شڤان پەروەر : بە یەكڕیزیمان بەسەر دوژمناندا سەردەكەوین .

شڤان پەروەر : بە یەكڕیزیمان بەسەر دوژمناندا سەردەكەوین .
گەلی قارەمان و خەباتگێڕی كوردستان بانگەوازی من بۆ هەمووتان، هەموو حزب و لایەن و هێز و بزووتنەوە كوردستانییەكانە، ئەمڕۆ رۆژێكی سەختە لە مێژووی گەلەكەمان، رۆژێكە كە بۆ هەموو لایەكمانە، نەك رۆژی حزب و لایەن و پرسەكە پرسی هەموو گەلی كوردستانە.
دوژمنانمان لە سەرتاسەری جیهان پڕوپاگەندە دژی ئێمە دەكەن، دەوڵەتان دژی ئێمە پەیوەندییەكانیان بەهێزتر و پتەوتر كردووە لە رووی سیاسی و ئابوورییەوە، بۆیە میللەتان دەكەنە قوربانی، هەر دوێنێ بوو كاتێك ئێمە بە نوێنەرایەتی جیهانی ئازاد شەڕی تیرۆریستانمان كرد و تێكمان شكاندن، پەیوەندییان لەگەڵ ئێمە بەهێز بوو، گوتیان كورد میللەتێكی قارەمانە، بەڵام كاتێك لەو قۆناغە گوزەرمان كرد و هاتینە سەر مەسەلەی نەتەوەیی كورد و پرسی سەربەخۆیی، ئەوانەی تا دوێنێ دوژمن و نەیاری یەكتر بوون، بوون بە دۆستی یەكتر و لە دژی ئێمە یەكیان گرت و دوژمنایەتییان كردین، بەڵام ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژوو، بە ئاشكرا دیارە هەمیشە دوژمنانمان هەوڵیان داوە كورد دژی یەكتر بوەستنەوە، هەر بۆیە وەستانی كورد دژی یەكتری هەمیشە هۆكارێك بووە بۆ شكاندنی پشتی كورد و رێگر بووە لەبەردەم سەركەوتنی كورد و بەدیهاتنی سەربەخۆیی و ئازادی، هەر لەبەر ئەم هۆكارەش بووە كە كوردستان بەم شێوەیەی ئێستا پارچە پارچە بووە.
ئەگەر سەیری هەر پارچەیەكی كوردستان بكەین، دەبینین لە هەر هەموویان ئەو ئازار و نەهامەتییە هەیە و میللەتی كورد ئەو ئازار و زەحمەتییەی چەشتووە، ئێمە كە ئێستا گەیشتووینەتە سەدەی بیست و یەك كە سەدەی ئازادییە و چەندین میللەت هەن كە ژمارەیان لە سەد و دوو سەد هەزار كەس كەمتریشە، كەچی بوونەتە خاوەن دەوڵەتی سەربەخۆ، بەڵام ئێمەی كورد كە ژمارەمان لە پەنجا ملیۆنیش زیاترە، كەچی دوژمنانمان نەك دەوڵەتی سەربەخۆ، بەڵكو فیدڕاڵی و ئۆتۆنۆمیشمان پێ رەوا نابینن و رێگان نادەن خاوەن ئۆتۆنۆمیش بین، بۆیە دەڵێم هەر میللەتێك ئەگەر رێز لە یەكتر نەگرێت و قەدری یەكتر نەگرێت و یەكگرتوو نەبێت، بێگومان سەرناكەوێت.
كەواتە ئەمڕۆ رۆژی ئێمەیە و دەبێت یەكگرتوو بین، چ حزب و لایەنی سیاسی، یان كۆمەڵە و بزووتنەوەی سیاسی هیچ جیاوازییەكیان نییە، ئەگەر ئێوە لە خەمی دواڕۆژی نەوەكانماندا بن، دڵسۆز بن بەرامبەر بە سەركەوتنی میللەتەكەمان و بیر لە ئازادی و سەربەخۆیی میللەت و وڵاتمان دەكەنەوە، ئەگەر لە كوردستانی بەهەشت كە مێژووی مرۆڤایەتی و شارستانیەتی نەتەوەكانی دنیای دروست كردووە، بڕوانن و بیر لە سەركەوتنی بكەنەوە، ئەمڕۆ رۆژی ئەوەیە دەستی یەكتر بگرن، بڕۆن لە بەردەم دەرگای كونسوڵخانە و باڵیۆزخانەكانی جیهان و داوای مافی گەلی كورد بكەن. بڕۆن لێیان بپرسن و پێیان بڵێن: ئێمە میللەتێكی پەنجا ملیۆن كەسین، بۆچی مافمان نییە؟ بۆچی ناوی ئێمەش وەك كورد ناچێتە نێو پەرتووكەكانی یەكێتی نەتەوەكانی جیهان ؟ بۆچی ئەمریكا و ئەوروپا وامان لێدەكەن. هۆكاری چییە وا پشتیان لە ئێمە كردووە؟ بۆیە پێویستە پێش هەموو شتێك كورد دەستی یەكتر بگرن.
من دەیان ساڵە ئەم تەمبورە دەژەنم، لەگەڵی گریاوم و شاد بووم، ئەمە هونەر و دەنگی كوردستانە، كوردستان بەو شێوەیە دەنگی خۆشە، ئەگەر كوردستان لە دەست میللەتی خۆی بێت، بەهەشتی دنیایە، بۆیە نامانەوێ كوردستان و دواڕۆژی نەوەكانمان، ئەو دەنگ و میللەتە خۆشەویستە ون بكەین، لە هەموو دنیا بە شێوەیەكی ئاشتییانە و شارستانییانە داوای مافی خۆتان بكەن و پێیان بڵێن شوورەییە بۆ ئێوە، هۆكار چییە دەمانفرۆشن؟ ئەو مافەتان نییە ئەو كارە بكەن، بەڵام پێویستە بەر لە هەر شتێك یەكگرتوو بین، رۆژهەڵات و رۆژئاوا و باكوور و باشوور هیچ جیاوازییەكیان نییە، كاتێك میللەتی كورد داوای مافی خۆی دەكات، جیاوازی نییە، لەبەر ئەوە لە عەفرینەوە بگرە تا قامیشلۆ و سەرێ كانی و جزیرێ تا دهۆك و هەولێر و كەركووك و سلێمانی تا كرماشان و سنە و مەهاباد، تا دەگاتە وان و قەرس و سێواس و ئامەد یەكدەست و یەكدەنگ بن لە سەرتاسەری دنیا لۆبی دروست بكەن، تاكو پەیوەندیمان لەگەڵ نەتەوەكانی دنیا هەبێت و میللەتان لە كێشەی ئێمە تێبگەن و بزانن لە وڵاتی ئێمە چی روودەدات و دوژمنانمان چیمان بەسەر دەهێنن.
دەبێت هەموومان بە یەك دەنگ بڵێین: بژی كوردستان، ئێمە خۆڕاگرین و كۆڵ نادەین، هەرچی روودەدات با روو بدات، ئەگەر نیوەی كوردیش خۆی بكاتە قوربانی، ئێمە راناوەستین، تا مافەكانی گەلی كوردستان بەدەست دەهێنین و كوردستان بە سەربەخۆیی دەگەیەنین.
Top