چۆپی فەتاح : لە نێو پاسێك گۆرانیم گوت و لەوێش دەستم پێكرد .
دیمانە/ زیاد كەریم
* ئەو كاتەی لە ژینگەیەكی كوردستانییەوە رووتان كردە ژینگەیەكی ئەوروپی بەتایبەتی هۆڵەندا كە بە وڵاتی گوڵ و جوانی ناسراوە، ئەم دوو ژینگەیە چۆن لە زهنی تۆدا بەراورد دەكرێت؟
- بەراوردەكە خۆشی و ناخۆشیی هەیە، ئەو كەسانەی كە لە كوردستان ماونەتەوە و رایان نەكردووە، رەنگە ئەو ناخۆشییانە نەبینن كە لە دەرەوە هەیە، بۆ نموونە من و براكەم كە گوێمان لە دەنگی هەلیكۆپتەر دەبوو، ئەم دەنگە ئێمەی دەترساند و لە ژێر مێز خۆمان دەشاردەوە، هەروەها لە چەند ساڵی یەكەممان لە هۆڵەندا كە لە ئاهەنگەكانی سەری ساڵان یاریی ئاگرینیان دەتەقاندەوە، كە گوێمان لێ دەبوو دەترساین و واماندەزانی دەنگی تەقەیە، بەڵام خۆشییەكان ئەوە بوو كە تۆ دەچیتە وڵاتێك لە هەموو روویەكەوە سەلامەتی.
* كاتێك لە نێو بیست مندالأ سۆڵۆیان داوەتە و لەوێوە پێت دەڵێن هونەرمەند هەستت چی بوو؟
- پێش ئەوەی دەست بكەم بە گۆرانی بە زمانی كوردی لە كۆرسێك هەموومان منداڵ بووین، هەموومان جلوبەرگمان وەكو یەك بوو، ناوە بە ناوە سۆڵۆیان دەدا بەو منداڵانەی دەنگیان خۆش بوو، خۆشبەختانە منیش سۆڵۆم بە زمانی هۆڵەندی وت، ئەو كات بە زمانی ئینگلیزی نەموت.
* چۆن و كەی دەستت بە گۆرانی وتن كرد؟
- دەتوانم بڵێم لە نێو پاسێكدا دەستم بە گۆرانی وتن كرد، بەرەو ئەڵمانیا دەڕۆیشتین بۆ بەشداریكردن لە خۆپیشاندانێكی كوردان، بۆیە حەماسێكی زۆر لە ناو پاسەكەدا دروست ببوو، هەر لە نێو پاسەكەدا هونەرمەد جەواد مەروانی كە هونەرمەندێكی باكووری كوردستانە و هەر ئەویش بوو دەستی گرتم و منی هێنایە نێو بواری هونەرەوە، لە نێو پاسەكەدا وتیان كێ دەنگی خۆشە با بێتە پێشەوە، كە چووم و گۆرانیم وت كاك جەواد وتی بە راستی دەبێ بچیت بۆ تەلەفزیۆن و گۆرانی بڵێی، هەر ئەوەش وایكردووە كە زۆربەی دۆیتەكانم لەگەڵ كاك جەواد كردووە بەتایبەتی لە ئەڵمانیا.
* زۆر پرسیار لە نەشتەرگەری تۆ دەكەن، دەڵێن لووت و لێو و چەناگەی هەموو نەشتەرگەری جوانكاری بۆ كراوە، حەز دەكەین لە زاری خۆتەوە بزانین چەندی راستە؟
- ئەوەی لەو بارەوە دەگوترێت كەمی راستە و زۆری راست نییە، ئەوەی من نەشتەرگەریم بۆ كردبێت تەنیا لووت و ددانمە، چونكە منیش وەكو زۆربەی زۆری خانمەكان پێمخۆشە جوان بم، بەڵام نە لێوم كردووە، نە روومەتم، رەنگە لەبەر ئەوەی ددانم كردووە، تۆزێك لێوم بەرز بۆتەوە، ئەوەی راستی بێت من خۆم رازیم و دڵیشم پێیخۆشە.
* ئامۆژگاریت بۆ كچە هونەرمەندەكان چییە كە گرنگییەكی زیاد بە مكیاژ دەدەن لە بۆنە و بەرنامەكان؟
- هەموو كەسێك گرنگی دەدات بە شێواز و روخسار و جلوبەرگی خۆی هەر یەكە بەشێوازی خۆی، من هەموو مكیاژ و كەرەستەكانی جوانكاریم لە ناو جانتایەكی بچووكدا هەڵدەگرم چ لە ژیانی ئاسایی رۆژانە یان لە كاتی وێنەگرتنی كلیپ و بەرنامەكانیش، من پێم باشە كە گشت خانمانی كورد گرنگی بە خۆیان بدەن، بەڵام نەگاتە ئاستی زیادەڕۆیی، بەتایبەتی كە گەنج بن، چونكە كچی كورد زۆر جوانە، مەبەستم ئەوە نییە كە كاری ئارایشتگاكانی كوردستان جوان نییە، بەڵام حەز دەكەم كچانی كوردیش فێر بن، خۆیان چۆن خۆیان جوان بكەن.
* حەز دەكەین بزانین ئەو تۆڕە كۆمەڵایەتییانە چین كە تۆ بەكاریان دەهێنی و ئایا تا ئێستا تووشی گرفتیان كردوویت؟
- ئێستا سۆشیال میدیاكان زۆر فراوان بوون، بەڵام پێویستە كە بەكاریان دەهێنی بەردەوام بی لەسەریان، بۆ نموونە ئەگەر ئەكاونتی فەیسبوكت هەبێت، ناكرێ دوو مانگ هیچ هەواڵێك بڵاو نەكەیتەوە، من فەیسبوك و تویتەرم هەیە كە نیشانەی راستی شینەكەی لێدراوە، هەروەها ئەنستگرامیشم كردۆتەوە بە ناوی چۆپی ئۆفیشاڵ كە چەند وێنە و ڤیدیۆیەكم تێیدا بڵاوكردۆتەوە، سناپ چاتیشم هەیە كە تەنیا بۆ كەسە نزیكەكانی خۆمە و دوازدە كەسی لەسەرە. هاوڕێیەكی دڵسۆزیشم هەیە كە چۆپی فاینەكی كردۆتەوە و بەڕێوەی دەبات، منیش وەك زۆربەی هونەرمەندان تووشی كێشەی كردنەوەی ئەكاونت بە ناوی خۆم بوومەتەوە، ئەكاونت زۆرە كە بە ناوی من كراوەتەوە، بەڵام خەڵكیش وردە وردە بۆی دەردەكەوێت كە كامە ئەكاونت هی خۆمە.
* زۆر باس لە گۆرانی (چۆپیم و چۆپی ئەگرم) دەكرێت و هەوادارێكی زۆریشی هەیە، شێوازەكەی چۆنە و چ پەیامێكت لەو گۆرانییە هەیە ؟
- چۆپیم و چۆپی ئەگرم گۆرانییەكی هەڵپەڕكێی باشووری كوردستانە، گۆرانییەكی خۆشە و تێیدا باس لە خۆم دەكەم، بیرۆكەی گۆرانییەكە لەوە هاتووە كە من زۆر حەز لە هەڵپەڕكێ دەكەم، بەتایبەتی سەرچۆپی بگرم، لەوەوە بیرۆكەكە دروست بوو، دیارە جەماوەریش زۆری بە دڵ بووە، بەتایبەتی گەنجەكان، ئەمەش مایەی خۆشحاڵی منە.
* لە سیدییەكەت ئەڤین و دژە ئەڤین هەیە، مەبەست لەو دژە ئەڤینە چییە؟
- مەرج نییە هەرچی گۆرانییەك لە سیدیت هەبێت دەربڕی هەست و سۆزی خۆت بێت، زۆر جار پێویستە بۆ خەڵكیش گۆرانی بڵێی، بۆیە ئەو تێكستانەی كە من هەڵیدەبژێرم، مەرج نییە حاڵەتێكی تێدا بێت كە بەسەر من هاتبێت، بەڵكو من سەیری خەڵك بە گشتی دەكەم.
* لە كاتی هەورە تریشقە و باران حەز دەكەی لە كوێ بی؟
- پێمخۆشە لە كاتی باران و هەورە تریشقە لە دەرەوە بم.
* بە حوكمی ئەوەی زۆر حەز لە فیلم دەكەی، بیرت لەوە نەكردۆتەوە وەك ئەكتەرێكی سەرەكی، یان لاوەكی لە فیلمێكدا بەشداری بكەی؟
- بێگومان بیرم لێكردۆتەوە و داواشم لێكراوە كە لە كاری نواندندا بەشداری بكەم، بەڵام ئەو ئۆفەرانەی هەبوون، زۆر بە دڵم نەبوون بۆیە رێك نەكەوتووە.