لالە ئەسكەندەری : هونەرمەندیش ژیانی تایبەتی خۆی هەیە و پێویستە رێزی لێ بگیرێ .

لالە ئەسكەندەری : هونەرمەندیش ژیانی تایبەتی خۆی هەیە و پێویستە رێزی لێ بگیرێ .
لالە ئەسكەندەری ساڵی 1975 لەدایكبووە لە زانكۆی ئازادی ئیسلامی لە تاران لە بواری گرافیك خوێندوویەتی، هەروەها فۆتۆگراف بووەو چەندین پیشانگای فۆتۆگرافی كردووەتەوە، نزیكەی 21 ساڵە لە بواری فیلمدا كاردەكات و تا ئێستا بەشداری لە دەیان فیلم و زنجیرەی تەلەفزیۆنیدا كردووە، هەروەها یەكێكە لە شێوەكارە ناودارەكانی ئێران و تابلۆ و كارە هونەرییەكانی زۆربەی شەقامەكانی تارانی رازاندۆتەوە.
لالە سەبارەت بە سینەمای ئێرانی دەڵێت: سینەمای ئێرانی لە ساڵانی رابردوو لەسەر ئاستی جیهان بە گشتی هەنگاوی زۆری هاوێشتووە، ئەمەش بووەتە مایەی ئەوەی كە لەسەر ئاستی جیهان سوودی لێ ببینرێت، زۆر لە سینەماكارە ئێرانییە ناودارەكان لە دەرەوەی ئێران كاریان كردووەو سەركەوتنی بەرچاویشیان بە دەستهێناوە، بۆیە دەبینین فیلمەكانیان خەڵاتی سینەمایی بەرز بەدەست دەهێنن، هەروەها سینەماكارە ئێرانییەكان لە فیستیڤاڵە جیهانییەكاندا بوونیان بەرچاوە لە هەموو بوارەكاندا.
دەربارەی ژیانی تایبەتی ئەكتەر و هونەرمەندان لالە دەڵێت: هونەرمەندیش وەك هەرمرۆڤێكی ئاسایی ژیانی تایبەتی خۆی و پێویستە رێزی لێ بگیرێ، رەنگە خەڵك زیاتر بیناسن و ئاشنای كارەكانی بن، بەڵام بە گشتی ئەویش مرۆڤە وەك هەموو مرۆڤێك ئاسایی دەژیت و یەكێك لە بابەتە گرنگەكانی ژیانی بریتییە لە پێكهێنانی ژیانی هاوسەری، بە رای من هیچ تەمەنێكی دیاریكراو نییە بۆ چوونە نێو ژیانی هاوسەرێتی و هەر كاتێك مرۆڤ هەستی كرد لە رووی هزری و دەروونی ئامادەیە بچێتە نێو ئەم ژیان نوێیە، پێویستە ئەو كاتە كەسێك هەڵبژێرێت بۆ ئەوەی بە یەكەوە ژیانێكی نوێ دەست پێبكەن و خێزانێك بونیاد بنێن، بۆیە من وای دەبینم ناكرێ تەمەنێكی دیاریكراو بۆ چوونە نێو ژیانی هاوسەرێتی بەسەر نەوەكان بسەپێنین، چونكە گەیشتنی هەر كەسێك بەو قۆناغە جیاوازە.
Top