گۆنول دیلان : ئەلبوومێكی گۆرانی بە كوردی بڵاودەكەمەوە .

گۆنول دیلان : ئەلبوومێكی گۆرانی بە كوردی بڵاودەكەمەوە .
لە ساڵی 1991 لە ئامەد لە دایكبووەو لە ئیستەنبووڵ گەورە بووە، هەر لە تەمەنی نۆ ساڵییەوە دەستی داوەتە ئامێری ساز، گۆنول دیلان، كچە هونەرمەندی باكووری كوردستان، ناوێكی دیاری باكووری كوردستانە، ئەو توانیویەتی لە بواری گۆرانی گوتن و سینەمادا جێ پەنجەی خۆی بكاتەوە.
گۆنول دیلان بۆ ئەوەی خەونەكانی منداڵی بكاتە راستی، بەشێوازێكی زانستی خۆی فێری ئامێری سازدەكات، چونكە ساز لە منداڵیەوە وەك سێبەر هەمیشە لەگەڵی دابووە، لەمبارەیەوە دەڵێت: «لە تەمەنی نۆ ساڵییەوە خۆشەویستیم لەگەڵ ساز پەیدا كردووە، هەمیشە ساز لەگەڵمادابووە، بۆیە كە كەمێك گەورە بووم یەكەم كارم ئەوە بوو چوومە بەشی میوزیكی پەیمانگەی هونەرەجوانەكان، لەوێ بەشێوازێكی زانستی ئامێری سازم خوێند».
خەونەكانی گۆنول دیلان هەر تەنیا سازژەنین نەبووە، بەڵكو گۆرانی گوتنیش هیوایەكی لەمێژینەی بووە، بۆیە لە كۆنسێرت و ئاهەنگەكان لەتەك ژەنینی ئامێری ساز گۆرانیشی دەگوت، ئەمەش وایكرد رۆژ دوای رۆژ ناوبانگی دەربكات، هەربۆیە بڕیاریدا ئەلبوومێكی گۆرانی بڵاو بكاتەوە، بەڵام ناوی ئەلبوومەكەی هێندە سەرنجراكیش بوو، دەنگدانەوەیەكی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، كە ناوی ئەلبوومەكەشی « ئەوەی من بخوازێت قازانج دەكات»بوو، لەبارەی یەكەمین ئەلبوومی گۆنول دەڵێت «لەساڵی 2008 یەكەمین ئەلبوومی گۆرانیم بڵاوكردەوە، كە لە 14 تراكی گۆرانی پێكهاتبوو، ئەو كات دەنگدانەوەیەكی زۆر باشی هەبووە، ئەلبوومێكی زۆر فرۆشراو ئێستاش بەشێوازی ئۆنلاین دەفرۆشرێت».
خەونەكانی گۆنول لێرە كۆتاییان نەهات، خولیای دنیای سینەماو دراما وایكرد گۆنول روو بكاتە خوێندنی بەشی شانۆ و سینەمای لە پەیمانگەی هونەرەجوانەكان، گۆنول دەڵێت « لە ساڵی 2009 بەشداری یەكەمین فیلمی سینەماییم لە ئیستەنبووڵ كرد، بەهۆی سەركەوتنم لە یەكەمین كاری سینەمایم هەر هەمان ساڵ بەشداریم لە فیلمێكی دیكە كرد، كە لەو كاتدا بە كارێكی گرنگ ناوزەرد كرا».
دوای بڵاوبوونەوەی دراماكانی ژان، گۆنول دیلان زیاتر لە نێو خەڵكدا ناسرا، لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆی شارەزابوون لە میوزیك و گۆرانی كوردی، لەلایەن یەكێك لە كەناڵە كوردییەكانی باكووری كوردستان داواكرا بەرنامەیەكی رۆژانە پێشكەش بكات، گۆنول دیلان دەڵێت « وەكو پێشكەشكار لە یەكێك لە كەناڵە كوردییەكانی باكوور بۆ ماوەی یەك ساڵ كارم كردووە، بەرنامەیەكی رۆژانەی هونەریم پێشكەشكردووە،هاوكات لە نێو بەرنامەكەشدا چەند گۆرانییەكم بەشێوازی لایڤ پێشكەش دەكرد، ئێستاش لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانی یوتیوب هەیەو رۆژانە بینەرێكی زۆری هەیە».
پاش بڵاوبوونەوەی فیلمە سینەماكانی گۆنول، دەرهێنەرانی دراما لە باكووری كوردستان چاویان بڕیە ئەم كچە هونەرمەندە، بۆیە داوایان لێكرد لە درامایەكی كوردی لە ئامەد بەشداری بكات، گۆنولیش یەك و دووی لێ ناكات و بەشداری لە یەكەمین درامای دەكات، لەمبارییەوە گۆنول دیلان دەڵێت» لە ماوەی دوو ساڵدا بەشداریم لە درامایەكی كوردی بەناوی ژان كرد، كە رۆڵی سەرەكیم لەگەڵ بەردان ماردینی هونەرمەندی باكووری كوردستان بینی، ئەو درامایە لە یەكێك لە كەناڵە بەناوبانگەكانی توركیا بۆ ماوەی 2 ساڵ نمایشكراو بینەرێكی یەكجار زۆری هەبوو».
كارەساتی شنگال و كۆچی كوردانی ئێزیدی، لەو درامایەی گۆنول دیلان كە بەناوی ژان بووە رەنگدانەوەی لەسەر درامایەكەدا هەبوو، گۆنول دیلان لەبارەی ئەم مژارە دەڵێت «بەشێك لە درامای ژان باسی لە نەهامەتی و كارەساتی شنگاڵ و كۆچكردنی كوردانی ئێزیدی بۆ باكووری كوردستان دەكرد، ئەمەش رەنگدانەوەی بارودۆخی ئێستا باكوور و باشووری كوردستانە، هەڵبەتە ئەمەش وایكرد بینەرێكی زۆری هەبێت و زیندوویەتی بە چیرۆكی درامایەكە بدات».
لە بواری نمایشی جل وبەرگیشدا گۆنول كاری كردووە، لە یەكێك لە نمایشەكاندا پلەی یەكەمی بەدەستهێناوە، لەمبارییەوە دیلان دەڵێت: «لە یەكێك لە وڵاتانی ئەوروپی بەشداریم لە نمایشی جل وبەرگدا كرد، توانیم پلەی یەكەم لە نێو هەموو مۆدێلەكان بەدەست بێنم، بۆیە لە چەندین ریكلامی بازرگانیش كارم كردووەو لە كەناڵەكانی بڵاوكراوەتەوە».
ئێستا گۆنول دیلان سەرقاڵی تۆماركردنی ئەلبوومێكی گۆرانی و میوزیكی كوردییە لەمبارییەوە دەڵێت «ماوەیەكە بە چری سەرقاڵی تۆماركردنی ئەلبوومێكی گۆرانی كوردیم، كە لە 5 تراك پێكهاتووە، لەگەڵ ئەوەشدا كار بۆ وێنەگرتنی نوێترین ڤیدیۆكلیپی گۆرانی دەكەم، كە لە باكووری كوردستان كاری وێنەگرتنی بۆ دەكرێت، هاوكات لە ئەمریكا و ئەوروپاش كۆنسێرتم هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا لە باكووری كوردستان و توركیاش كۆنسێرتی گۆرانی و میوزیكی سازدەكەم».
Top