خەریك بوو یارا ببێتە قوربانیی بارشا.
رۆژی 17/8/2017 لە شاری بەرشەلۆنەی هەرێمی كەتەلۆنیا چەند كردەوەیەكی تیرۆریستی ئەنجامدران و ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتی ئیسپانی و بیانی تێیدا بوونە قوربانی، لەو كاتانەدا یارا لە ئیسپانیا بوو كە پێشتر سەردانی ئەو شارەی كردبوو بۆ بینینی یاریی كلاسیكۆی نێوان ریال مەدرید و بەرشەلۆنە، ئەمەش دڵەڕاوكێیەكی زۆری لای كەسوكار و هەوادارانی ئەم خانمە ئەستێرە لوبنانییە درووستكرد و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەشێوەیەكی بەرفراوان باس لەم هێرشانە و دیار نەمانی یارایان كردبوو، تەنانەت بەشێكیان وایان بڵاوكردبۆوە كە یاراش یەكێكە لە قوربانییەكانی ئەم كردەوە تیرۆریستییە.
یارا بۆ دڵنیا كردنەوەی خانەوادەكەی و هەوادارانی لە پەیجەكانی خۆی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كۆمێنتێكی نووسیبوو و تێیدا هاتبوو: بە خێر و سەلامەتی گەڕاینەوە وڵات، سوپاس بۆ هەموو لایەكتان، لە لایەكی دیكەوە بەڕێوەبەری كارەكانی یارا بە میدیاكانی راگەیاند كە لە كاتی كردەوە تیرۆریستییەكان یارا لە ئیسپانیا بوو، بەڵام لە شوێنی رووداوەكان دوور بوو.
شایەنی باسە لەو هێرشە تیرۆریستییە كە سەرەتا لە رێگای بارهەڵگرێكەوە بوو كاتێك خۆی كێشا بە چەند كەسێكەوە و دواتریش چەند تیرۆریستێك بە چەك هێرشیان كرد سەر خەڵكەكە، لە ئەنجامدا ژمارەیەك هاووڵاتی كوژران و ژمارەیەكی زۆریشیان بریندار بوون كە بەشێكی زۆریان بیانی و گەشتیار بوون.