لەیلا مالک:نازانم تا کەی دیزاینەرەكانمان پەنا بۆ مۆدێل و نمایشكاری بیانی دەبەن.

لەیلا مالک:نازانم تا کەی دیزاینەرەكانمان پەنا بۆ مۆدێل و نمایشكاری بیانی دەبەن.
لەیلا مالک کچە مۆدێلێکی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و خەڵکی شاری سنەیە، لە ساڵی ٢٠١٢ هاتۆتە هەرێمی کوردستان و کاری مۆدێل دەکات، ئێستاش یەکێکە لە کچە مۆدێلە دیارەکان و بەنیازی کردنەوەی سەنتەرێکی تایبەتە بە کاری مۆدێل، چونکە خولیاو حەزی هەمیشە بۆ كاری نمایشكاری و مۆدێلینگ بووە، بۆ بەدیهێنانی ئەو خەونەش رووی كردووەتە باشووری كوردستان و خۆی گوتەنی دەرگای بەختی لێرە كراوەتەوەو بەشداری لە دەیان كاری نمایشكاری و فۆتۆ مۆدێلینگ كردووە.
هەر زوو لەیلا حەزی بە کاری مۆدێل کردووە وەک خۆی دەڵێ: هەر لە منداڵیەوە بەردەوام چاودێری کاری مۆدێلە بەناوبانگەکانم دەکرد و زۆر حەزم بەو کارە دەکرد و خولیایەکی زۆر بوو، هەر بۆیە ئێستا کاری مۆدێلین بەشێکی دانەبڕاوە لە ژیانم و حەز و خولیایەکی گەورەی منیش بووە، لە تاران چوومە چەند خولێکی بواری مۆدێل و لەو بوارەدا ئەکادیمیانە شارەزاییم پەیدا کردووە، کە هاتمە کوردستان لە ساڵی ٢٠١٢ پێشانگایەکی فاشیۆن هەبوو کە بەشداریم تێکدا کرد ئەو کاتە هیچ کچێکی کورد نەبوو وەک مۆدێل کاربکا تا لەو پێشانگایە بەشداری پێبکەین، بۆیە دوو کچی دیکەیان لە ئۆکرانیاوە هێنا، بەڵام ئێستا ژمارەیەکی زۆر لە کچان هاتونەتە ئەم بوارەوە و کار دەکەن.
دەربارەی مەرج و تایبەتمەندیی وێنەگرتن و فۆتۆ مۆدێل لەیلا دەڵێت: هەموو كەسێك بۆ ئەم كارە ناشێت هەموو كچێك ناشێت روو بكاتە كاری مۆدێلینگ، لە دنیای دەرەوەدا ئەم كارە بەشێوەیەكی ئەكادیمی و زانستی دەخوێنرێت، تاوەكو ببێتە مۆدێل یان نمایشكاری جلوبەرگ، چونكە ئەمەش یاسا و رێسای خۆی هەیە، بەژن و باڵا و جوانی و لێهاتوویی رۆڵی سەرەكی دەبینێت، وەرزشكردن و مانەوەی لەش بەڕێكی، یەكێكە لە خاسیەتە باشەكانی مۆدێل، من رۆژانە بەشێوەیەكی زانستی و بەرنامەدار وەرزشی جۆراوجۆر دەكەم، چونكە لەهەموو شتێك گرنگتر بۆ مۆدێل وەرزشكردنێكی زانستییە،بەڵام بەداخەوە لە كوردستان بەشێكی زۆر لە كچان و كوڕان روویان لەم كارە كردووە، بەبێ ئەوەی هیچ لە نمایشكاری و مۆدێلینگ بزانن».
دەربارەی گرنگی پارێزگاری لە کێش و جوانی جەستە لەیلا دەڵێ:
من زۆر گرنگی بەوە دەدەم کە وەرزشی بەردەوام بکەم و خواردنی تەندروست بخۆم، ڕۆژانە ئاگاداری ڕێژەی ئەو کالۆرانەم کە دەیخۆم و بەردەوامیش وەرزش دەکەم، ئەوەش باشترین ڕێگەیە بۆ دابەزاندنی کێش، لەگەڵ ئەوەشدا خەوتنی تەندروست لە کاتی خۆیدا زۆر گرنگە کە شەوان زوو بخەویت و بەیانیان زوو هەڵبستیت، من لانیکەم ڕۆژانە کاتژمێرێک وەرزش دەکەم، جگە لەوەی کە بۆخۆشم ڕاهێنەری وەرزشم، سەبارەت بە ڕوخساریشم ڕۆژانە ماسکی سروشتی بە میوە و کەرەستە خۆماڵیەکان بەکاردەهێنم و زۆر سودم لێوەرگرتوون.
لەیلا پێیوایە لە كوردستان گرنگی بەم هونەرە نادرێت و مۆدێل و نمایشكارەكان مەغدوورن. و لەم بوارەوە دەڵێت: «بەداخەوە لە باشووری كوردستان گرنگی بە مۆدێل و نمایشكارەكان نادرێت، تەنانەت بەشێك لە فۆتۆگرافەرەكان بە خۆڕایی و بێ بەرامبەر كاریان پێدەكەن، كەچی لە دنیای دەرەوە نمایشكارەكان گرنگیی زۆریان پێدەدرێ و ناسنامەی تایبەت بەخۆیان هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا بە گرێبەست كاریان لەگەڵ دەكرێ، بەڵام ئەمە لە كوردستان زۆر بە كەمی دەبینرێ. رۆژانە خەڵكانێكی زۆر پەیوەندیم پێوە دەكەن كە دەڵێن زۆر حەزیان لە كاری مۆدێلینگ و نمایشكاریی جلوبەرگە، بەڵام دایك و باوك رێگرییان لێدەكەن، چونكە بە چاوێكی سووك سەیری ئەم كارە دەكرێ».
زۆر لە دیزاینەرانی كورد بۆ نمایشكردنی بەرهەمەكانیان پشت بە نمایشكاری بیانی دەبەستن، لەم بارەوە لەیلا دەڵێ: تێناگەم بۆچی تاوەكو ئێستا دیزاینەرەكانمان پەنا بۆ مۆدێل و نمایشكاری بیانی دەبەن، لە كاتێكدا دەیان نمایشكاری باشی كوردمان هەن. من داوا لە دیزاینەرە كوردەكان دەكەم پشت بە نمایشكاری كورد ببەستن، چونكە مۆدێل و نمایشكاری زۆر باشمان هەن، ناكرێت فەرامۆشیان بكەین».
دەربارەی کاری نوێی لەیلا دەڵێ:دەمەوێت سەنتەرێکی بواری مۆدێل لە کوردستان دابنێم کە مۆدێلەکانی تێدا کۆببێتەوە و بە پڕۆفیشناڵانە کارەکانیان بکەن و فاشیۆن شۆی تایبەتمان دەبێت، لە زۆربەی وڵاتانیش کاری مۆدێل بەو جۆرەیە و لە ڕێگای کۆمپانیاکانی بواری مۆدێلەوەیە.
Top