بە دڵ و گیان و رۆحێكی كوردانە بەڵێ بۆ سەربەخۆیی كوردستان
چەندین ساڵە دوژمنانمان بە هەموو شێوەیەك هەڵماندەخەڵتێنن و هەوڵی سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەییمان دەدەن و زەویمان داگیر دەكەن و جینۆساید و ئەنفال و كیمیا بارانمان دەكەن، بۆیە دەڵێم لەپێناو بەرز راگرتنی خوێنی شەهیدە نەمرەكانمان و پێشمەرگە قارەمانەكانمان، لەپێناو خاكی كوردستان و زیاتر لە 45 ملیۆن كوردی هەر چوار پارچەی كوردستان هیوادارم میللەتی كورد لە باشووری كوردستان دەنگ بدەن و بڵێن (بەڵێ)، چونكە ئەمە دەرفەتێكە بۆ كورد رەخساوە و پێویستە بە هەموو شێوەیەك هەوڵ بدەین لە دەست خۆمانی نەدەین.
ریفراندۆم و سەربەخۆیی مافێكی رەوای ئێمەیە وەكو هەموو میللەتانی دنیا و هەر كەس و وڵاتێك دژی ئەم مافە بوەستێتەوە ئەوا دژایەتی پرەنسیپە مرۆییەكانی مافی مرۆڤ و بنەماكانی دەكات، ئێمەش مافی ئەوەمان هەیە لەسەر خاكی خۆمان بە مێژوو و كەلتووری خۆمان، بە فەرهەنگ و رەسەنایەتی و قارەمانییەتی خۆمان دەوڵەتی خۆمان هەبێت و دواڕۆژێكی پرشنگدار بۆ نەوەكانی داهاتوومان دیاری بكەین و لە نێو كۆڕ و كۆبوونەوە نێودەوڵەتیەكان بە سەر بەرزییەوە بڵێین ئێمە كوردین و وڵاتمان كوردستان و ئاڵاشمان بە سەربەرزییەوە بشەكێتەوە لە نێو ئاڵای وڵاتان، چونكە ئێمە میللەتێكی زیندوو و وشیارین، هەر میللەتێكی تر بە قەد ئێمە قوربانی دابایە و تووشی دەردەسەری و نەهامەتی و كیمیا باران و ئەنفال و جینۆساید هاتبا بێگومان لە ناودەچوو و نەدەما، بەڵام ئێمە سەلماندمان كە نموونەی قارەمانین و دوا داستانیش كە تا ئێستا بەردەوامە شەڕی داعشە كە بە هێز و بازۆی پێشمەرگە قارەمانەكانمان توانیمان ئەو ئەفسانەیەی كە مرۆڤایەتی بێزار كردبوو پوچەڵ بكەینەوە.
كاتێك منداڵ بووم زۆر جار لە قوتابخانەكاندا ئاڵای ژمارەیەكی زۆر وڵات بەرز دەكرایەوە، لە مامۆستاكانم دەپرسی بۆچی ئاڵای كوردستانیش بەرز ناكرێتەوە، هەستێكی زۆر ناخۆش بوو بۆ من كاتێك مامۆستاكانم دەیانگوت: كوردستان دەوڵەت نییە و ئەگەر دەوڵەتتان نەبێت بێگومان ئاڵاشتان نابێت، بۆیە زۆر جار بە گریانەوە دەهاتمەوە ماڵەوە بە هۆی هەڵنەكردنی ئاڵای كوردستان.
بۆیە بابەتی سەربەخۆیی بۆ نەوەكانی داهاتوومان دەڵێم بوونی دەوڵەتێكی سەربەخۆ زۆر گرنگە، بۆ ئەوەی چیدیكە وڵاتەكەمان بە دەست داگیركاراندا نەمینێ و ئازاد بێت وەك هونەرمەندێكی كوردی رۆژئاوای كوردستان بە دڵ و گیان و رۆحێكی كوردانەوە پشتگیری خۆم بۆ ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان دەردەبڕم و بە نەوەی نوێ دەڵێم بە جۆش و خرۆشەوە روو بكەنە سندوقەكانی دەنگدان و بە بەڵێ دەنگ بۆ سەربەخۆیی بدەن، چونكە ئەمە زۆر زۆر گرنگە بۆ داهاتوومان.