دوتمیر بە (كوردستان) پشتیوانی لە ریفراندۆم دەكات
كچە هونەرمەندی رۆژهەڵاتی كوردستان دۆتمیر گۆرانییەكی نوێی ئامادە كردووە بە ناوی (كوردستان) كە بە بۆنەی ئەنجامدانی ریفراندۆمی كوردستان پێشكەشی هەوادارنی دەكات و لە رێگای ئەو گۆرانییە نوێیەوە دەیەوێ بەشداری لە پرۆسەی ریفراندۆمدا بكات.
لەم بارەیەوە دۆتمیر رایگەیاند: وەك كچێكی رۆژهەڵاتی كوردستان و دانیشتووی وڵاتی سوید پڕ بە دڵ پشتیوانی خۆم بۆ ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان دووپات دەكەمەوە، چونكە ئێمەی كوردانی تاراوگە زیاتر بە ئازارەكانی نەبوونی دەوڵەت دەكەین و دەیان ساڵە ئەم ئازارە لە ناخی خۆماندا دەچێژین ، هەروەها ئەنجامدانی ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان خەونی دەیان ساڵەی خەباتی نەپساوەی میللەتی كورد و وەفادارییە بۆ خوێنی شەهید و ئەنفالكراوانی كوردستان و وێرانكردنی شار و گوندەكانی وڵاتەكەمان، من وەك هونەرمەندێك بە پێویستم زانی بە كارێكی هونەری پشتیوانی خۆم ئەو ریفراندۆم بۆ ئەم مەبەست سروودێكی نوێم تەواو كردووە بە ناوی كوردستان.
دەربارەی سروودەكەش دۆتمیر وتی: تێكستی سروودەكە هی رەشۆ عەیشانە، كە هاوڕێیەكی ئێزیدییە، لە ئیستەنبول تۆمارمان كرد، ئەرانجور یەشار یاپشترنیان كە كوردێكی باكووری كوردستانە و كلیپەكەشمان لە سوید تەواو كرد لەلایەن كۆمپانیای ئەجدی موزیك پرۆدەكشن بووەو گروپا کۆما هاڤین بەشدار بوون، مەبەستی سەرەكیم لەو سروودە جگە لەوەی بە ئەركێكی نیشتمانی خۆمی دەزانم، هەروەها هاندانی خەڵكە بۆ ئەوەی بە گڕوتینێكی زیاترەوە روو لە سندوقەكانی دەنگدان بكەن و بە (بەڵێ) دەنگ بدەن.
لە بارەی هاتنی بۆ كوردستان بەتایبەتی لە ئێستادا كە گەلی كوردستان سەرقاڵی ئاهەنگ و كەرنەڤالی سەربەخۆیی و ریفراندۆمە دۆتمیر دەڵێ: من قوتابیم و لەسەر ئەركی خۆم چەندین سروود و گۆرانیم پێشكەش بە میللەتەكەی خۆم كردووە كە ئەمەش بۆ من تا راددەیەكی زۆر سەختە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش حەزم دكرد منیش لە كەرنەڤالی ریفراندۆم بەشداری بكەم بە دەنگی خۆم لە ئاهەنگ و كۆنسێرتەكانی سەربەخۆیید بەشداری بكەم و لە نزیكەوە بەشداری لە حەماسەت و جۆش و خرۆشی میللەتەكەم بكەم و بەشداریم هەبێت لەو رووەوە،چونلە سەربەخۆیی کوردستان خەونی کوردانی هەموو پارچەکانی کوردستانە و کورد لە هەر شونێکێی جیهان بێت تامەزرۆی ئەو رۆژەیە لێ بەداخەوە سەرەڕای ئەو ئەركە زۆرەی كە ئێمە دەیكێشین كەسێك نەبوو لەو رووەوە ئاوڕێك لە من و چەندان هونەرمەندی دیكە بداتەوە لە كاتێكدا چەند هونەرمەندی دیكە بانگهێشت كراون بۆ ئاهەنگەكانی ریفراندۆم بێ ئەوەی هیچ بەرهەمێكی تایبەتیان هەبێت بۆ ریفراندۆم و سەربەخۆیی.
لە كۆتایید لێدوانەكەیدا دۆتمیر دەڵێ: بوونی كوردستانی سەربەخۆ ئاوات و خەونی هەموومانە و پێویستە هەرچی هێز و توانامان هەیە لەو رووەوە بیخەینە گەڕ بۆ هێنانەدیی ئەم خەونە دێرینە، بەڵام هیوادارم لە دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستاندا كە پەنا بە خوا زۆر نزیكە بە جددی ئاوڕێك لە ژیان و بژێوی هونەرمەندان بدرێتەوە و بە یەكسانی هاوكاری بكرێن و ئەو نادادپەروەرییەی تا ئێستا هەبووە لە سایەتی دەوڵەتی كوردستان بنبڕ بكرێت، چونكە ئەوەتا بە چاوی خۆمان دەبینین كە هونەر رۆڵێكی سەرەكیی هەیە لە ناساندنی كەلتووری میللەتەكەمان بە جیهان و بە گۆرانی و موزیك ئێمە بە دنیای رادەگەیەنین كە ئێمەش میللەتێكین شایەنی ئەوەین وەك هەموو میللەتان دەوڵەتی خۆمان هەبێت.