ئەمیرە بە تابلۆیەك پشتگیری لە ریفراندۆم دەكات.

ئەمیرە بە تابلۆیەك پشتگیری لە ریفراندۆم دەكات.
تابلۆی (بەڵێ بۆ سەربەخۆیی) یەكێكە لە تابلۆكانی خانمە هونەرمەندی شێوەكاری كورد ئەمیرە ئەلوەنداوی كە بەم دواییە تەواوی كردووە و گوزارشت لە گرنگی پرۆسەی ریفراندۆم دەكات و داوا لە خەڵكی كوردستان دەكات كە لە رۆژی 25/9/2017 بە دڵ و گیان ئامادە بن و دەنگ بۆ سەربەخۆیی بدەن و ئەم رۆژە بكەن رۆژی ئاهەنگ و شادی.
لەم بارەیەوە ئەمیرە لە لێدوانێكدا وتی: رۆژی ریفراندۆم مێژووییە بۆ میللەتی كورد، رۆژی گەیشتنە بە مافە رەواكانمان و دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان، منیش وەك كوردێك هەوڵمداوە لە ریگای كارێكی هونەرییە پشتیوانی و پشتگیری خۆم بۆ ئەم پرۆسە مێژووییە دەرببڕم ئەویش بریتییە لە تابلۆیەك بە ناوی سەربەخۆیی.
دەربارەی بیرۆكەی تابلۆكە ئەمیرە ئەلوەنداوی وتی: بیرۆكەی تابلۆیەكە رۆژی 8/6/2017 كە رۆژی دیاری كردنی وادەی ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستانە لەلایەن سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانەوە، منیش وەك هونەرمەندێكی كورد بڕیارمداوە بە تابلۆیەك بەشداری لەو پرۆسە مێژووییەدا بكەم كە گوزارشت لەم ساتە مێژووییەدا بكەم لە مێژووی گەلی كوردستان و ئەویش بە شێوازی تایبەتی خۆم.
دەربارەی ناوەڕۆكی تابلۆكە ئەمیرە وتی: (بەڵێ بۆ سەربەخۆیی) گوزارشت لە وشەی (بەڵێ) دەكات كە بەچەندین زمانی جۆراوجۆری نەتەوەكانی كوردستان نووسراوە ئەمەش وەك هێمایەك بۆ ئەو فرە رەنگیە نەتەوەیی و ئاینییەی كە لە كوردستاندا هەیە و لە كۆتاییدا ئاڵای كوردستان پێكدەهێنن وەك هێمایەك بۆ كۆدەنگی پێكهاتەكانی و هەوڵدانیان بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسەیە و گەیشتن بە ئامانجە گەورەكە كە بریتییە لە سەربەخۆیی كوردستان.
ئەمیرە ئاماژەی بەوەش كرد تەواوبوونی تابلۆكەی نزیكەی دوو مانگی خایاند هەر لە دانانی دیزاینە سەرەتاییەكانی تاكو تەواو بوونی و زیاتر وتی: دوو تابلۆی هاوشێوەیەی یەكترم درووستكردووە، بەڵام یەكیان تەنیا وشەی (بەڵێ)ی بە زمانی كوردی لەسەر نووسراوە و لەبەر قەبارەی گەورەی هەردوو تابلۆكە زۆر بە زەحمەت توانیم لە ئەڵمانیاوە بیانهێنمەوە كوردستان و ئاستەنگی زیاتری بۆ درووستكردم لە زۆر رووەوە، بەڵام هەرچۆنێك بێت توانیم لە كاتی خۆیدا بیگەینمە كوردستان بۆ بەشداری كردن زەماوەندی ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان.
لە كۆتاییدا ئەمیرە ئەلوەنداویی هونەرمەند وتی: خەونی گەورەی من ئەوەیە كە ئەم تابلۆیە لە هەڵمەتی پروپاگەندەی ریفراندۆمدا بەشێوەیەكی بەرفراوان سوودی لێ وەربگیرێت جا بەكارهێنانی بێت لە پۆستەرەكان یان لە رێگای چاپ و هۆكاری دیكەی ئەلیكترۆنی و لە كۆتاییدا شوێنێكی هەبێت لە مۆزەخانەی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان كە زۆر نزیك بۆتەوە.
Top