هونەرمەندان بە كەمپینی (له بۆچوونەكانمان جیاوازین، له سربهخۆییدا هاوڕاین) پشتیوانی لە ریفراندۆم دەكەن .
ئەحمەد سالار كە سروودێکی بۆ ڕیفراندۆم نووسیوە و چەتۆ نەورۆز کاری دابەشکردنی میوزیکی بۆ کردووە، سروودەکە بەشێوەی ئۆڕکێسترا تۆمارکراوە ھەروەھا ئەو ھونەرمەندە، بەشێوەیەکی فەرمی کرایە سەرۆکی فەخری کەمپینی ( لە بۆچوونەکانمان جیاوازین، لەسەربەخۆییدا ھاوڕاین)، کە ژمارەیەکی بەرچاو لە ھونەرمەندانی کورد لە ڕێگەیەوە پشتگیریی خۆیان بۆ سەربەخۆیی کوردستان دووپات کردووەتەوە، ئەحمەد سالار، لەمبارەیەوە ڕایگەیاند: «شانازیی بەو کارەوە دەکەم، چونکە بە درێژایی مێژوو گەلی کورد کاری بۆ دەوڵەتیی کوردی کردووە، خۆشحاڵم کە بەو ڕۆژە گەیشتم کە کار بۆ سەرخستنی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەکەم».
ئەحمەد سالار له بارەی بەشداریكردنی زیاتری هونەرمەندان و رۆشنبیران لەم كەمپینەدا وتی: داوا له هونەرمەندانی گەلەكەم دەكەم، ئەمڕۆ رۆژێكه كه هەزاران رۆڵەی ئێمه خوێنی خۆی بەخشی بۆ سەربەخۆیی، بۆ ئازادی، ئێمه پێویستمان به هەستی ئێوەیه، به كۆمەكی ئێوەیه، پێویستمان به كۆششی مەردانی هونەرمەندانەیه، كه هیچ كاتێك سڵیان له رژێمه یەك له دوا یەكەكان نەكردووه و سەربەرز بوون، دەمانەوێ ئەمڕۆ دووباره سەربەرزی و سەركەشییەكان بنوێنن، كۆببنەوه له كەمپینی بەڵێ بۆ سەربەخۆیی، بەڵێ بۆ سەربەخۆیی كوردستانەكەمان.
و بڕیاره له رۆژی 7/9/2017 كه رۆژی كۆتایی كەمپینەكەیه له ئاهەنگێكی گەورەدا له شاری هەولێر مامۆستا ئەحمەد سالار وتەی كۆتایی كەمپینەكه بخوێنێتەوه.
لە درێژەی پشتیوانیكردنی چین و توێژەكان بۆ سەرخستنی پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستان كەمپینێكی تایبەت بۆ پشتگیریی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان دەستی پێكردووه كه هونەرمەندان پاڵپشتیی دەكەن. پڕۆژەكه له هەولێرەوه دەست پێ دەكات و تەواوی كوردستان و تا ئەوروپایش دەگرێتەوه.
پشتیوان عەبدوڵا، ڕێكخەری كەمپینەكه ڕایگەیاند: كه دەنگ به سەربەخۆیی دەدەیت زامەكانی هەڵەبجه و منداڵه شەهیدەكانت له یادبێ، مناڵه هەتیوه بێ نازەكانی پێشمەرگه شەهیدهكان له بیر نەكەی، بۆیه به بێ دوو دڵی و بێ سڵەمینەوه دەنگ به بەڵێ دەدەین بۆ كوردستان.
هونەرمەند موڵكی گشتییه، نوخبەیەكی دیاریكراوی وڵاته كەسێكه جوان بیر دەكاتەوه، جوان دەبینی، بۆ ئایندەیەكی جوانیش كار دەكات ئەویش بریتییه له سەربەخۆیی، بۆیه گرنگ بوو بۆ یەكدەنگی هونەرمەندان له پرسێكی گرنگی چارەنووسسازدا وەك پرسی سەربەخۆیی هونەرمەندان له كەمپینێكدا هاوڕا و هاودەنگ بن لەژێر دروشمی (با له بۆچوونەكانمدا جیاواز بین له سەربەخۆیی هاوڕاین) كەمپینەكه بەردەوامه و تاكو ئێستا ژمارەیەكی زۆری هونەرمەندان بەشدارییان تێدا كردووه.
ئەوەشی روونكردەوە كە ئەم پڕۆژەیه به یەك ئینتیمای نیشتمانی و نەتەوەییەوه بەڕێوه دەچێت و ەونەرمەندان به جیاوازیی بیروڕاوه بەشداریی تێدا دەكەن، چونكه له بنچینەدا پڕۆژەكه نیشتمانی و نەتەوەیییه. دوای تەواوبوونیشی ئەنجامەكانی بۆ رای گشتی رادەگەیەنرێت.
خاوەنی پڕۆژەكەیه لە بارەی بەشداری كردنی هونەرمەندان وتی: داوا لەسەرجەم هونەرمەندانی کوردستان دەکەین بە تێکڕای بیروباوەڕو بۆچوونی جیاوازەوە پشتگیریی کەمپینی هونەرمەندان بۆ ریفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان بکەن و لە ڕێگەی وێنە و پەیڤەکانتانەوە پشتگیریی خۆتان نیشان بدەن، بۆ ئەم مەبەستە دەتوانن لە ڕێگەی ئەکاونتی فەرمی کەمپینی هونەرمەندان بەرەو ڕیفراندۆم و سەربەخۆی وێنەو پەیڤەکانتان بنێرن.....
له بارەی شێوازی كەمپینەكەش وتی: كەمپینەكه هونەرمەندانی هەرێمی كوردستان ئەوروپا و هەموو ئەو شوێنانه دەگرێتەوه كه كورد تێیدا دەژین، شێوازەكەش له رێگای سۆشیال میدیایه دواتر گەڕان و سەردانی مەیدانی بۆ كۆكردنەوەی واژۆ، هەروەها پەیوەندی به هونەرمەندانەوه دەكرێت، لەم كەمپینەدا كۆمەڵێك رۆژنامەنووس و سایت و پەیجی هونەری هاوكار و بەشدارن.