ئالین بە(پێشمەرگە) ژمارەیەكی پێوانەیی تۆماركرد .
لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی یوتیۆب گۆرانی (پێشمەرگە) ژمارەی بینەرانی لە حەوت ملیۆن بینەر تێپەڕ كردووە، ئەمەش ژمارەیەكی پێوانەییە و بەردەوام لە زیادبووندایە، چونكە بەپێی چەند سەرچاوەیەك لە دوای رووداوەكانی كەركوك گۆرانی (پێشمەرگە)ی ئالین یەكێك بووە لەو گۆرانیانەی كە بە زۆرترین شێوە لەلایەن گەنجانی شاری كەركوك و ناوچەكانی ترەوە گوتراوەتەوە.
هەر لەم بارەیەوە و لە لێدوانێكی تایبەتدا ئالین رایگەیاند: خۆشەویستی هونەرمەند بۆ هونەر و وڵاتەكەی گەورەترین هاندەری بەردەوامبوونیەتی لە هونەر و كاركردنی بەردەوام بۆ پێشكەش كردنی كاری جوان بە جەماوەرەكەی و خزمەتگەیاندن بە كوردستان لە رێگای هونەرەوە بەتایبەتی لەو قۆناغە مێژووییەی ئێستا میللەت كورد پێیدا تێپەڕ دەبێت و ئەو پیلانە هەمە لایەنانەی كە دژی گەیشتن بە ئاواتەكان لەلایەن دوژمنانەوە دەدرێن، دیارە هونەر و هونەرمەندانی كورد رۆڵێكی سەرەكییان هەبووە لە دەوڵەمەند كردنی كەلتووری كوردستان و پاراستنی ناسنامە و زمانی میللەتی كورد، چونكە دوژمنان بەر لەوەی خاكمان داگیر بكەن هەوڵیانداوە زمان و كەلتوورەكەی لە ناو ببەن و بیشێوێنن، بۆیە پێویستە لەسەر ئێمەی نەوەی ئێستای هونەرمەندان كە درێژەپێدەری خەباتی هونەرمەندانی پێش هۆمان بین و رێگا نەدەین دوژمنان بە مەرامی خۆیان بگەن.