ئەو ساتانەی ناسڕێنەوە : گەڕانەوەم بۆ پەرلەمان .

ئەو ساتانەی ناسڕێنەوە : گەڕانەوەم بۆ پەرلەمان .
ئەحمەد سالار

(حەقایەتی تەخشان و پەخشانەكە و نامەكەم بۆ ITI)
سەعات (10)ی سەرلەبەیانی، بە دڵێكی خۆش و پڕ هیواوە، رووم كردە پەرلەمان، دەتگووت شانم لەقورسایی بارێكی ناقوڵا و گران سووك بووە، لەلایەن خوالێخۆشبوان(كاكە جوهر نامق) و (كاكە فەرەنسۆ هەریری) پێشوازی گەرمم لێكرا و كرامەوە بە بڕیاردەری فراكسیۆنی زەرد و پاشان لە یەكەم كۆبوونەوەی فراكسیۆندا، كرامەوە بە سەرۆكی لیژنەی رۆشنبیری و پەیوەندییەكان، كاك فەرەنسۆ زۆر نەدەهات، بۆ ئەوەی من سەرۆكایەتی فراكسیۆنەكە بكەم.
لەیەكێ لەو كۆبوونەوانەدا پاش مشتومڕێكی چڕوپڕ سەبارەت بە باری حكومەت و فرەخەرجی، بڕیاری پێكهێنانی لیژنەیەكیان دا بۆ ئامادەكردنی راپۆرت لەسەر ئەو بابەتە و دەستنیشانی من و خوالێخۆشبوو(د.سەلاح حەفید) و (ئەیاد نامیق بەقاڵ)كراو دەستبەكار بووین و راپۆرتەكە ئامادەكراو ناردمانە دەستەی سەرۆكایەتی، پاش ئەوەی دیراسە كرابوو، بڕیاری رۆژی خستنەڕووی درا بە ئامادەبوونی (بەڕێز كاك كۆسرەت) و ئەندامانی حكومەتەكەیان، بەبێ ئەوەی هیچ كەس نە لەسەرۆكایەتی پەرلەمان و نە لەسەرۆكایەتی فراكسیۆنەكان نكۆڵییان لێی بێ.
لەوادەی دیاریكراودا، ئەو دوو برایە نەهاتنە سەر سەكۆی پەرلەمان، بەو بیانووەی دەنگ و خوێندنەوەی من لەبارترە، ئەوە بوو سەركەوتمە سەر سەكۆ و دەستم بە خوێندنەوەی راپۆرتەكە كرد، هەتا ماوەیەك دەتگووت هۆڵەكە گیانلەبەری تیادا نییە، پاشان بووە واژە واژ و هەراو هوریا و دەنگە دەنگ، دەتگوت بەر مەیانەكەی دەمەو بانگی رەمەزانانە،(بەڕێز كاك كۆسرەت) دەستی بەرز كردەوە و وتی: ئەم قسانە چین و لە كوێندەرێوە هێنراون، داوای راگرتنی وتارەكەی كرد و سڕینەوەی تۆماركراوەكەشی، پاش مقۆ مقۆ بە تێكڕای دەنگی ئەندامەكان راپۆرتەكە بهلاوە نرا و پاشان بڕیاری دانانی لیژنەی لێپرسینەوە بۆمن دانرا، ئەو دوو برادەرەی لەگەڵم ئەندامی لیژنەكە بوون، هەستان و خۆیان بێبەری كرد لەو راپۆرتە، ئەو دەمە هاتمە گۆ و وتم: دیارە ئەو دوو بەڕێزە ترساون، كەوای لێهات ئەوە بە تەنیا راپۆرتی منە و ئەوە رای منە، ئێستا هەست ئەكەم ئەندام پەرلەمانم و نوێنەری راستەقینەی خەڵكی كوردستانم، خۆ خوانەخواستە (كەعبەكە چ نابێ) ئەگەر وتبێتم:تەخشان و پەخشان بە پارەی ئەم گەلەوە كراوە، بەڵێ من نووسیومەو لە پەروەردگاریش بترازێ، هیچ كەسێك لەدایك نەبووە لێی بسڵەمێمەوە.
ئەوە بوو بە بڕیاری پەرلەمان لیژنەی لێپرسینەوە دانرا، بە سەرۆكایەتی خوالێخۆشبوو كاك نەژاد ئەحمەد عەزیز ئاغا) بەوەی باش بوو تێكڕای دەستنووسەكانم لە دۆسیەیەكدا پاراستبوو خستمە خزمەت (كاك نەژاد) كە جێگری سەرۆكی پەرلەمان بوو، ئەوە بوو پاش لێكۆڵینەوەیان بۆیان دەركەوت، تەنانەت یەك حەرف دەستوخەتی من نییە و رەنگە تاك و تەرا وشە و رستەیەك، پاشان ئەو دوو برادەرەی لەگەڵما بوون وتبوویان ئەو بەخوێندنەوەكەی كارەكەی شێواندووە،بەهەر حاڵ بەڕێز كاك (نەژاد)بانگی كردم و داوای لێبووردنی لێكردم كە هیچ گوناهێكی منی تیا نەبووە، ئیدی ئەو راپۆرتە بە راپۆرتی(تەخشان و پەخشان)ەكە ناسرابوو بوو، هەر پاش ئەو رووداوە بە یەك دوو مانگ هەموو جێگر وەزیرەكان بۆ كۆبوونەوە منیشیان بانگ کرد، گرفتێكیان سەبارەت بە مافێكی خۆیان هەبوو، كە لە وەزیرەكان بۆ ئەو مافە جیاكراونەتەوە، هەر هەموویان منیان راسپارد بچمە لای (كاك كۆسرەت)، منیش بەلامەوە نەگونجاو بوو وتم: نەك لەسەر ئەو قسانەی ناو راپۆرتەكە شتێكی لەدڵا بێ، بەڵام هەر جەختیان لێكردمەوە، ناچار قایل بووم و وادەی دیدارم لە سكرتێرەكەی وەرگرت و بە دوودڵییەوە سەردانم كرد.
بەڵام زۆر بەپێچەوانەی بۆچوونەكەی منەوە بە ڕوویەكی خۆش و هەواڵ پرسینێكی گەرمەوە پێشوازی لێكردم، منیش داواكاری هاوەڵە جێگرەكانم خستە خزمەتی، پێكەنی و وتی: مادام تۆ هاتووی ئەوە لەبەر دڵی تۆ رازیم و تەلەفۆنی بۆ بەڕێز(خاتوو كافیە سلێمان) كرد كە بەڕێزیان وەزیری شارەوانی بوو و رایسپارد بەڕێزەوە ئەو كارە ئەنجام بدات و بە ڕێز و خۆشەویستییەوە بەڕێی كردم، بەڕاستی پتر ئەو مەردەم ناسی و خۆشم ویست.
هەر لەو رۆژانەدا بوو كەوتمە سەر خولیای بەشداری شانۆی كوردستان لە پەیمانگای جیهانی(ITI)، ئەو مەڵبەندە رێكخراوێكی جیهانییە بۆ شانۆی گەلان، ئێمەش ئەو گەلەین كە ئەو گچكە مافەمان بەهۆی بوونمان لەناو قەفەسە رەزاگرانە تەنگەی داگیركەران ناویان ناوە(عێراق) كە لەمێژووی كۆندا تەنیا ئەو دەشت و بیابانە كاكی بەكاكییە تەختەکه دەگرێتەوە كە لەدوا داوێنی (حەمرین)ەوە دەست پێدەكات، پاشان كە ئیسلام گەیشتە مەبەست لە(عێراق) (لهكوفە)وە بوو هەتا (بەسرە)، بەهەر حاڵ بیرم لەو بوون بە ئەندامییە كردبوویەوە، ئەو دەمە سەرۆكی مەڵبەندی (ITI) لە عێراق(هونەرمەند یوسف العانی) بوو، چەند جارێك لەو بارەیەوە لەگەڵی دوابووم، ئەو وەك مەزنە هونەرمەندێكی پێشكەوتووخواز، نەك هەر لاری لێنەبوو، بەڵكو پێشوازی لە بیرۆكەكە كرد و بەلایەوە رەوا بوو هەر بیداتە دەستمان.
ناچار نامەیەكم ئاڕاستەی مەڵبەندی جیهانی شانۆ لە (پاریس) كرد، ئەوكات(نەقیبی سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان) بووم و هاوكات (ئەندامی پەرلەمان)یش بووم، بۆ ئەو مەبەستە لەڕووی یاساییەوە قسەم لەگەڵ برای بەڕێزم (دادوەر عهبدولكهریم كاكە هەمەوەندی)كرد، وەك شارەزایەكی بەتوانای بواری یاسایی، كە بۆ ئەو كارە و كردنەوەی ئەو مەڵبەندە لەكوردستان، یاداشتێكم نووسی و بە زمانی ئینگلیزی و فەرەنسی ناردمان، لەلایەكی دییەوە پشت ئەستوور بووم بە رای مەڵبەندەكە لەچەندین وڵاتی ئەوروپی كە پەیوەندی تایبەتیم لەگەڵیاندا هەبووە، نامەكە لەبەرواری (14-2-2005) نێردرا.
Top