نارین فەقە : هونەرمەندان رۆڵی خۆیان لەرووی نەتەوەیی و نیشتمانییەوە بینیوە .
سەرەتا سەبارەت بە كار و بەرهەمی نوێی خۆی، نارین فەقە وتی: بێگومان بەرهەمی نوێم دەبێت، بەڵام من یەكێكم لەو هونەرمەندانەی كە لە كاری هونەریدا پەلە ناكەم و هیچ كارێك بەبێ پلانێكی پێش وەختە ئەنجام نادەم، چونكە هونەری پێویستی ناسنامەیەكی تێدا و ئامانجێكی هەبێت و جگە لە گۆرانییەكانی ئەڤینداری، پێویستە پەیامێك بە خەڵك بگەیەنێت، لە دوای ئەلبوومی (زمانێ داێی و سەمفۆنیای شنگال)، ئێستا سەرقاڵی چەند بەرهەمێكی سنگڵم كە لە سروودی نیشتمانی و نەتەوەیی و گۆرانی فۆلكلۆری و ئەڤینداری پێكهاتووە بە ستایلە جیاوازەكانەوە، لە ئێستادا ناتوانم كاتی بڵاوكردنەوەیان دیاری بكەم، بەڵام من بەردەوامم لە كاری هونەری.
نارین هۆكاری بڵاوكردنەوەی گۆرانی سینگڵ بۆ نەبوونی بازاڕ گەڕاندەوە و گوتی: بازاڕی كارە هونەرییەكان مردووە، ئێستا لە سەرتاسەری جیهان سۆشیال میدیا كۆنتڕۆڵی بەسەر بازاڕدا كردووە، وەك جاران كڕینی ئەلبووم نەماوە، تەنانەت من لەو باوەڕەدام كە بە یەكجاری نەمینێت، بۆیە كاری سنگڵ بۆ هونەرمەندی كورد بەتایبەتی لەبەر ئەوەیە كە هونەرمەندانی كورد هیچ مافێكیان بەسەر ئەلبوومەكانی خۆیدا نەماوە و بە ئاسانی كۆپی دەكرێ و مافی پارێزراو نییە، من زۆر جار دووچاری ئەو كارە بوومەتە و بەرهەمەكانی من بەر لەوەی بڵاو بكرێتەوە، كۆپی كراو، لەبەر ئەوە كارێكی نۆرماڵە كاتێك هونەرمەندانی كورد روو لە كار سینگڵ دەكەن چ بە گۆرانی یان كلیپ، هەروەها هونەرمەند خۆی دەزانێت چۆن بەرهەمەكەی خۆی بڵاو دەكاتەوە و سوودی لێ دەبینێت جا بە سنگڵ بێت یان ئەلبووم، بەڵام گرنگ ئەوەیە هونەرێكی رەسەن و جوان پێشكەش بكات، چونكە ئەلبووم سەرمایەی هونەرمەندە بۆیە گرنگ ئەوەیە هونەرەكەی رەسەن بێت ئەو ئەلبوومە دەبێتە هۆی ئەوەی كە بەهاكەی بەرزتر بێتەوە. دیارە كە هەر كەسێك ناتوانێت ببێت بە هونەرمەند، بەداخەوە ئێستا هەر كەسێك بیەوێ مایكەكەی بەرز دەكاتەوە دەست بە گۆرانی دەكات و خۆی بە هونەرمەند دادەنێت لەبەر ئەوەی هیچ فلتەرێك نییە بۆ ئاستی هونەرمەندان.گرنگ ئەوەیە ئەو هونەرمەندانەی ئێستا لە گۆڕەپاندان بتوانن هونەرێكی رەسەن و پڕوفیشناڵ پێشكەش بكەن و خزمەتێك بە هونەری نەتەوەكەمان بگەیەنین.
لە بارەی پەیوەندی نێوان هونەر و سیاسەت بەتایبەتی بۆ هونەرمەندی كورد نارین دەڵێ: پێموایە هونەر و سیاسەت دوو كاری جیان و پێویستە هیچ كاتێك هونەرمەند نەبێتە هۆكارێك بۆ بڵاوكردنەوەی سیاسەت لە نێو كارە هونەرییەكانی خۆیدا، بەڵام كارێكی زۆر ئاساییە كە هونەرمەند لە بەرهەمەكانی خۆیدا باس لە خۆشەویستی وڵات و نیشتمان و نەتەوە بكات، ئەمە كارێكە من هانی هەموو هونەرمەندان دەدەم كە گرنگی زیاتر بەم لایەنە بدەن، چونكە ئەمە ئەركی هونەرمەندە بەتایبەتی لە كاتی پرسە چارەنوسسازەكان كە رووبەڕووی میللەتەكەمان دەبێتەوە و پێویستی بە یەكریزی و تەبایی هەیە.
سەبارەت بە رۆڵی هونەری كورد لە كێشە نەتەوەییەكان نارین دەڵێ: ئەوەی من لە دوای شەڕی تیرۆریستانی داعش لە میدیای كوردی تێبینیم كردووە، ئەوە بوو كە بەڵێ هونەرمەندانی كورد رۆڵی خۆیان بینیوە لەو شەڕەدا و درێغییان نەكرد و نەوەستان لە كارە هونەرییەكانیان دەربارەی كوردستان، پێشمەرگە، شەهید ئەمەش مایەی دەستخۆشییە، بەڵام دواتر تێبینم كرد كە هەندێك فلتەر نەما و هەر هونەرمەندێك بە ستایلێكی تایبەتی خۆیەوە كاری هونەری پێشكەش كرد، لێرەدا دەمەوێ ئاماژە بەوە بكەم كە دوو لە بەرهەمە هەر گەورەكان كە لەم سەردەمەدا پێشكەش كران دژ بە تیرۆر و تیرۆریستان و هەموو دوژمنانی كورد و كوردستان هەردوو بەرهەمی (پێشمەرگە و شنگال) بوون كە بەڕاستی شوێنی خۆیان لە نێو هونەری كوردیدا كردووە و بوونەتە دوو بەرهەمی دەوڵەمەندی نێو مێژووی هونەری كلاسیكی كوردیدا، من خۆشحاڵ و سەربڵندم كە وەك هونەرمەندێكی رۆژئاوای كوردستان لە سیمفۆنیای شنگالدا بەشداریم كرد، لێرەدا بە پێویستی دەزانم كە سوپاسی تۆڕی میدیای رووداو و مامۆستا دڵشاد محەمەد سەعید بكەم كە زۆر ماندوو بوون لەو دوو بەرهەمەدا هەر لە سەرەتای درووستبوونی بیرۆكەكەیان تا كۆتاییان، هەروەها سوپاسی هەموو هونەرمەندە بەشداربووەكان دەكەم كە توانییان رۆڵی خۆیان ببینن، بە شێوەیەكی گشتی هەر هەموو بەرهەمەكان خزمەتیان بە كوردستان و پێشمەرگە و كێشەی نەتەوایەتی كورد كرد و پشتیوانییان لەو دۆزە رەوایە كرد و بوونە هۆكارێك بۆ بەرزكردنەوەی ورەی پێشمەرگە و میللەتی كورد لە هەموو پارچەكانی كوردستان.
لە بارەی گرنگی رۆڵی میدیا لە كاری هونەریدا بەشێوەیەكی گشتی خاتوو نارین دەڵێ: گومانی تێدا نییە كە رۆڵی میدیا بۆ هونەرمەند زۆر گرنگە لە سەرتاسەری جیهان، بەڵام ئەوەی كە گرنگە میدیاكان بە هیچ شێوەیەكی بابەتی (نا راست) دەربارەی هونەرمەندان بڵاونەكەنەوە، بەداخەوە لە كوردستان ئەمە گرفتێكی گەورەیە، زۆر جار هەواڵ و بابەتی نادروست بڵاودەكەنەوە، بۆ نموونە من وەك هونەرمەندێكی رۆژئاوای كوردستان بۆ من هیچ جیاوازییەك لەنێوان پارچەكانی كوردستاندا نییە، كە ماوەی زیاتر لە دە ساڵە من لە بواری هونەریدام، بەداخەوە تا ئێستا هەندێك رۆژنامەنووس نازانن من لە كام پارچەی كوردستانم و زۆر جار زانیاری نادرووست لەسەر ژیانی من بڵاوكراوەتەوە ئەمەش مایەی شەرمەزارییە، هیوادارم راگەیاندن خزمەت بە هونەر بكات، بەڵام خزمەتێكی درووست بكەن.