، ئەم گۆرانییەی من زۆر باش دەنگدانەوەی هەبووەو لە ئاهەنگ و کۆنسێرتەکان داواکاری زۆری لەسەر هەیە، جگە لەمەش لە یوتیوب و فرۆشگا ئۆنلاینەکان بینەری زۆر بووە. بڕیارە گۆرانی دووەمم، کە ئێستا کاری لەسەر دەکەم گۆرانییەکی کوردییەو بەشێوەزاری کورمانجی تۆماری دەکەم و لە ماوەیەکی نزیکدا بڵاوی دەکەمەوە.
پەیوەندی تۆ لەگەڵ هونەرمەندانی ئیماراتی و عەرەب چۆنە؟ بیرتان لەوە نەکردووەتەوە لەگەڵ هونەرمەندێكی عەرەب دوێتێک بکەن؟
پەیوەندییەکی باش وبەهێزم لەگەڵ هونەرمەندانی عەرەب و ئیماراتی هەیە، چونکە لە ئیمارات هونەرمەندی عێراقی و سووری ولوبنانی زۆر هەیە، ماوەیەکە سەرقاڵی کارێکی هاوبەشم لەگەڵ هونەرمەندێکی بەناوبانگی عەرەبم بەڵام نامەوێت جارێ ناوی ئەم هونەرمەندە ئاشكرا بکەم، کە گۆرانییەکە بە زمانی کوردی و عەرەبییەو لەسەرەتای ساڵی داهاتوو بەنیازین ئەم گۆرانییە بڵاوبکەینەوە، کە پێموایە دەبێتە سوپرایزێكی جوان.
Top