حەسنا لەعكوبی : ئافرەتی هونەرمەند پێویستی بە كاتی زۆر هەیە تا وەك هونەرمەندێكی سەركەوتوو بناسرێت .

حەسنا لەعكوبی : ئافرەتی هونەرمەند پێویستی بە كاتی زۆر هەیە تا وەك هونەرمەندێكی سەركەوتوو بناسرێت .
ئەكتەر و نمایشكاری جلوبەرگە لە یەك كاتدا و لە هەردووكیاندا سەركەوتوو بووە و قوتابی پەیمانگای باڵای هونەری بووە لە كازابلانكا، بەڵام نمایشكاری جلوبەرگ بە هۆكاری پەیداكردنی بژێوی ژیان دادەنێت و ئەكتەریش وەك حەز و خولیایەك كە هەر لە منداڵییەوە گیرۆدەی بووە. حەسنا ئەلعەكوبی كچە نمایشكار و ئەكتەرە و پشت ئەستوور بە توانا هونەرییەكانی خۆی و ئەو ئیرادە و حەزەی بۆ كاری نواندن هەیەتی و بە سوودوەرگرتن لە پێشكەوتنی سینەمای مەغریبی و كرانەوەی بەسەر ئەوروپا و جیهانی عەرەبی و ئەو هەموو فیستیڤاڵە جیاجیانەی كە لەو وڵاتە بە بەردەوامی ساز دەكرێن.

* زیاتر خۆت لە راگەیاندن دەبینییەوە، یان نواندن؟
- ئەوەی راستی بێت، من زیاتر لە راگەیاندن نزیك و هەر لە منداڵییەوە خولیای بووم، بەڵام ماوەی پێنج ساڵ لە بواری شانۆ خوێندوومە و زۆریش حەز بە شانۆ دەكەم، بەڵام نامەوێ ئێستا خۆم سەرقاڵی شانۆ بكەم، چونكە هەست دەكەم دەبێتە هۆی بە فیڕۆدانی كات.
* بۆچی زۆر لە هونەرمەندانی عەرەبی روو لە میسر دەكەن؟
- میسر بۆ ئێمە وەك هۆلیۆدی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وایە، هەر هونەرمەندێك بیەوێ پێشكەوێت روو لە میسر دەكات، چونكە ژمارەیەكی زۆر كەناڵی تێدایە، هەروەها ئەو فیلم و زنجیرانەی كە لە میسر بەرهەم دەهێنرێن لە سەرتاسەری وڵاتانی عەرەبی بە ئاسانی دەفرۆشرێن، زۆر لە هونەرمەندان هەن لە وڵاتانی خۆیان ناسراویش بوون، بەڵام كاتێك روویان لە میسر كردووە زیاتر ناسراون و ئەو وڵاتە یارمەتیدەرێكی باشی هونەرمەندانە، منیش زۆر كاری راگەیاندنم لە میسر كردووە، بەڵام لە بواری مۆدێل لە میسر كارم نەكردووە.
* ئایا هیچ لە مەغریبییەكان لە میسر ناوبانگیان دەركردووە؟
- ئەوەی راستی بێت هیچ لە ئەكتەرە مەغریبییەكان لە میسر ناوبانگیان دەرنەكردووە و ئەوانەی هەبوون تەنیا گۆرانیبێژ بوون.
* ئەو ئاستەنگانە چین كە هاتوونەتە سەر رێگات؟
- هونەرمەند دووچاری زەحمەتییەكی زۆر دەبێتەوە تا بتوانێت ناوێك بۆ خۆی پەیدا بكات و بوونی خۆی وەك هونەرمەندێكی سەركەوتووی بسەلمێنیت ئەمە پێویستی بە چەند ساڵێك دەبێت، گرنگترین هۆكاری سەركەوتنی هونەرمەندیش بە ڕای بەردەوام بوونیەتی لە بوارەكە.
* تا ئێستا لە پشتت بە جوانی خۆت بەستووە یاخود بەو بەهرە هونەرییەی كە لە ناخی تۆدا هەیە؟
- بێگومان سەرەتا پشتم بە توانا و بەهرەی خۆیم بەستوو، چونكە پێویستە بەهرەی هونەریت هەبێت تا بتوانیت بوونی خۆت بسەلمێنی، من تا ئێستا دەرفەتی زۆرم بۆ نەڕەخساوە تاكو بتوانم هەموو توانا و بەهرەكانی خۆمی تێدا دەربخەم یان فیلمێكم پێشكەش كرابێت كە بە تەواوی لێی رازی بم، هیوادارم لە داهاتوویەكی نزیكدا ئەو دەرفەتەم بۆ بڕەخسێ و مەرج نییە تەنیا لە مەغریب بێت بەڵكو لە هەر وڵاتێكی عەرەبی ئەو دەرفەتەم بۆ بڕەخسێ تاكو هەموو لایەك لە نزیكەوە بە توانا و بەهرەی من ئاشنا بن، چونكە خەون و ئاواتەكانم سنووردار نین تەنیا لە مەغریب.
* ئایا هیچ پشتت پێی نەبەستووە یاخود هیچ لە دەرهێنەرەكان داوایان لێ نەكردووی بەشداری كارێك بكەی تەنیا لەبەر جوانیت؟
- لە نواندندا دەموچاو و جوانی دەرەوە رۆڵی سەرەكییان هەیە، لە سینەما یان تیڤی پێویستە هونەرمەند دەموچاوێكی گونجاوی هەبێت بۆ ئەوەی دەربكەوێت، بەڵام من حەز ناكەم تەنیا پشت بە جورئەت ببەستم و بەو جۆرە رۆڵانە بناسرێم، بەڵكو رۆڵی جیاوازم دەوێ دوور لەوەی كە پشت بە جوانی و بەژن و باڵای خۆم ببەستم.
* ئایا تۆ خۆت بە هەموو رۆڵێك رازی نەبووی یان رۆڵی گونجاوت پێشكەش نەكراوە؟
- لە سینەمادا رۆڵی زۆرم پێشكەش كراوە كە جورئەتی زۆریان تێدایە، سەبارەت بە تیڤی رۆڵی زۆرم پێشكەش نەكراوە، چونكە لە تیڤی زیاتر پشت بە پەیوەندییە تایبەتییەكان دەبەسترێت و پێویستە دەرهێنەرێك یان بەرهەمهێنەرێك بناسی ئینجا رۆڵت پێشكەش دەكەن و پشت بە توانا و بەهرە نابەسترێت.
* ئەگەر رۆڵێكت پێشكەش كرا كە جورئەتێكی هونەری تێدا بێت سنوور نەبەزێنێت و پێویست بێت، ئایا پێ رازی دەبی؟
- هەندێك هێڵی سوور هەیە ناتوانم بیانبەزێنم، تەنانەت ئەگەر رۆڵەكە سەرەكی بێت و جورئەتەكەش مەبەست و ئامانجێكی هونەری دیاریكراوی هەبێت بۆ پاراستنی ناوبانگی خانەوادەكەم و دەمەوێ هەمیشە ناوبانگێكی باش و وێنەیەكی جوانم هەبێت لە كۆمەڵگەدا، من نامەوێ بۆ سەركەوتنی كاری دەرهێنەرێك یان بیرۆكەكەی پشت بە جورئەتی هونەرمەند ببەستێت، بەڵام من درك بەوەش دەكەم كە زۆر جار جورئەت پێویستە و مەرجیش نییە تەنیا بە جەستە بێت، هەروەها نەبیلە عوبێد كە بە جورئەت ناسراوە من بە نموونەیەكی بەرزی خۆمی دەزانم وحەز دەكەم بگەم بە ئاستی ئەو.
* بۆچی سینەمای مەغریبی بە جورئەت و ورووژاندن تاوانبار دەكرێت؟
- تەنیا لە سینەمای مەغریبیدا ئەمە نییە، ئەگەر سەیری سینەمای میسری بكەین زۆر لە مەغریبی جورئەتی زیاترە، هەروەها لە هەموو جیهاندا كچە ئەكتەرەكان ئیستغلال دەكرێن لە لایەن دەرهێنەر و بەرهەمهێنەرەكان بە هەموو شێوەیەك.
* زیاتر حەز لە چ رۆڵێك دەكەی؟
- من زیاتر حەز لە رۆڵی درامی دەكەم و حەز دەكەم پەیامێك بە كۆمەڵگە بگەیەنم كە سوودی بۆ تاكەكانی هەبێت لە ژیانی رۆژانەیاندا و ببم بە نموونەیەك جوانی كۆمەڵگە.
Top