شارەوانی هەریر پەیكەری عەلی هەریری بە گوڵ دەڕازێنێتەوە .
زاهیر بناوی، سەرۆكی شارەوانیی هەریر ڕاگەیاند، دوای نۆژەنكردنەوەی پەیكەری (عەلی هەریری) شاعێری بەناوبانگی سەدەكانی ڕابردوو، بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی ناحیەی هەریر، لەلایەن كەسایەتییەكی دەڤەرەكەوە، ئەركی ئەم كارە و خەرجییەكانی گرتە ئەستۆ و ئێستا دەستمان كردووە بە ڕازاندنەوەی بەردەم ئەم پەیكەرە بە گوڵ و جوانكاری".
ئەوەشی ئاشكرا كرد، (عەلی هەریری) یەكێك بووە لە شاعێرە بەناوبانگەكانی سەدەكانی ڕابردوو، كە وەك ڕێزگرتنێك و بە زیندوومانەوەی بەرلە ساڵی 2003 پەیكەرێكی بۆ لە شەقامی سەرەكیی بازاڕی هەریر دروست كرابوو، بەڵام پەیكەرەكە تێك چووبوو و زیانی زۆری پێگەیشتبوو، ویستمان بە شێوەیەكی سەردەمیانە نۆژەن بكرێتەوە".
سەرۆکی شارەوانیی هەریر گوتیشی، دواجار بە هاوكاریی بەڕێوەبەرایەتیی ناحیەی هەریر، دوای هەوڵێكی زۆر عەلی حوسێن، بەرپرسی پەیوەندییە نیشتیمانییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەو كارەی گرتە ئەستو و دەستی كرد بە نۆژەنكردنەوەی پەیكەری عەلی هەریری و پەیكەری خانزاد، كە لەلایەن تیمێكی هونەرە جوانەكانی هەولێر دەستیان كردووە بەو كارە و بە شێوازێكی سەردەمیانە و كریستاڵی پەیكەرەكان نۆژەن كردەوە.
basnews