ئالین بە سروودی بارزانی بەشداری لە كەرنەڤاڵی ریفراندۆمدا دەكات
لە بارەی ریفراندۆمی گەلی کوردستانەوە لە لێدوانێكدا ئالین رایگەیاند: خۆشەویستی هونەرمەند بۆ هونەر و وڵاتەكەی گەورەترین هاندەری بەردەوام بوونیەتی لە هونەر و كاركردنی بەردەوام بۆ پێشكەش كردنی كاری جوان بە جەماوەرەكەی و خزمەتگەیاندن بە كوردستان لە رێگای هونەرەوە بەتایبەتی لەو قۆناغە مێژووییەی ئێستا میللەت كورد پێیدا تێپەڕ دەبێت کە میللەتی ئێمە لە باشووری کوردستان لەبەردەم دووڕیانێکی گەورە و چارەنووسسازدایە ئەویش بریتییە لە ریفراندۆم و هەنگاونان بۆ سەربەخۆیی کوردستان، و هێنانەدیی ئەو خەونەی سەدان ساڵە گەلی کوردستان چاوەڕوانیەتی، ئێمەی هونەرمەندانی کوردیش پێویستە بە هەموو هێز و توانایەکمانەوە پشتیوانی لەو پرۆسەیە بكەین و پێموایە كار و بەرهەمەكانمان باشترین هۆكار و وەلامە بۆ دوژمنان و لە هەمان كاتدا بۆ هاندانی رۆڵەكانی وڵات بۆ ئەوەی بە جۆش و خرۆشەوە بەشداری لەو پرۆسەیەدا بكەن.
ئالین دەربارەی كارە هونەرییەكانی خۆی و گرنگیدانی بە لایەنی نیشتمانی دەڵێ: هەموو كارە هونەرییەكانم بۆ خزمەت كردنی هونەر و كەلتووری كوردی، بەڵام ژمارەیەك سروودم تایبەت بوو بۆ كوردستان و ئەو تراژیدیا و كارەساتانەی رووبەرووی میللەتەكەمان بوونەتەوە و دوایینیان گۆرانییەك بوو بە هەردوو زمانی كوردی و ئەڵمانی كە لە بەرەكانی جەنگی داعش كلیپەكەمان تۆمار كرد لە نێو هێزی پێشمەرگە ، ئێستاش لە سەرووبەندی ئەنجامدانی ریفراندۆم سروودێكی نوێم تەواو كردووە بە ناوی (بارزانی) كە مامۆستای نەمر ئارام تیگران پێشكەشی كردووم و مافی وتنەوەی پێبەخشیوم، منیش پێشكەشی گەلی كوردستانی دەكەم بە بۆنەی ئەنجامدانی ریفراندۆم، لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا تۆمارمان كردووە و بە كلیپیش بڵاوی دەكەمەوە، لە دەرهێنانی رێناس میرانە، ئەم گۆرانییە باس لە گەورەیی سەرۆكی نەمر مستەفا بارزانی و رۆڵی ئەم سەركردە نەمرە لە خەباتی بزاڤی ئازادیخوازی میللەتەكەمان لە پێناو گەیشتن بە ئامانجەكانمان و هێنانەدیی خەونەكانمان كە خۆیان لە سەربەخۆییدا دەبینێتەوە.
ئالین هەروەها دەڵێ: بەم سروودە نوێیە پشتیوانی و پاڵپشتی خۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان و زیندوو كردنەوەی خەباتی سەركردە نەمرەكانمانە و هیوادارم توانیبێتم خزمەتێك بە هونەری كوردی بكەم و بەم بۆنەیەوە دووبارە داوا لە هەموو میللەتی كوردستان دەكەم روو لە سندوقەكانی دەنگدان بكەن بە (بەڵێ) دڵسۆزی و وەفاداری خۆیان بۆ كوردستان دووپات بكەنەوە و دوژمنانمان بێ ئومێد بكەن.