دیلانار یەڵدز:بەشێك لە گۆرانیبێژان هونەریان سووك كردووەو كاری زۆر خراپ بەناوی هونەرەوە دەكەن.
سەبارەت بە نازناوی خۆی دیلانار دەڵێ: لە وڵاتی توركیا هەر كەسێك دەبێت نازناوێكی هەبێت، ئەوانیش نازناوی یەلدزیان بۆ من زیاد كردووە، لە هەرێمی كوردستانیش من ناوم دیلانار ساڵحە، چونكە باوكم ناوی ساڵحە، بەڵام لە توركیا جیاوازی هەیە، سەبارەت بە ناوەكەشم دوو مانای هەیە، بە كوردی مانای ئاگری شادییە و بە توركیش واتە دلبەر، یان دڵان دەدزێت، بەمشێوەیە لە زمانی توركی وەسف دەكرێت، من تاوەكو ئێستا لە كوردستان گوێم لە ناوی دیلانار نەبووە، بەڵام پێدەچێت لەمەودوا ئەم ناوە لە كوردستانیش زۆر بێت.
سەبارەت بە بە ژیانی خۆیشی دەڵێت: من لە گەڤەرێ لە دایكبووم، بەڵام لە ئیستەنبووڵ گەورەبووم و خوێندوومە، دایك و باوكم لە باشووری كوردستان لە دایكبوون، باوكم بە رەچەڵەك خەڵكی سەرسینگ و دایكیشم خەڵكی ئامێدییە، كەواتە من خەڵكی باشووری كوردستانم، بەڵام من هەرچوار پارچەی كوردستان بە ماڵی خۆم دەزانم.
دەربارەی سەرەتاكانی كاری هونەریی و هاتنی بۆ نێو ئەم بوارە دەڵێت: من لەسەرەتاوە حەزم لە گۆرانیگوتن نەبوو، زۆر شەیدای نواندن بووم، حەزم دەكرد ببمە ئەكتەر، بەڵام لە گەڤەرێ هیچ شوێنێك نەبوو من تێیدا فێری ئەو هونەرە بم، بەڵام هەموو خەڵكی دەیانگۆت تۆ دەنگت خۆشە بۆ نابیتە گۆرانیبێژ، ئیدی لە چەند بۆنەیەك گۆرانیم گوت و دەنگدانەوەی زۆری لە نێو خەڵكدا هەبوو، دواتر باوكم گوتی دەبێت تۆ بەشێوەیەكی زانستی میوزیك بخوێنێ و بە ئاواتەكەت بگەیت، هیوادارم هەموو باوكێك وەكو باوكی من بیر بكاتەوە، چونكە ئەو بەردەوام هاوكاری من بووە، بۆیە هاتمە ئیستەنبووڵ و لەوێ لە كۆرسێكی شەش مانگی بەشداریم كردو یەكەم بووم و دواتر لە زانكۆی پارە، كە زانكۆیەكی زۆر بەناوبانگی توركیایەو تایبەتە بە هونەری لەوێ لە بەشی ئۆپێرا وەرگیرام و پێنج ساڵ خوێندم، ئێستا من مامۆستای دەنگم، دواتر دەستم بەكاری گۆرانیگوتن كرد.
سەبارەت بە ئۆپێرا دیلانار دەڵێت: من بەشێوەیەكی زانستی و ئەكادیمی خوێندنی ئۆپێرام تەواو كردووەو یەكەمین كچم لە باشووری كوردستان ئەو بڕوانامەیەم هەیە، بەڵام بەداخەوە لە هەرێمی كوردستان ئەم هونەرە مەزنە فەرامۆشكراوە گرنگی پێ نەدراوە، چونكە ئۆپێرا هونەرێكی زۆر سەختەو لەهەماكاتدا زۆر گرنگە لە باشووریش ئەم هونەرە ئاوڕی لێ بدرێتەوە. من دوو ساڵە گەڕامەتەوە هەرێمی كوردستان، بەڵام هیچ دەرفەتێك بە من نەدراوە ئەم هونەرە ئێرە پەرە پێ بدەین، لەگەڵ ئەوەشدا خەریكە منیش ئەو هونەرەم بیر دەچێتەوە، چونكە ئەگەر رۆژانە پرۆڤەو راهێنان لەسەر دەنگ و ئۆپیرا نەكەیت، دەنگیت تێكدەچێت، هەڵبەتە كەش و هەوای كوردستانیش زۆر وشكە بۆ دەنگ خراپە، بەڵام ئیستەنبووڵ بەهۆی هەبوونی هەوای شێدار زۆر سوودی بۆ دەنگ هەیە، وەكو كرێمە بۆ گەروو.
دیلانار باس لە كاری هونەری نوێی دەكات و لەو باریەشەوە چەند بابەتێك دەخاتەڕوو:
ئێستا كار بۆ دوو بەرهەم دەكەم، یەكێكیان جارێ ئاشكرا ناكەم، بەڵام گۆرانییەكی سۆرانیشم لەبەر دەستە كە دوای ماوەیەك تەواو دەبێت و دەكەوێتە سەر شاشەی كەناڵە كوردییەكان، بۆ یەكەمجار بە شێوەزاری سۆرانی گۆرانی دەڵێم، ئەم گۆرانییەش بە ریتمێكی شادە، دەمەوێت دڵی خەڵكی خۆش بكەین، چونكە گەلی كورد گەلێك ناخۆشی بینیوە، ئێستا كاتی خۆشی و هەڵپەڕینە. بەڵام ئێستا لە بەرنامەم نییە ئەلبووم بڵاو بكەمەوە، چونكە تاوەكو كۆپی رایتی نایاسایی لە كوردستان جێبەجێ بكرێت، ئامادە نیم ئەلبووم بخەمە بازاڕەوە، بە ئارەزووی خۆیان كۆپی بكەن و بیفرۆشنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بارودۆخەكە لە كوردستان گونجاو نییە بۆ بڵاوكردنەوەی ئەلبووم، دواتریش هێشتا تەمەنم بچووكە بۆ ئەلبووم بڵاوكردنەوە «بە پێكەنینەوە»، پێموایە گۆرانی سینگل باشترە.
دیلانار یەكێكە لەو هونەرمەندانەی كە كاریگەرە بە هونەرمەندە رەسەنەكان و لەو بوارەوە دەڵێ: كە دەستم بە گۆرانی گوتن كرد، بە گۆرانی خۆم دەستم پێكردو لاسایی كەسم نەكردووەتەوە، بەڵام هەست و ئەداو تام وچێژی گۆرانی دەتوانیت لاسایی بكەیتەوە، بەڵام من هەمیشە گوتمە كە بە گۆرانییەكانی تەحسین تەهاو ئەیاز زاخۆیی گەورە بووم و هەستی ئەم هونەرمەندە لە ناخمدا لەگەڵم گەورە بووەو سوودم لێ وەرگرتوون. لە هونەرمەندە گەنجەكانیش گوێ لەهەموویان دەگرم، بەڵام زۆر شەیدای دەنگی ئاشڤان فەرەجم، دەنگ و گۆرانییەكانی زۆر خۆش و بەچێژن، لە هونەرمەندە سۆرانییەكانیش زۆر زۆر حەز لە دەنگی ئەیوب عەلی و چۆپی فەتاح دەكەم، لای من ئەوان زۆر تایبەتن.
لە كۆتاییدا سەبارەت بە بوونی ئافرەتان لە بواری هونەردا گوتی:
بە رای من كچانی دەنگخۆشمان گەلێك زۆرن، بەڵام بەداخەوە لە كوردستان بە چاوێكی خراپ سەیری هونەرو هونەرمەندان دەكرێت، لەگەڵ ئەوەشدا من ئەوانیش بە حەق دەزانم، چونكە بەشێك لە گۆرانیبێژان هونەریان سووك كردووەو كاری زۆر خراپ بەناوی هونەرەوە دەكەن، بۆیە لەبەر چاوی كۆمەڵگەی كوردی هونەریان ناشیرین و پیس كردووە.