تنۆكێ لە بارانی وەفا بۆ دكتۆر تاریق.

تنۆكێ لە بارانی وەفا بۆ دكتۆر تاریق.
دكتۆر گیان تۆ ئەو جۆرە ئاسمانە بووی، كاتێ مانگ و ئەستێرەكانی بەو دیو دونیای ئاوابووندا چوون، هەر مایەوە، هەر ئاسمان بوو.
تۆ هەرچۆن ئەو دارستانەی خەزان بەرۆكی گرت و ڕایوەشاند و گەڵاڕێزان تا ئەژنۆی هات و هەرمایەوە...
ئەو كانییە بووی گرەی گەرمای هاوین وشكی كردوو لە هەڕەتی بەهاردا بەڕووی نەورۆزی ساڵدا تەقییەوە.
چیای بێستوون بویت و داستانی ڕاستەقینەی شیرین و فەرهادیان لە سینەتدا نەقش كردن و پاراستن و پاش هەزار ساڵ هەر مایەوە.
تۆ بووی كاكە ئەو بارانە عەزرەتییەی وشكە ساڵی سڕییەوە و تا چاوبڕكا لالەزار و مێرگوزارت بۆ نەخشاندین.
تۆ ئەو چاوە بوویت داستانەكانی ئەڤینی كوردستانت بە وانە پێداینەوە و كەچاوانیشت لێكنا حەرفەكانت هاتنەوە گۆو بەردەوام بوون...
چرایەك بوویت و لەلۆچی دەیجورا داگیرسایت و بۆ هەر كوردێ مەشخەڵەكەی كاوەیەك بووی...
تۆ خاوەنی ئاواتێ بووی كردتە گڕكانێ بووی دڕ بە بەستەڵەكی بیر بەستوان بدات و لەدڵی هەمواندا جۆش بدات...دە ئارامبە ئەوا خەریكە بەر دەدات.
گەورەم دكتۆر،حەقایەتخوانی ڕۆژگارەكەمان گێڕایەوە:
ترسناكترین ڕەشەبا و بەهێزترین بوومەلەرزە پەیمانیان بەست،هەرچی چیای گەردن كەشی كوردستانە لەبنبێنن،تەنیا چیایەك مایەوە و دەنگی لاوكی دونیای تەی دەكرد.. كام چیایە بوو ئەوە؟هەڵگورد،پیرەمەگروون....ئەوە تۆ بووی كاكە گیان.
گێڕایانەوە ساڵێ بەو عەیام، چی داخ لەدڵ هەیە دەستی ڕقیان نایە ملی ڕووبارێكی بەلەنجە و لار، بیخنكێنن، هەتا دوا تنۆكیان لێ بڕی، پاشان ڕووبار بەدەم ڕەوتی تافەیەوە، قاقای لێدا و كە ڕوانیان سەدان ڕووباری هەڵشاخاوی سەركەش ڕووە و دۆندی چیاكان هەڵكشاون.. ئەو ڕووبارە تۆ بووی...
چی جەردە هەیە بڕیاریان دا ئیدی ڕێگا بەسروەی بەیان نەدەن، تاڵانی كەن، بەڵام كاتێ بەر لەبەیان ئەم جارەیان سروە هات و گوڵاوێكی ئەوتۆی پژان هەمووان حەیرانی بوون،ئەوە تۆ بووی.
لافاوێكی نووح ئاسایان بەڕێخست و ڕوویان لەهەواری (بابە گوڕگوڕمان)كرد، چی هەوڵیان دا خامۆشی كەن،كاتێ زانرا گشت كوردستان هەتا سنوورەكەی حەمرین بوونە بابەگوڕگوڕ... ئەوە تۆ بووی...
جارێكی تر سووپای بێ شمارەی كوللە باران دایكرد و دونیای ڕەشكرد،تەنها گوڵە گەنمێ بووە چقڵی چاوی بابی كوللە و هەژارانی وڵاتەكەمی پاراست و كەسی لەبرسا نەمردن...ئەوە تۆ بووی...
دكتۆر بۆیە: لە ئاسمانی ساماڵی كوردستاندا دەردەكەوی، لەڕەنگی ئەرخەوانی ئاسۆكاندا پێدەكەنی،لەوادەی تێكەڵ بوونی گزنگ و شەفەقی سوورە گوڵدا بۆمان دەدوێی...بۆیە بڕوا ناكەم كەنەمابی...
Top