ئەحلام حەجی: یارمەتیدانی منداڵان یەكێك بووە لە ئاواتەكانم

ئەحلام حەجی: یارمەتیدانی منداڵان یەكێك بووە لە ئاواتەكانم
ئەحلام حەجیی بە رەگەز مەغریب و نیشتەجێی وڵاتی فەرەنسا لە ماوەی رابردوودا سەرقاڵی پێشكەش كردنی بەرنامەیەكی هەفتانە بوو بە ناوی (فاشن دریم)، بەڵام لە ئێستادا بەرنامەكە وەستاوە و ماوەیەكە ئەحلام دەرناكەوێ لە كەناڵەكە، لە لێدوانێكدا دەربارەی دوایین كارەكانی ئەحلام وتی: راستە لە ئێستادا من هیچ بەرنامەیەك پێشكەش ناكەم، بەڵام ئەمە مانای دووركەوتنەوەم نییە، بەڵكو سەرقاڵی خۆ ئامادەكردنم بۆ كارێكی بەرفراوانتر.
ئەحلام بێ ئەوەی ناوی بەرنامەكە و كەناڵەكەش ئاشكرا بكات دەربارەی ئەم بەرنامەیە نوێیەی وتی: دوای كۆتایی هاتنی بەرنامەی (فاشن دریم) كە تەنیا لە وڵاتە عەرەبییەكان تۆمارمان دەكرد، ئێستا بە نیازی بەرنامەیەكی نوێم كە لە ئەمریكا و فەرەنسا و ئیسپانیا و ئیتاڵیا و چەند وڵاتێكی دیكەی ئەوروپی پێشكەش دەكرێت، لەم بەرنامەیەدا بە بەردەوام باكستەیشن لەگەڵ فاشیون دیزاینەر دەبێت لە هەر ئەڵقەیەكی بەرنامەكەدا بەمەش بەرنامەكە فراوانتر دەبێت.
سەبارەت كارەكانی رێكخراوە خێرخوازییەكەی (احلام الـطفولة) كە تایبەتە بە یارمەتیدانی منداڵان ئەحلام دەڵێ: یارمەتیدانی منداڵان یەكێك بووە لە ئاواتەكانم بۆیە ئێستاش بەردەوامم لە پاڵپشتی كردنی ئەم رێكخراوە خێرخوازییە و بەردەوامیش دەبم، دوایین كاریش كە لە هەولێر ئەنجاممدا و تایبەت بوو بە یارمەتیدانی منداڵە ئاوارەكانی موسڵ یەكێك بوو لەو كارانەی كە هەمیشە شانازییان پێوە دەكەم و پەنا بە خوا هەوڵ دەدەم ئەگەر بتوانم دووبارەی بكەمەوە.
سەبارەت بە دەنگۆی رووكردنە بواری نواندن ئەحلام دەڵێ: من ئێستا میدیاكار و خۆم ئامادە دەكەم بۆ پێشكەشكردنی بەرنامەیەكی نوێ سەبارەت بە فاشیون و جوانكاری بۆیە بیرم لە گۆرانی وتن و نواندن نەكردۆتەوە، هەرچەندە پێشتر چەند بەرهەمهێنەر و كۆمپانیای بەرهەمهێنانی هونەری داوایان لێكردووم بۆ ئەوەی لە زنجیرە دراما و فیلمەكانیان بەشداری بكەم.
لە كۆتایی لێدوانەكەیدا ئەحلام حەجی شاجوانی پێشووتری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وتی: من چەند جارێك سەردانی شاری هەولێرم كردووە و بەر لە چەند مانگێك بانگهێشت كرابووم بۆ بەشداری كردن لە پیشانگایەكی تایبەتی گەشتوگوزار، بەڵام بە هۆی سەرقاڵی بوونم بە چەند كارێكی تایبەتی خۆمەوە نەمتوانی بێم، بەڵام لە بەرنامەمدایە لە داهاتوویەكی نزیكدا جارێكی تر سەردانی بكەمەوە، چونكە لای من یەكێكە لە شارە خۆش و دڵرفێنەكان.
Top