گرنگیی رۆڵی هونەر لە پرۆسەی ریفراندۆم.

گرنگیی رۆڵی هونەر لە پرۆسەی ریفراندۆم.
دەمێكه كورد باس له سەربەخۆیی و دەوڵەت دەكات، بەڵام تا ئێستا به وردی له پرۆسەی چۆنیەتی وەرگرتنی ئەم مافه ئاگادار نییه، بۆیه زۆر كەس دژایەتیی ریفراندۆم دەكات بەبێ ئەوەی بزانێت كه ریفراندۆم مانای چییه؟
هەموو رۆشنبیر و رووناكبیر و هونەرمەندانی كورد هەر بیروباوەڕێكیان هەبێت و له هەر چینێك بن، پێویسته بزانن كه ریفراندۆم موڵكی هیچ پارتێكی سیاسی یان ناوچەیەكی دیاریكراو نییه، بەڵكو موڵكی كه هەموو دیالیكت و ناوچه و شارێك له خۆ دەگرێت.
كێن ئەوانەی پرۆسەی ریفراندۆمیان دەكەوێته سەر شان و بەرەو سەركەوتنی دەبەن:
1- پارته سیاسییەكان.
2-مامۆستا و زانایانی ئایینی و پەروەرده.
3- رۆشنبیر و رووناكبیرانی گەل.
4- میدیا و دەزگاكانی راگەیاندن.
5- هونەرمەندان به گشتی و هەر تاكێكی كورد كه خۆی به كورد دەزانێت و له مانای ریفراندۆم تێبگات، پێویسته هاریكار و یاوەر بێت له گەیاندنی ئەم پرۆسه گرنگه له ناو كۆمەڵگای ئێمەدا.
لێرەدا من باس له پاڵپشتیی هونەر به گشتی بۆ ریفراندۆم دەكەم كه چۆن هونەر بخەینه كار بۆ هاریكاریی گشتپرسی.
هەموومان ئاگادارین كه هونەری سینەما هەموو ژانرەكانی دیكەی هونەر و ئەدەبی له باوەش گرتووه، وەكو شێوەكاری، مۆسیقا و گۆرانی، رۆمان، تێكست، دیكۆر...هتد، كەواته ئێمه پێویسته چی بكەین بۆ ئەوەی هونەری سینەما چالاك بكەین بۆ سەركەوتنی ریفراندۆم؟ پێش ئەوەی بچمه سەر ناوەڕۆكی ئەم بابەته نموونەیەكی خۆم دەهێنمەوە له وڵاتی رووسیا ئەو كاتەی سەرقاڵی خوێندن بووم له بواری سینەما.
تا ئێستا چەندین فیلم لەسەر جینۆسایدی جوو (هۆلۆكۆست) بەرهەمهێنراوه، هەندێك لەو فیلمانه به ناوی (لیستی شلیندەر)ـه كه له دەرهێنانی ستیڤن سپیلبرگ بوو.شەوێك له شەوه ساردەكانی زستان له بەشی ناوخۆ بووم له مۆسكۆ لەگەڵ برادەرێكی فەلەستینی و یەكی رووسی سەیری فیلمەكەمان دەكرد بەبێ ئەوەی قسه لەگەڵ یەكتر بكەین ئەم بێدەنگییەش زیاتر له سێ كاتژمێری خایاند، له كۆتاییدا فیلمەكه ئەوەنده كاریگەریی لەسەر هەبوو بەتایبەتی برادەره فەلەستینییەكه بەجۆرێك خۆمان به تاوانبار زانی بەرامبەر به مرۆڤایەتی.
كه تەماشای برادەره فەلەستینییەكەم كرد بینیم چاوی پڕ بوو له فرمێسك، ئەو كات زانیم هونەری سینەما چ كاریگەرییەكی لەسەر هەستی مرۆڤ هەیه، لێرەدا بۆمان دەردەكەوێت كه هونەری سینەما چەند كاریگەریی دەبێت لەسەر سۆز و هەستی خەڵكانی تر بەرامبەر به گەلەكەمان، له لایەكی ترەوه پێویسته ئێمه چی بكەین بۆ ئەوەی ئەم هونەره بەكاربهێنین بۆ سەركەوتنی پرۆسەی ریفراندۆم كه پێكدێت له دوو بەش، بەشی یەكەم مێژووی سینەمای كوردی كه چی كراوه بۆ ناساندنی خواستەكانی نەتەوەی كورد، بەشی دووەمیش لەم كاته ناسك و كتوپڕەدا پێویسته چی بكرێت؟
سەبارەت به بەشی یەكەم، دوای راپەڕینی جەماوەری ساڵی 1991 تاكو ئێستا چەندەها فیلم و كورته فیلم و فیلمی تۆماری درووستكراوه لەسەر ئازار و مەینەتییەكانی گەلی كورد، بەڵام وەكو پێویست نیشاندەری خواسته راستەقینەكانی كورد نەبوون بۆ ئەوەی پیشانی خەڵكی بدەن.
بەشی دووەم سەرەڕای ئەوەی زۆر کۆڕ و سیمینار و فیستیڤاڵی سینەمایی ئەنجام دراوە و لە داهاتووشدا دەدرێت، بەڵام ئەمانە هەموویان لەسەر ئاستی ناوخۆی کوردستان بوون و تا ئێستاش سەبارەت بە پرۆسەی گشتپرسی لەسەر ئاستی جیهان وەکو پێویست هیچ هەنگاوێک بەرەو پێش نەچووە.
چی بکرێت باشە؟
پێش چەند مانگێک پرۆژەیەکم بۆ دەزگایەکی پەیوەندیدار بە بواری سینەما پێشکەش کرد، بەڵام بەرسڤمان نەدراوە، ناوەڕۆکی ئەم پرۆژەیە بریتی بوو لە هێنانی گرووپێکی ناوداری سینەمایی لە هۆڵیۆد بۆ ئەنجامدانی کاری لە کوردستان، چونکە هێنانی هەر ئەستێرەیەکی ناوداری سینەمایی بۆ کوردستان دەبێتە ریکلامێکی هەرە سەرکەوتوو بۆ پشتگیری کردن لە پرۆسەی ریفراندۆم.
هەرچەندە کاتێکی کەم لەبەر دەستدا ماوە، بەڵام هیوادارم سینەماکارانی کورد لە گرنگیی پرۆسەی گشتپرسی تێبگەن و خۆیان بە بەرپرس بزانن و دوورکەونەوە لە بیری تەسکی حزبایەتی، بەڵکو بە بیرێکی کوردانەی نیشتمانپەروەری لەو پرۆسەیە بڕوانن کە خەونێکی لە مێژینەی کوردە و دەیان ساڵە لەو پێناوەدا خەبات دەکات.
Top