كەوسەر جەبارە :بەشێك لە فیلمە كوردییەكان توانیویانە وێنای راستەقینەی كارەساتەكانی گەلی كورد بكەن.
سەبارەت بە راوبۆچوونی لەبارەی شێوازی بەڕێوەچوونی فیستیڤاڵی ئەمساڵی سینەماو جیاوازی لەگەڵ ئەوانەی پێشوو، د.كەوسەر جەبارە گوتی: لەگەڵ هەبوونی چەند تێبینی و سەرنجێك بۆ فیستیڤاڵی ئەمساڵ، بەڵام ئەنجامدانی لەو بارودۆخەدا خۆی لەخۆیدا شتێكی باشە، رەنگە هەندێك لایەنی لە فیستیڤاڵی حەوتەم باشتر بوو، لەهەمانكاتدا كەموكورتیی زۆر بە سەرپەرشتیی فیستیڤاڵەكەوە دیار بوو، بە رای من خەڵكانی پسپۆڕی زیاتری پێویست بوو، بەڵام ئەوەی جێگای دڵخۆشی بوو، ئەوە بوو كە ئەمساڵ شوێنی بەڕێوەچوونی فیستیڤاڵەكە باشتر بوو، كوالیتی سینەما و فیلمەكان ئەمساڵ دڵخۆشكەر بوو.
د.كەوسەر جەبارە كە لە هەمان كاتدا رەخنەگرو شیكەرەوەی سینەمایە، لەبارەی جۆری فیلمەكانی بەشدار بووی فیستیڤاڵی هەولێر گوتی: فیلمی باش و فیلمی خراپ لە فیستیڤاڵەكە هەبوو، بەداخەوە بینەری فیلمەكان لە ئاستی پێویست نەبوو، جاری وا هەبوو بینەر بە ژمارەی پەنجەكانی دەست لە فیلمەكان ئامادە بوون، كاری هونەری واش هەبوو شوێنی دانیشتنی نەمابوو. شتێكی باش بوو كە فیلمەكان بەخۆڕایی بوو، هەروەها هەر فیلمێك بۆ چەندین جار لە هۆڵی دیكە دووبارە دەبوویەوە بۆ ئەوەی زۆرترین كەس بتوانێت سەیری فیلمەكان بكات. بەڵام ئەوەی لە رۆژانی فیستیڤاڵەكە تێبینیم كرد كە تەنها فیلمكاران ئامادەی بینینی فیلمەكان بوون، لە بارەی فیلمەكانیش بابەتەكانیان زۆر جوان بوون، بەڵام هەندێكیان وەك پێویست تەوزیف نەكرابوون، ئەمە وای كردبوو بەرۆكەكە وەك خۆی بە بینەر نەدەگەیشت، ئەمەش بە یەكێك لە نەرێنییەكان دادەنرێت، چونكە بەشێكی زۆریان لە ئاستێكی باشدا بوون، ئەگەر دەرهێنەر بەتوانا و زیرەك بێت، دەتوانێت لە كاتی تەوزیفكردنی بابەتێك ئەگەر لە ئاستێكی زۆر بەرزیشدا نەبێت، شتێكی جوان پێشكەش بە جەماوەر بكات.
سەبارەت بە پەیامی فیلمەكان كەوسەر جبارە دەڵێت: بەشیك لە فیلمەكان بە تەواوی پەیامی خۆیان گەیاند، بەڵام بەشێكیشیان جەماوەریان لە حاڵەتێكی وەكو چاوەڕوانیدا هێشتەوە، چونكە لە سەرەتای فیلمەكە چەند پرسێك دەخاتەڕوو بێ ئەوەی بگاتە وەڵامی پرسیارەكان و بە دوای ئەڵقەیەكدا دەگەڕێت كە لێی ون بووە، ئەمەش هەندێكی هۆكاری بۆ خودی دەرهێنەر دەگەڕێتەوە، یان بۆ دەقە ئەسڵییەكە دەگەڕێتەوە، بەڵام بە ئەنقەست نییە، بەمەش فیلمەكە بەهای خۆی لە دەست دەدات و جەماوەر لە كۆتاییدا ئەو شتەی بۆی دەگەڕێت، نایدۆزێتەوەو وا بیردەكاتەوە كە فیلمێكە كەموكوڕییەكی سەرەكیی تێدایە. چونكە ئەگەر بە ئەنقەستیش ئەو ئەڵقەیە شاراوە بێت، ئەوا لە كۆتاییدا ئاشكرا دەبێت، وەك لە ئەدەبدا هەیە كە ناچارت دەكات تا كۆتایی بەردەوام بی بۆ ئەوەی بگەی بەو ئەنجامەی تۆ دەتەوێ .
سەبارەت تووڕەیی جەماوەر لە سینەما و بەچۆنییەتی هاندانی بۆ ئەوەی روو لە هۆڵەكانی سینەما بكاتەوە، كەوسەرجبارە گوتی: زۆر جار ئەو هۆكارانەی باسمان كرد، دەبنە هۆكار بۆ ئەوەی لە سینەما دوور بكەوێتەوە، هەندێك جاریش ئەو بابەتانەی كە باس دەكرێن وەك خستنەڕووی واقیع، دیارە واقیعی ئێمەش زۆر سەخت و پڕە لە نەهامەتی، بینەر دێ سەیری فیلمێك دەكات تاكو بتوانێت لەو واقیعە دوور بكەوێتەوە و كاتێك هەمان واقیع دەبینێت، بێزار دەبێت، بەتایبەتی ئەگەر چارەسەركردنەكە باش نەبێت، چونكە ئەو چێزەی پێشبینیی دەكرد، نەیبینی، ئەمەش دەبێتە هۆكارێك تاكو لە سینەما تووڕە بێت، بەڵام دەكرێ قوتابی بە كۆمەڵ بێن بۆ سەیری سینەما، تاكو بزانن ئاستی سینەمای كوردی گەیشتۆتە كوێ، یان هاووڵاتیان لەگەڵ خێزانەكانیان لە جیاتی ئەوەی بچن لە مۆڵێك بگەڕێن، دەتوانن بێنە هۆڵەكانی سینەما و سەیری فیلمێك بكەن، یاخود هوشیاری بدەن بۆ گەشتیارانی دەرەوەی كوردستان كە ئەوانیش چەند ساتێكی خۆیان لە گەشتەكەیان تەرخان بكەن و بێن سەیری فیلم بكەن.
دەربارەی ئەوەی كە ئایا سینەمای كوردی توانیویەتی وەكو پێویست سوود لە كارەسات و نەهامەتییەكانی گەلی كوردستان وەربگرێت و بۆ نەوەی داهاتووی بگوازێتەوە، كەوسەر جەبارە دەڵێت: بەڵێ، بەشێك لە فیلمەكان سەركەوتوو بوون لە گواستنەوەی و وێناكردنی كارەساتەكان بۆ نەوەكانی داهاتوو، بەتایبەتی فیلمە دیكیۆمنتارییەكان چەند كێشەیەكی گرنگیان بە جوانی خستۆتەڕوو، ئەو فیلمانە بە جێگیری دەمێننەوە و ناگۆڕێن بە گۆڕانی شوێن و كات و بینەر، بۆ نموونە ئەگەر سەیری فیلمێكی ساڵانی پەنجاكان، یان شەستەكانی سەدەی رابردوو بكەین، ببینین هەر هەمان فیلمە، بەڵام لێكدانەوەو شرۆڤەكردنی گۆڕاوە، سەرنجڕاكێشە و دەتوانین رووداوەكانی فیلمەكە لەسەر واقیعی ئێستامان ببینین.
یەكێك لە گرفتەكانی ئێستای سینەمای كوردی سیناریۆیە، لەم رووەوە كەوسەر جەبارە دەڵێت: ئەم گرفتە تەنیا لە سینەمای ئێمەدا نییە، بەڵكو لە هۆلیۆدیش هەیە، دەتوانین بە زۆر شێواز ئەمە چارەسەر بكەین، لەوانە ئامادەكردنی كادرێكی نوێی تایبەت، گرنگی زیاتر بە بەشی سیناریۆ بدرێت و و تایبەتمەندییەكانی سیناریۆ زیاتر لێی وردبینەوە، چونكە سیناریۆ بریتییە لە نووسینەوەی وشە، بەڵام نووسینەوەیەك كە وێنەشی لەگەڵ بەجۆرێك پێویستە لە كاتی خوێندنەوەی وشەكان وێنەكان ببینرێت، هەروەها دەتوانرێت پەیڕەوی قوتابخانەیەك، یان مەنهەجێكی تایبەتی سیناریۆ بكرێ، نووسینەوەی سیناریۆكانیش كارێكی گرنگە بۆ پێشخستنی سیناریۆكان.