سیزارا مۆنتانا : لە ئەوروپا جەماوەری سینەما و شانۆ وەک یەکە .
سیزارا پێیوایە پێویستە هونەر دەربڕی خواست و وێستەکانی میللەت بێت بەتایبەتی لە وڵاتانی رۆژهەڵتی ناوەڕاست و رۆژهەڵاتی ئەوروپا و لەو بوارەوە دەڵێ: بە حوکمی ئەوەی من لە رۆژهەڵاتی ئەوروپام هەست بەوە دەکەم کە هونەر لە رۆژهەڵاتی ئەوروپا ئاوێتەیەکی جوان و کامڵە و جوانی و تایبەتمەندییە باشەکان، لە هەمان کاتدا ئەو کێشە و گرفتانەش دەخاتە روو کە لەو وڵاتانەدا هەن، من تووشی سەرسوڕمان دەبم لە کاتی بینینی فیلمی ئەو وڵاتانە ئاشنای کەلتوور و مێژوو و توانای هەر یەکێک لەو وڵاتانە دەبم، چونکە هەریەکیان چیرۆکێکی تایبەتیان کە پێویستە لێی بکۆڵینەوە.
سەبارەت بە رکابەرێتی نێوان سینەمای ئەوروپی و هۆڵیۆد و ئایا ئەوروپا تا چەند دەتوانێت لەو بوارەوە سەرکەوتوو دەبێت دەڵێ: زۆر زەحمەتە بتوانین رکابەرێتی بکەن، چونکە سینەمای هەر وڵاتێکی تایبەتمەندی و چیرۆکی خۆی هەیە کە پێویستە لەسەر ئاستی جیهان بناسرێت، هەر یەکمان ئەزموونی خۆی هەیە کە لە فیلمەکاندا دەیبینین و پێویستە لێی فێر بین، چونکە رەنگدانەوەی ژیانی ئەوانە، رکابەرێتی لای من زۆر گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە هەر میللەتێک بتوانێت پەیامەکەی خۆی بگەیەنێت.
سەبارەت بە سەرکەوتنی سینەمای رۆژئاوایی دەڵێ: رکابەرێتی زۆر گرنگ نییە، فیلم هۆکارێکە بۆ گەیاندنی وزە و هەستەکان، ئەگەر خەڵک هەستی بەوە کرد کە لەم چیرۆکەدا خۆی دەبینێتەوە کە ئەمەش مانایەکی سەرەکی فیلمە ئەوا فیلمەکە سەرکەوتوو دەبێت، سەرەڕای ئەمەش لە رێگای ئەم فیلمەوە بتوانرێت شتێک لە جیهان بگۆڕێت و وایان لێبکات بە شێوەیەکی ئەرێنی هەڵسوکەوت بکەن لە نێو کۆمەڵگادا ئەو کات دەتوانین بلێین ئەم فیلمە سەرکەوتوو بووە.
بە شێوەیەکی گشتی من هیچ جیاوازییەکی سەرەکی لە نێوانیاندا نابینم، بەڵکو تەنیا ئامرازی گواستنەوە و گێڕانەوەی چیرۆکەکەیان جیاوازیی هەیە، هەروەها رەنگە هەموو پێداویستییەکان وەک یەک بەردەست نەبێت بۆ ئەوەی مەبەستت وەکو پێویست بگەیەنیت، جیاوازی هەیە لە چەندایەتی ئەو بەرهەمانەی پێشکەش دەکرێن و ئەو شوێنانەی تێیدا نمایش دەکرێن، ئەمەش کاریگەریی دەبێت لەسەر چوونی جەماوەر بۆ هۆڵەکانی سینەما، چونکە هەر کەسێک حەز لە جۆرە فیلمێک دەکات.
سیزارا پێیوایە کە بینەری شانۆ و سینەما جیاوازییەکی زۆریان نییە و هەریەکیان جەماوەری تایبەتی خۆی هەیە و لەم بوارەوە دەڵێ: لە رۆژهەڵاتی ئەوروپا بە گشتی خەڵک حەز بە هەردووکیان دەکات، من پێموایە ناکرێ بەراورد لە نێوان شانۆ و سینەما بکرێت، چونکە دەبێتە هۆی ئەوەی جیاوازی بکرێت لەنێوانیان، ئەوەی حەز بە کاری هونەری بکات، هەریەکیان تام و چێژی تایبەتی خۆی بۆی دەبێت و لێی تێدەگات.
بە بۆچوونی تایبەتی خۆم هونەر لە دێرزەمانەوە کاریگەریی خۆی هەبووە ئێستاش ئەو کاریگەرییەی هەیە و لە داهاتووشدا دەمینێت، لەلایەکی دیکەوە هونەرئامرازێکە بۆ گەیاندنی پەیامی خۆشەویستی بۆ ئەویتر و رازی کردنی جەماوەر ئەگەر ئەم دووە بە یەکەوە بەدی هاتن ئەوا ئامانجی خۆت دەپێکی لە بواری هونەردا.
سەبارەت بە سینەمای رۆژهەڵاتی و سینەمای کوردی دەڵێ: زانیاری وردم نییە لەسەر سینەمای کوردی وەک پێویست نییە، بەڵام ئەوەی دەربارەی هونەری کوردی بیستوومە مایەی دڵخۆشییە بۆ من، من سەرسامم بەوەی کە کورد توانیویەتی تا راددەیەک جیهان لە کەلتوور و مێژووی خۆی ئاگادار بکاتەوە ئەمەش کارێکی گرنگ و پێویستە، هیوادارم ئەو کاتەم هەبێت کە بتوانم زیاتر لە هونەر و سینەمای کورد قوڵ ببمەوە و ئاشنای بم، من حەز دەکەم سینەمای گەلان زیاتر بە رووی جیهاندا کراوە بێت و پیشەسازی سینەما بکرێتە هۆکارێک بۆ ناساندنی زیاتری گەلان و نزیک کردنەوەیان، بەڵام من دڵینام سینەمای کوردی لەسەر رێگای راست هەنگاوی ناوە و پێویستە بەردەوام بێت.