لە ڕواندز ناوەندێكی ڕۆشنبیری, كتێب بە خوێنەران دەبەخشێت .
بەختیار سەباح، بەرپرسی سەنتەری ڕۆشنبیریی ڕواندز، ڕاگەیاند، "ناوەندی ڕۆشنبیریی ئەندێشە، بە هاوكاری سەنتەرەكەمان، ئەمڕۆ چۆراشەممە 22-11-2017 پێشانگایەكی كتێب لە شاری ڕواندز دەكاتەوە، كە ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت و ڕۆژانە لە كاتژمێر 10 بەیانی تا كاتژمێر 10ی ئێوارە بەردەوام دەبێت، ئەم پیشانگایە لە ڕۆژی یەكەم و دووەم، لە بەردەم یاریگای تۆپی پێ، نزیك قوتابخانەی ئامادەیی ڕواندزی كوڕان دەكرێتەوە و ڕۆژی سێیەم، پێشانگەیەكە دەگوازرێتەوە بۆ ناو بازاڕی رواندز".
بەرپرسی سەنتەری ڕۆشنبیریی ڕواندز گوتیشی: "جگەلەوەی نرخی كتێبەكان داشكاندنیان بۆ دەكرێت، هەر كەسێك سەردانی پێشانگەیەكە دەكات، كتێبێك بە دیاری وەردەگرێت، بۆیە داوا لە تەواوی مامۆستایان و قوتابییان و رۆشنبیران و گەنجان و ئافرەتان و خوێنەران و كتێبدۆستان دەكەین، ئەو ڕۆژە لەگەڵمان ئامادە بن."
basnews