هونەرمەندان : سەرکەوتن بۆ گەلی کوردستان و پێشمەرگەیە .
برادەر:
سەرکەوتن بۆ میللەتی کورد و پێشمەرگە قارەمانەکانە
دوای سەركەوتنی پرۆسەی ریفراندۆمی گەلی كوردستان ترسێكی گەورە كەوتە دڵی دوژمنەكانمان، بەداخەوە دۆستەكانیشمان پشتیان تێكردین، ئەمڕۆ كوردستان كەوتە بەر هێرش و پیلانی سوپای عێراق و حەشدی شەعبیی تیرۆریست بە بەشداری چەند وڵاتێكی دراوسێ لە شاری کەرکوک، پیشمەرگەی قارەمانیش بۆ خۆدوورخستن لە شەڕی براکوژی دوورەپەرێز بوو، بەڵی با باش بزانن وەک نەبەردییەکەی (پردێ)ی زێڕین کە داستانێکی بێ وێنە تۆمار کرا، ئەگەر هەوڵ بدەن زیاتر بێنە پێش خراپتریان بەسەردەهێنرێ و دای ئەوەی پێشمەرگە هێزەکانی خۆی کۆکردەوە رێگا نادەن یەک هەنگاوی تریش بێنە پێشەوە و ناهێڵن بێنە نێو خاکی کوردستان، سەرکەوتن بۆ میللەتی کورد و پێشمەرگە قارەمانەکانە بەرەو سەربەخۆیی کوردستان
ئالین:
سەركەوتنی گەورە نزیكە
خەبات و تێكۆشانی رزگاریخوازی وڵاتان پرسێكی چارەنووسسازە، لە مێژووی دوور و نزیكی گەلەكەماندا زۆر جار میللەتەكەمان رووبەڕووی پیلانی هەرێمی و نێودەوڵەتی بۆتەوە كە مەبەستیان لە ناوبردنی خەونەكانی میللەتەكەمان بووە، لە ئەنجامی خەباتی نەپساوەی میللەتەكەمان دەستكەوتی زۆر بە دەستهاتوون كە گەیشتۆتە پێكهێنانی دەوڵەت وەك مەملەكەتی كوردستان بە سەركردایەتی شێخ مەحمودی حەفید و كۆماری مهاباد بە رابەرایەتی قازی محەمەد و رێكەوتننامە مێژووییەكەی یازدەی ئادار، لە هەمان كاتدا زۆر جار تووشی نەهامەتی و كارەساتی جەرگبڕ بووینەتەوە، بۆیە من وەك هونەرمەندێكی كوردستانی ئەم داخوازییەم لە گەلی كوردستان هەیە:
1- ئەم جەنگە جەنگی پارتێكی سیاسی یان خانەوادە و كەسێكی دیاریكراو نییە، بەڵكو ئەمە جەنگی مانەوەی گەلی كورد و چارەنووس و سەربەخۆیی كوردستانە.
2- ئەمڕۆ رۆژی یەكێتی و پشتگیری كردنە لە پێشمەرگە و سەرۆك بارزانی.
3- لەو رۆژگارە ناخۆش و پڕ كارەساتەدا هەروەك چۆن دوژمنانمان دژی ئێمە یەكیان گرتووە، پێویستە ئێمەش پەندیان لێ وەربگرین و بەرامبەر دوژمنانمان ببین بە یەك و ناكۆكییە سیاسی و فكری و حزبی و كەسییەكانمان بە لاوە بنێین و خۆمان بۆ بەرخودانێكی گەورەتر ئامادە بكەین.
4- پێویستە گەلەكەمان خاوەن ئیرادە و ئارامییەكی درێژ بێت.
5- هەروەك چۆن ئێمە ئامادەین بۆ شەڕ و بەرگری بە هەمان شێوە پێویستە بۆ جەنگی دیبلۆماسی و راگەیاندن لەسەر ئاستی جیهان ئامادە بین و دبلۆماسییەتمان پتەوتر بكەین.
6- داوا لە میدیای كوردی بە گشتی دەكەم و پێیان دەڵێم پێویستە هەموو كارەكانتان بەرامبەر بە دوژمن و نەیارانی كوردستان بێت و چیتر دژی یەكتر مەوەستنەوە.
7- بە هەمان شێوە داوا لە كوردانی تاراوگە دەكەن كە ئەوانیش زیاتر لە هەموو كاتێك زیاتر یەكگرتوو بن و هەموو هەوڵەكانیان بخەنە بۆ سەرخستنی میللەتەكەمان و دژی پیلانی دوژمن و ناحەزان بوەستنەوە.
ئەمڕۆ رۆژی یەكێتی میللەتی كورد و رۆژی سەلماندنی هەبوونی ئێمەیە وەك نەتەوە، ئەو رۆژەیە كە ئێمە دۆست و دوژمنانی خۆمان بناسین و خۆمان ئامادە بكەین بۆ پاراستنی گەلی كورد.
پێویستە ئەوە بزانین كە پێشمەرگە قارەمانەكانمان و میللەتی كورد هەر سەردەكەوێت و دڵنیا بن سەركەوتنی گەورە نزیكە و بەڕێوەیە.
نارین فەقە:
دڵنیام ئەم قۆناغە سەختە تێدەپەڕێت و
سەركەوتوو دەبین
دیروكا دێرینە گەوهەر و زێڕینە داێی وەڵات، زمان و ئاڵاێی مە گەلەك شرینە، ڤان دوژمنان هندە چێكرن بەربەندە ل جەم تە هەر ما پڕ ڤیان و ژینە، ئەو كەسانەی كە كەركوكیان فرۆشت هێشتا خوێنی مام جەلال وشك نەبووە و چل رۆژی تەواو نەكردووە، گەورەترین خیانەتیان لە مێژووی كورددا ئەنجامدا بەرامبەر بە 50 ملیۆن كورد، من وەك پارێزەرێك كە چەندین ساڵە لە بواری مافی مرۆڤدا خوێندوومە و كاری زۆرم لەو بوارە كردووە، هیوادارم رۆژێك بێ هەروەك چۆن سەدام لە دادگا سزا درا، ئەم دوژمنان سزای خۆیان وەربگرن. میللەتەكەمان كۆچی پێكراو و لەسەر خاکی خۆی دەربەدەر کرا، ئێستا دەكوژرێت و دەستدرێژی دەكرێتە سەر ژنانی كورد، ئەمانەش هەموویان بەپێی پرەنسیپەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان بە تاوان دادەنرێت دەرهەق بە مرۆڤایەتی، هیوادارم هەموومان یەك دەست ئەم قۆناغە ئاڵۆزە تێبپەڕێنین و دڵنیام تێیدا سەردەكەوین، بژی میللەتی كورد، بژی كوردستان.
بەهار حەسکۆ:
نامانەوێ لەگەڵ دوژمنانی بێ ویژدان بژیین
ئێمەی کورد ئاشتیخواز و مرۆڤخوازین، بەڵام نامانەوێ لە جوگرافیایەکی ئاشتیخوازدا بژین لە نێو چەندین گەل کە لە رەوشت و ویژدان و مرۆڤایەتی داماڵدراون کە ئەمەش تەنیا شایەنی سیستمە دیکتاتۆرییە داگیرکارە چەوسێنەرەکانە.
کورد لە هەموو نەتەوەکانی دیکەی دنیا بەستراوەتەوە بە خاک و نەتەوەکەی، چونکە خاوەن بەها و ماف و کێشەیەکی رەوایە، من یەکێکم لەو کەسانەی کە ئامادەم رۆح و گیانی خۆم بکەمە قوربانی لە پێناو کوردستان و ناوی کوردستان و سەروەری و سەربەخۆیی کوردستان بژی پێشمەرگە و شەرڤان و هەر کوردێکی دڵسۆز، مردن و سەرشۆڕی بۆخائین و خاکفرۆشان
بەرخودان ژیانە، کەرکوک دڵی کوردستانە، هەر بژی کوردستان