ئەو ساتانەی ناسڕێنەوە : شانۆی شار .
بە هەرحاڵ لە رۆژی دروستكردنیەوە خۆی بە ماڵی شانۆی شار ناساند و سەپاند، بەو پێیەی ئەو شانۆیە چەند سەد مەترێ لە ماڵەكەمانەوە لە گەڕەكی (چوار باغ) نزیك بوو، بۆیە ئاشنای بەرد بە بەردیم و هەرچی دەستكاری و گۆڕانێكی بەسەردا هاتبێ، ئاگادارم، بۆ نموونە كاتی خۆی دوو ریز پەنجەرەی گەورە لەمبەر و ئەو بەری هۆڵی دانیشتووانی هەبوون، پاشان گیران و پڕكرانەوە، هەروەها دیواری پشتەوەی شانۆكە که دیوارێكی گەچكاری بوو، لە رووی ئەندازەی دەنگیشەوە دروست کرابوو، تێكیان دا و كردیانە دوو دەروازەی زەبەلاحی زەوی هەتا بنمیچ، كە كارێكی نادروست بوو، نەك جارێ پتر لە دە جار نوژەنی بنمیچی هۆڵەكە كرایەوە.
لە یەكێ لە نۆژەنكردنەوەكاندا بنمیچی شانۆكەیان بە راڕەو و پەیژەی ئاسنینی محەجەرەدار تەنی، ئەمەشیان بووە مایەی پابەندكردنی ئەو بنمچیە كە كاری رووناكی تیادا دەكرا، بۆیە بەم كارە بووە مایەی رێگرتن لە بەكارهێنان و بە دەستەوەهاتنی بۆ مەبەستی شانۆییەكە، پاشان لە تەنیشتەوە ژووریان دایە دەم پانتایی سەر شانۆكە، پاش ئەو گشت نۆژەنكردنەوە و دەستكاریكردنە هەر دەستخۆشی لە ئەندازیاری یەكەمین دەكەم، كە لەو سەردەمەدا هونەری نواندووە. لەو ساڵانە كەناڵێكی تەلەفیزیۆن هەستان بە تۆماركردنی (فیلمێكی دیكیۆمێنتار) لەسەر ژیان و شانۆكەم، منیش هەرچۆن بردمن بۆ گەڕەك و ماڵەكەمان و هەواری باب و باوانم، لە دۆتۆی ئەو گەشتە گوزارشت لە تەمەنە سەردانی شانۆی ئامادەیی سلێمانیمان كرد، زانیمان كراوە بە شانۆیەك كە پێی بگوترێ شانۆ، بەڵام ئاخ و داخ بۆ ئەم بەڵامە، نەمانتوانی بچینە ژوورەوە و سەردانی بكەین، گوایە بەرپرسێكی سیاسی كلیلەكانی لەگەڵ خۆیدا بردووە و ئاخنیویەتە باخەڵیەوە و بە تایبەتی كردووه تەنیا و تەنیا بۆ كاری حیزبایەتی. ئەم جارە هەر خۆم دڵخۆشی خۆمم دایەوە و گوتم: براكانم ژمارەیەكی زۆر شوێن هەیە که رۆژانی كاری شانۆییم تیادا كردووە، دەی با بڕۆین.
جگە لە هۆڵی بەڕێوەبەرایەتی چالاكی قوتابخانەكانی سەركارێز، كە ئەویش كاركردنی تیادا نەماوە، سێ چوار قوتابخانە هەبوون كە هۆڵەكانیان وەك هۆڵی شانۆ بەكاردەهێنا، ئەوانیش نەمابوون، ئەوسا روومان لە زانكۆی (سلێمانی) كرد كە شانۆی زانكۆی تیادا بوو، گەلێك سەربوردەی تاڵ و شیرینیشم لەگەڵیا هەبوو، سەرەتا كە هێشتا (هەیكەل) بوو ساڵی (1972) شانۆی (پیسكەی تەرپیر)ی (مۆلێر)م تیادا پێشكەشكرد و پاشان چەندین شانۆیی و ساڵانێكیش بەرپرس و دامەزرێنەری (تیپی شانۆی زانكۆ) بووم و ئۆفیسی كاركردنم لە هەمان شانۆدا بوو، ئەوەی شایەنی باسە پاش راپەڕین كرایە بارەگای یەكێتی هونەرمەندان و ناوەكەشی كرا بە شانۆی هونەرمەندان. چوومە ناو زانكۆوە بە هیوای جۆش و خرۆشی شادبوونەوە بەو یارە و هەوارەم، بەڵام تابلۆی دەرگای هۆڵی شانۆكە تووشی حەپەسان و رامانی كردم، نووسرابوو: (هۆڵی كۆڕە زانستییەكان)، بۆچی شانۆ بكرێتە هۆڵی كۆڕی بابەتی زانستییەكان؟! جگە لەوەی وەك من دیومە و شارەزام سەرجەم زانكۆی وڵاتان بە زانكۆكانی جارانی عێراقیشەوە كە لەسەر زۆربەیان كاری شانۆییم پێشكەش كردووە چ لە بەغدا و بەسرە و موسڵ....
لەگەڵ ئەوەشدا خاسیەت و پێداویستییەكانی هۆڵی سیمینارە زانستییەكان گەلێك جودایە و خەسڵەتی تایبەتی هەیە، ئەو شانۆیە كە ئەندازیار (د. محەمەد حەسەن) دروستی كردووە، تەنیا بۆ ئەركی شانۆیی بووە، ئەم جارەش هەر بە ناچاری كەوتمە دڵخۆشیدانەوەی خۆم و برادەرەكانم، هێندەی نەبرد خۆم پێنەگیرا و پردی ئارامم پسا و كەوتمە هەڵڕشتنی زاخاوی دەردەدڵ، گێڕامەوە: بەری چەند ساڵ بە گەشتێكی شانۆیی بانگهێشتی (ئەڵمانیا) كرا بووم بە هاوەڵی چەند شانۆكارێك سەردانی چەند شانۆیەكی چەند شارێكی ئەو وڵاتەم كرد، هەمە جۆر شانۆ، كلاسیك و نوێ، جگە لە شارەزابوونم بە خاسیەتی شانۆ، لەو وڵاتە لەو رێگای سەردانەوە رادەی پەرەسەندنی شانۆكەیان و دەستباڵایی تەكنۆلۆجیای هەرە نوێ لە شانۆكانیاندا، وایکرد كەوتمە بەراوردكاریی لە نێوانی هەژاریی شانۆكەمان و هەڵكشان و زەنگینی ئەوان. خوا كردی ئەڵمانەكان سەردانیان كردینەوە، یەكەم داوایان بینینی شانۆكانمان بوو، دیاربوو كاتێ ئۆفیسی شوێنە رۆشنبیرییەكانیان لە ئۆفیسی وەزیر و بەرپرسان و بە ئۆفیسی تایبەتی منیشەوە وەك نەقیبی سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان، وای بۆ چووبوون كە دەبی باری شانۆكانمان چۆن بووبێ، سەرەتا میوانەكانم برد بۆ هۆڵی رۆشنبیری لە پایتەختی هەرێمدا، كاتێكم زانی هەر هەموویان لە پشت پەردەكەوە دەور و خولی جەروچەرخەیەكیان داوە، كە بە جۆری گوریسی ئاسنین ئامێرەكەی شەتەكی پردە ئاسنینەكەی بنمیچەی شانۆكە كردووە، ئەو پردەی پابەندی كاری رووناكییە، سەیرم كرد ئەو بەستەزبانانە ئەمسەریان ئەكرد و ئەو سەریان دەكرد، سەریان لێدەرنەدەكرد، گیرۆدە بووبوون و پەیتا پەیتا لە یەكدییان دەڕوانی، گوتم با بە هانایانەوە بچم و لەو گێژاوی ( تەلەشكێنەیە) دەریان بهێنم و گوتم: دەزانم ئێوە لەو جۆرە هەرامە تەكنۆلۆجییە ناگەن، ئەمە داهێنانی ئێمەیە، كەوتمە بادانی جەڕ و هندلەكەی، بەڵام چونكە ژەنگ گرتبووی بە باشی بۆم هەڵنەدەبوو، ناچارمان بە هەموویان كۆمەكیان كردم و، زرم پردە دای بەسەر تەختەی شانۆكەدا و هەموویان خراپ راچڵەكین. بەڵام كاتێ لە ئەركی ئەو ئامێرە عەنتیكە خۆماڵییەمان حاڵی بوون، پێكەنین خورپە و راچڵەكێنی لە بیر بردنەوە، پاشان گوتم: ئێوە گەلێكی كەلەپوور پارێزن، بۆیە بە چاكی دەزانم ئەم ئامێرە بكەمە دیاری بۆتان و ئێوەش لەگەڵ خۆتاندا بیبەنەوە و بە خۆشی و تامەزرۆییەوە خەڵاتی مۆزەخانەی شانۆی ئەڵمانی بكەن و لە گۆشەی ئامێرە دانسق و دەگمەنەكانی دوو هەزار و پێنج سەد ساڵەی شانۆدا دایبنێن.
دوای ئەو شانۆیە گەلێك شتی سەیرترم نیشاندان، كاتێ گەڕاینەوە شوێنەكەم لە هونەرمەندان گوتیان: ئێمە ئامادەین، هەر كە چووینەوە داوایەك دەدەینە وەزارەتی دەرەوە دوو سێ بار هەڵگر پێداویستی شانۆییتان پێشكەش بكەین، بەبێ ئەوەی تەنانەت پارەی گواستنەوەشتان بچێتە ئەستۆ. بەڕاستی دڵخۆشیان كردم، خێرا پەیوەندیم بە وەزارەتی رۆشنبیرییەوە كرد و ئەو مژدەیەم پێدان، كەچی زۆر بە ساردییەوە وەریانگرت، هەر دەتگوت شۆلكێكی تەڕیان بە قوڵنگەی كەپوویاندا داوە. كۆڵم نەدا، شاندەكەم برد و بابەتەكەم خستە دیاریان لە بری خۆشحاڵی (شیردا بۆ داپیردا...)یان دەهێنایەوە، ناچار كەوتمە شیكردنەوەی مەزنیی ئەو كارە، كاتمان بەسەر برد و چای خواردنەوە و قاوە خواردنەوەی بەدواداهات و بووەوە چای خواردنەوەی دووەم و سێیەم هەر نەچوونە ژێر بار و كاتێ هەستاین گوتی: خوا كەریمە ئینشائەڵڵا.. من خۆم ساڵەهایەكی تەمەن مامۆستای هونەری نواندن بووم، چ لە پەیمانگا، چ لە كۆلێج، بۆیە زۆر تێگەیشتم كە مەبەستی نییە، ئەو خوا كەریمه و ئینشائەڵڵایە، بە پێچەوانەی مەبەست و واتاكەیەوە كە پێی دەگوترێ (بنە وشە و بنە ڕستە) واتە مەبەستی ئەو پیتە و پێكهاتانەی وشە و رستە نییە، بەڵكو تەواو پێچەوانەوە، هەرواش دەرچوو، چونكە بۆ جارێكی دیكە سەردانم كردەوە، كە بەڕێزیان لەوێ نەبوون، بەڵكو برادەرێكی دیكە بوو، ئەویش هەڵوێستی (قیرسچمان) بوو، ئەمە ئەوەیە كورد واتەنی (بە دەست ئەنقەست دەست بە خێری خۆیەوە دەنێ) یاران یاوەران خوداتان بێ ئێستاش ئەوقبوون و حەپەسان و وڕ بوون كاسی كردووم و بەرینەداوم، لە فەلسەفەی ئەو نەویستنە نەگەیشتووم، خێرتان دەگاتێ بە فریام بێن.
كردبووم بە خوو، هەر جارێ بچوومایەتەوە شاری سلێمانی بە دەور و خولی ئامادەیی سلێمانیمدا دەدا، بە دەست خۆم نییە دڵم دەستم دەگرێ و دیارە دەیان یادگاری شانۆییم لە تەك شانۆكەیدا هەیە. دوایین جار بۆ ئەو فیلمە (دیكیۆمنتار)ییەی تەلەفیزیۆنی (رووداو) كە ماوەی حەوت مانگە كاری تیادا دەكەن، بەتایبەتی وێنەگر و دەرهێنەر (كاكە حەیدەر) و بە هیممەتی (كاكە زانا) داویان لێكردم چەند گرتەیەك لەو شانۆیە بگرن و ترسێكی گەورەی رەوانمەوە، ئەوە بوو بەڕێوەبەرەكەی دڵنیایی كردمەوە كە بۆ دوایین جار مەترسی داگیركردن و كردنی بە بازاڕی لەسەر نەماوە و وەك شوێنێكی كەلتووری دەپارێزرێ.
دیارە خودا چاوی میهر و نەوای لە شانۆكارانی شارەوە بوو، دەنا شانۆ و ئامادەییەش، بە هەمان مەرەی خوێندنگاكانی دیكەی دەچوو، باش بوو بوون بە مۆڵ لە چارەی نەنووسرا بوو..