ئەمەل حجازی : لە هونەر و گۆرانی ووتن بە یەكجاری وازم هێنا.
كورتەیەك لە ژیانی هونەرمەند ئەمەل حجازی زۆر بەرهەم و كاری هونەریی سەركەوتوو دەخوێنینەوە , ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ لێهاتووی خودی خۆی بە شكاندنی بەربەستەكان و زاڵ بوونی بەسەر كێشە هونەرەییەكانی تا ئەمڕۆ , یەكەم كاری هونەری ئەمەل حجازی دەگەڕێتەوە بۆ ئەلبۆمی (اخر غرام) كە لە ساڵی 2001 بەرهەمی هێنا وە هەر لەم كاتانەدا بوو كەوتە ڕكابەری لەگەڵ ئەلیسا , وە بەردەوام بوو و چەندین گۆرانی و ڤیدیۆ كلیپی تری تۆمار كرد , لە هەموو ئەم ماوە دوور و درێژە ئەوەی كە زۆر بوو بە كێشە و ڕێگر بوو لە زیاتر دەركەوتنی توانا و لێهاتووی ئەمەل حجازی , كێشەكانی بوو لەگەڵ كۆمپانیای رۆتانا , ئەگەر چی گرێبەستیش هەبوو لە نێوانیاندا بەڵام كۆمپانیای رۆتانا بە مەرجەكان و خاڵە نووسراوەكانی ناو گرێبەستەكە پابەند نەدەبوو , ئەم كێشانە زوو دەرنەكوتن چونكە ئەمەل تا ماوەیەكی زۆر لێی بێدەنگ بوو و نەیدەویست هیچ هەواڵێكی لەم جۆرانە بڵاو بكاتەوە , بەڵام كێشەكان لەوە دەرچوون كە ئەمەل حجازی لەسەری بێ دەنگ بێت و هەر خۆڕاگر بێت , هێزی ئەم هونەرمەندە وای كرد كە هەر بەردەوامی بە كارە هونەرەییەكانی بدات و ڕۆژ بە دوای ڕۆژ زیاتر لە لوتكە بمێنێتەوە , سەركەوتووترین ئەلبۆم تۆمار بكات لە ساڵی 2006 بە ناوی (بیاع الورد) كە ڕەنگدانەوەیەكی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا , هەموو ئەمانە دەگەڕێنەوە بۆ توانا و حەزی ئەمەل حجازی لە هونەر و گۆرانی ووتن , كە دوایین ئەلبۆمیشی بە ناوی (ويلك من الله)ه بۆ 2010 دەگەڕێتەوە .
نیشانەی پرسیار لەلای زۆر خوێنەری هەواڵی واز هێنانی ئەمەل حجازی دروست بوو بۆیە هەندێك كۆمپانیای رۆتانا بە هۆكار دەبینن لە بێزار بوون و دووركەوتنەوەی ئەمەل حجازی لە هونەرەكەی , بەڵام سەبارەت بە زیاتر نزیك بوونەوەی لە ئاین و خوداپەرستی ئەوە ناچێتە هیچ چوارچێوەیەكی جیاوازەوە , چونكە ئەو هەر خۆی لە خێزانێكی خوداپەرست بووە , وە ئەمە نابێتە شتێكی نوێ و جیاواز لە ژیانی ئەمەل حجازی .
ئەمەل حجازی كە لە 20-2-1977 لە بەیروت – لوبنان لە دایك بووە پێنج برای هەیە , وە دەرچووی كۆلێژی ئەندازە و تەلارسازیە , وە ساڵی 2008 لە گەڵ محەمەد بەسام هاوسەرگیری كردووە و خاوەنی دوو منداڵە , كەریم لە دایك بووی 2009 و لارین 2012 , ئێستاش كاتی بۆ خێزانەكەی تەرخان دەكات و بەو هیوا و ئومێدەیە بەختەوەریەكی زیاتر دروست بكات .