ڕۆژ کەریم گۆرانییەکی نوێی بڵاو کردەوە .
ڕۆژ کەریم، لە ھەژماری فەرمیی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)ـدا، گۆرانییەکەی پێشکەشی منداڵانی زیانلێکەوتوانی زنجیرە بوومەلەرزەکەی کوردستانی کردووە.
نەوژین سۆران، تێکستەکەی نووسیوە و ڕۆژ کەریم خۆی ئاوازی بۆ داناوە، باسل سەباح، کاری میکسی بۆ گۆرانییەکە کردووە.
ڕۆژ کەریم، خەڵکی سلێمانییە، دوو مانگ لەمەوبەر نوێترین ئەلبوومی خۆی بە ناوی (بچرپێنە) بڵاو کردەوە، زیاتر بە گۆرانیی (ڕیتا) ناوبانگی ھونەری پەیدا کرد.
بەھۆی بوومەلەرزەکەی شەوی 12/11/2017، ھەشت ھاووڵاتی لە ھەرێمی کوردستان گیانیان لە دەست داوە، کە پێنجیان لە قەزای دەربەندیخان و دوانیان لە سنووری گەرمیان و یەکێکیشیان لە سلێمانی بووە".
ھەر بەھۆی بوومەلەرزەکەوە، 120 ھاووڵاتیی ھەرێمی کوردستان بەھۆی ترسەوە و 201 ھاووڵاتیش بەھۆی برینداربوونەوە گەیەندراونەتە نەخۆشخانەکانی ھەرێمی کوردستان، کە سەرجەمیان برینەکانیان سووک بووە و چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە.
لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان و ھەر بەھۆی بوومەلەرزەکەوە، لە پارێزگای کرماشان و بەتایبەت شارەکانی سەرپێڵزەھاو، قەسری شیرین و سەلاسی باوەجانی، ئەزگلە، جوانڕۆ، شائاباد و کرێند و گوندەکانی دەوربەری، بەپێی ئامارە فەرمییەکانی حکوومەتی ئێران، تا ئێستا 530 ھاووڵاتی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 11 ھەزار کەسیش بریندار بوون