ناجی سەلیمی : دەمەوێت لە رێگەی فیلمەكانمەوە ئازاری نەتەوەكەم بە گەلانی دنیا ئاشنا بكەم .
* چۆن بوو رووت لە بواری هونەر كرد؟
- گوێچەكەم بە گۆرانیەكانی هایدە و ماملێ كرایەوە و خۆشەویستی ئەوانیش پەلكێشی كردم بۆ سەرتەختی شانۆ و كە گوێشم لەو دەنگە رەسەنانە دەبێت ناخم بە تەواوەتی ئارام دەبێتەوە. لە دەسپێكی كارە هونەرییەكانم 2 گۆرانی هونەرمەندی نەمر مامۆستا (محەمەد ماملێ)ـم هۆنیەوە، یەكێك لە بەرهەمەكانی ئەویش كە ناوی (دەسماڵێ دەسماڵێ) بوو، منی وەك كچە هونەرمەندێكی رۆژهەڵات لە بۆكان و شارەكەی (حەسەن زیرەك)ـدا ناساند.یەكەم ئەلبوومیشم 6 تراكی لەخۆوە گرتبوو، 2 گۆرانی فارسی و چوار گۆرانی كوردیش بە ناوەكانی (دەسماڵێ دەسماڵێ، دەنگی هەناسەكەت، ساقیا، بێ قەرار، شیوەن، چون میروی) ئەو ئەلبوومەش دیارە رەنگدانەوەیەكی باشی هەبوو لە نێو جەماوەر و عاشقانی موزیك و گۆرانی، وای لێكردم كە پەرە بە هونەرەكەم بدەم.
* بە كام هونەرمەند زۆر سەرسامیت؟
- بێگومان، عاشقم بە دەنگی مامۆستا (حەسەن زیرەك)، كە قوتابخانەیەك بۆ هونەری گۆرانی رەسەن و تا هونەری كوردیش مابێت وەك ئەستێرەیەكی درەوشاوە دەمێنێتەوە. گۆرانی و موزیك لای من مانای ئەوە دەبەخشێت، كە هێشتا ژیان زیندووە و بەبێ هونەر و گۆرانی و موزیكیش هەڵناكەم و هەمیشەش لەبەر خۆمەوە گۆرانی دەڵێم. یان كە گوێم لە گۆرانیەك یاخود پارچە موزیكێك دەبێت بەزوویی هەست بە ئارام بوونەوەی ناخم دەكەم، ئەگەر گۆرانی و موزیكیش لە ژیاندا نەبووایە پێموایە ژیان هیچ مانایەكی ئەوتۆی بۆ نەدەمایەوە.
* تا چەند گرنگە هونەرمەند شارەزایی لە موزیكدا هەبیت؟
- من زۆر بە ئامێری ڤیۆلۆن دڵخۆشم و شارەزاییەكی زۆریشم لەو ئالەتە موزیكییەدا هەیە، چونكە پێموایە زور باشە شارەزا بیت و زۆر باشتر نۆتەكان دەناسێت، بەڵام ئەگەر شارەزاییشی نەبێت مانای ئەوە نییە كە ناتوانێت گۆرانی بڵێت یاخود گۆرانیبێژێكی باش نابێت، زۆر كەس هەن هیچ شارەزاییەكی ئەوتۆیان لە موزیك نییە، بەڵام بە باشترین گۆرانیبێژەكان دەناسرێن و ئەژمار دەكرێن.
* جگە لە گۆرانی شارەزاییت لە سینەماشدا هەیە و چەندین جار سەردانی هەرێمی كوردستانت كردووە، چۆن بوو لە هەردوو بواردا كاری هونەری ئەنجام دەدەی؟
- بەر لەوەی ببم بە گۆرانیبێژ كاری دەرهێنانم بۆ بەرهەمە سینەماییەكان دەكرد لە رێگەی كۆمپانیاكەمەوە كە هەر بە ناوی (ناجی)ـیە و خۆشم وەك دەرهێنەرێكی سینەمایی تا ئێستا ئامادەی چەندین فیستیڤاڵ بوومە لە هەولێر و سلێمانی و دهۆك، چونكە دەمەوێت سوود لە چیرۆك و كارە هونەرییەكانی ئەوانیشدا ببینم و بەراوردێك لە نێوان سینەمای رۆژهەڵات و باشووردا بكەم.
زۆر لە هاوڕێیانم هانیاندام بۆ ئەوەی لە بواری گۆرانی وتنیش خۆم تاقی بكەمەوە، هەروەەا دەمەوێ ئەوەش بڵێم كە خۆشەویستی من گۆرانی وایكرد، روو لە سینەما بكەم، لە بواری سینەما زۆرم كار كرد، بەم دواییەش دەرفەتی ئەوەم بۆ هاتۆتە پێش كە گۆرانی بڵێم كە خەونێكە منداڵیمە و زۆریش خۆشحاڵم كە سینەماكار و گۆرانیبێژ بم لە یەك كاتدا و لەو بڕوایەدا نیم كە هیچ یەكێك لەم دوو بوارە كاریگەریان بەسەر ئەویتردا هەبێت، هیوادارم لە گۆرانی وتنیشدا بتوانم خزمەتێك بە هونەری كوردی بكەم.
* بە حوكمی ئەوەی شارەزای بواری سینەمای پێتوایە بۆچی دەرهێنەرانی كورد پشت بە چیرۆكە كۆمەڵایەتیەكان دەبەستن؟
- كۆمەڵگەی ئێمە تا ئێستا خاوەن چەند چیرۆكی پڕ لە تراژیدییە و تووشی چەندین كارەسات و زوڵم و تاوان و كۆمەڵكوژی بووەتەوە، بۆیە ئەگەر بمانەوێت ئازارەكانمان بە جیهان ئاشنا بكەین دەبێت ئەو چیرۆكانە بكەین بە هەوێنی بەرهەمە سینەماییەكان، وڵاتانی دنیاش بە ئازار و ئەشكەنجەدانی میللەتەكەمان ئاشنا بكەین، پەیامی من لە رێگای سینەمادا ئەوەیە كە ژیان و خەم و ئازارەكانی كۆمەڵگەی كوردەواری لەگەڵ لایەنە باشەكانی ئەم كۆمەڵگەیە نیشان بدەم بە شێوەیەكی گشتی و لەنێو ئەمانەشدا بەشێوەیەكی تایبەت واقعی ژیانی ئافرەتانی كورد نیشان بدەم. من پێموایە سینەما یەكێكە لە هونەرە جوان و سەرنجڕاكێشەكان لە جیهاندا و گرنگی و كاریگەریی خۆی لەسەر هەموو بوارەكانی ژیاندا هەیە، خۆشەویستیم بۆ سینەما و كاری سینەما هەبوو و هەمیشە هەوڵمداوە تەنیا وەك چاودێرێك لە دوورە لە سینەما نەڕوانم، بەڵكو هەر حەزم كردووە منیش بەشداریم هەبێت لە سینەمای كوردی،
• لە گۆرانی و فیلمدا لە كام بواردا زیاتر خۆت دەبینییەوە؟
- لە هەردوو بواردا هەست بە ئاسوودەییەكی زۆر دەكەم، دەكرێ وا پێناسەی بكەم كە چۆن دایك لە نێوان دوو منداڵدا ناتوانێت جیاوازی لە خۆشەویستییان بكات، منیش بۆ ئەو بوارانە هیچ جیاوازییەك ناكەم، چونكە تەنیا شت كە منی هێشتووەتەوە لە ژیان گۆرانی و موزیك و فیلمە.