ئیشواریا یەكەم ئافرەتە ئاڵای هیندستان بەرز دەكاتەوە.

ئیشواریا یەكەم ئافرەتە ئاڵای هیندستان بەرز دەكاتەوە.
ئیشواریا رای ئەستێرەی بۆڵیۆد بە یاوەری ئەرادهیای كچی سەردانی شاری ملبۆڕنی ئوستڕاڵیای كرد بۆ بەشداریكردن وەك میوانی شەرەف لە فیستیڤاڵی سینەمای هیندی كە لەو شارە ئەنجام دەدرێ و هاوكاتە لەگەڵ ئاهەنگەكانی حەفتا ساڵەی سەربەخۆیی هیندستان.
ژمارەیەكی زۆر لە هەوادارانی سینەمای هیندی و رەوەندی هیندی لە ئوستڕاڵیا كە ئامادەی ئاهەنگەكە و زۆربەیان هاتبوون بەتایبەتی بۆ بینینی ئیشواریا رای و لە گۆڕەپانێكی تایبەت، ئەوەی زیاتر مایەی سەرنج و دڵخۆشی جەماوەر بوو بەرزكردنەوەی ئاڵای هیندستان بوو لەلایەن ئیشواریاوە، چونكە ئەمە یەكەم جارە ئافرەتێك ئاڵای هیندستان بەرز بكاتەوە لە گۆڕەپانێكی گشتیدا.
لە ئاهەنگەكەدا ئیشواریا سەرەتا جلوبەرگی كەلتووری هیندی سپی و شینی پۆشی بوو، دواتر سەرۆكی حكومەتی ڤیكتۆریای پێشوازی لێكرد، لەوێش جلێكی رەشی پۆشی، بەڵام لە كاتی دەركەوتنی لەسەر فەرشی سوور و وەرگرتنی خەڵاتی (ناوازەی سینەمای جیهانی) جلێكی كەلتووری شینی پۆشی بوو.
ئەمە یەكەم دەركەوتنی ئیشواریایە دوای كۆچی دوایی باوكی و بەر لەوەی سەردانی ئوستڕاڵیا بكات لە رێوڕەسمێكی ئایینی تایبەتی هندۆسەكاندا بە یاوەری ئەبهیشك باتشانی هاوسەری و كچ و خوشكی و دایكی هەستا بە رژاندنی خۆڵەمێشی باوكی لە رووباری گانج كە یەكێكە لە رووبارە پیرۆزەكان لای پەیڕەوانی ئایینی هندۆسی و پێیانوایە دوای سوتاندنی مردوو و رژاندنی خۆڵەمێشەكەی لە ئاوی ئەو رووبارەدا یارمەتی گیانی مردووەكە دەدات بۆ ئاسمان بەرز ببێتەوە.
Top