یەڵدا عەباسی : مۆسیقای كۆن و رەسەن لە خوێنمدایە .

یەڵدا عەباسی : مۆسیقای كۆن و رەسەن لە خوێنمدایە .
یەڵداعەباسی یەكێكە لە هونەرمەندە بە تواناكانی كوردانی خوراسان كە هەرچەندە خوێندنی تا راددەیەك لە هونەرەوە دوورە، بەڵام ئەو توانیویەتی پەرە بە هونەرەكەی بدات و بە هاوكاری دایكی ببێت بە یەكێك لە هونەرمەندە ناسراوەكان لە نێو كوردانی خوراسان و جگە لە گۆرانی وتن و ژەنیاری یەڵدا لە نواندنیشدا جێ دەستی دیارە.
یەڵدا لە دایكبووی شاری شێروانە و لە تەمەنی پێنج ساڵیدا بەشداری لە نواندندا كردووە، لەم بارەیەوە دەڵێ: یەكەم ئەزموونی هونەریم لە تەمەنی پێنج ساڵی بوو ئەویش فیلمێكی مۆسیقی بوو لە دەرهێنانی دایكم، دواتر لە تەمەنی یازدە ساڵیدا رووم لە ژەنینی ئامێری دووتار كرد لەسەر دەستی چەند مامۆستایەكی بە توانا لەو بوارە وەك ماجد ئەحمەد و هەردوو برا رەمەزان و مامۆستا فەرید، سوپاس بۆ خوا ئێستا لە ژەنینی ئەم ئامێرە سەركەوتووم، لەمەشدا رۆڵی سەرەكی بۆ دایكم دەگەڕێتەوە كە رێگای پێنیشاندام و هاوكاری كردم و تا ئێستاش بەردەوامە لە هاوكاری كردنم هەروەها ناكرێ رۆڵی باوكیشم لە یاد بكەم.
سەبارەت بە هەڵبژاردنی بواری مۆسیقا یەڵدا دەڵێ: مۆسیقای كۆن و رەسەن لە خوێنمدایە و من لەگەڵی ژیاوم، بۆیە بواری مۆسیقام هەڵبژارد لە نێو چەندین بواری دیكە، هەروەها هەوڵ دەدەم لە رێگای هونەرەكەمەوە مۆسیقای دەڤەرەكەم بپارێزم و پەرەی پێبدەم، چونكە جەماوەری ئەم مۆسیقایە زۆرە لە نێو كوردانی خوراسان و هونەرمەندانیش خەبات دەكەن لەم پێناوەدا، دەبێ ئەوەش باس بكەین كە زۆر لە ئافرەتان هەن توانیویانە لەگەڵ گرووپە هونەرییەكان شان بە شانی پیاوان كاری مۆسیقا بە باشی ئەنجام بدەن و شوێن پەنجەیان دیارە.
Top