بەهار حەسكۆ:میللەتانی ئەوروپا حەز لە هونەری كوردی دەكەن .

بەهار حەسكۆ:میللەتانی ئەوروپا حەز لە هونەری كوردی دەكەن .
بەهار حەسكۆ خەڵكی شاری قامیشلۆی رۆژئاوای كوردستانە، چوار ساڵی خوێندنی لە بەشی ئادابی زمانی ئینگلیزی زانكۆی حەلەب بووە، دوای رووداوەكانی ساڵی 2013ی سوریا رووی لە هەندەران كرد و ماوەی ساڵێك لە توركیا ماوەتەوە، دواتر رووی لە وڵاتی سوید كرد و ئێستا قوتابی ماستەرە لە زمانی ئینگلیزی، لە چەندین بواری دیكە بەشداری لە كۆرسی جۆراوجۆر كردووە، بەڵام هەمیشە میوزیك لە هزر و خەیاڵیدا بووە .

* بەشێوەی ئەكادیمی هیچت دەربارەی هونەر خوێندووە لە كۆلێژ یان پەیمانگا؟
-من بۆ ماوەی شەش مانگ كۆرسی فۆلك ستران و موزیك لە زانكۆی شاهانەی سوید لە ستۆكهۆڵم خوێندووە كە یەكێكە لە زانكۆ ناسراوەكانی جیهان، هەروەها بەشداریم لە زۆر كۆراڵ كردووە بە چەندین زمان ئەمانەش كاریگەرییەكی زۆریان بەسەر منەوە هەبوو و كاتێك هاتمە شاری یۆتۆبوری لە سوید پەیوەندیم كرد بە لە كۆراڵی جیهانی خانەی ئۆپێرا، نزیكەی 50 كەس بووین لە 25 وڵاتی جیاجیا، ئەمەش وایكرد كە جگە لە زمانی كوردی بە چەندین زمانی دیكەش گۆرانی بڵێم و لەوێ زۆر هاوكاری ئێمەیان دەكرد لە هەموو روویەكەوە، هەر لەوێ بە تەمبوورەكەم گۆرانیم پێشكەش دەكرد، ئەوە بووە جێی سەرنجی سویدییەكان، هەروەها توانیم بە زیاتر لە 25 زمان گۆرانی بڵێم.
* چ هونەرمەندێک کاریگەریی بەسەر تۆوە هەبووە و ئایا خانەوادەکەت هاوکارت بوون؟
- لە خانەوادەی ئێمە زۆر کەسی دەنگخۆش هەبوون، سیپان حەسکۆی برام کە لە ئەڵمانیا دەژی ئەویش خاوەن دەنگێکی خۆشە، هەروەها چەندین هونەرمەند هاوکارییان کردووم و ەکو مامۆستا شڤان پەروەر کە ئەو کاریگەرییەکی زۆری بەسەر منەوە هەبووە و ئێستاش هاوکاریمان دەکات، هەروەها هەندێک کەس پێیان گوتم کە دەنگت لە دەنگی گوڵستان پەروەرەوە نزیکە. لەبەر ئەوەی باوکم و برایەکم هونەرمەند بوون و دایکیشم زۆر هانیاندام بۆ گۆرانی وتن، بەڵام دەنگم هاوکاری سەرەکیم بووە، چونکە من ماوەیەک لە باوکم دوور بووم.
* راستە کە دەڵێن کاری هونەری لە ئەوروپا زۆر سەختە؟
- من وەک کچێک وای نابینم کە کاری هونەری لە ئەوروپا بەو شێوەیە سەخت بێت، هەرچەندە من ئێستا گرنگی زیاتر بە خوێندن دەدەم، بەڵام لە بواری هونەرییەوە دەرگای زۆر لەبەردەمم کراونەتەوە، میللەتانی ئەوروپاش زۆر حەز دەکەن گوێیان لە شتێکی نوێ بێت و ئاشنای هونەر و کەلتووری بیانی بن، گوتنی گۆرانی فۆلکلۆر و ژەنینی تەمبوور وایکرد زیاتر هانم بدەن بە جۆرێک لە ماوەیەکی کەمدا ئێستا لە نێو کورد وسویدی و تەنانەت عەبەرەکانیش ناوبانگم پەیدا کردووە.
* لە ئەوروپا بە زمانی بیانی گۆرانیت وتووە، چۆن توانیوتە باڵانسێک رابگری لە نێوان کاری هونەری بە زمانی کوردی و زمانی بیانی؟
- من زیاتر بە زمانی کوردی گۆرانیم وتووە، بەڵام وەک باسم کرد میللەتانی ئەوروپا حەز لە کەلتووری میللەتان دەکەن، کاتێک لە خانەی ئۆپێرا بە تەمبووری کوردی و بە شێوازی کرمانجی لەبەردەم ٤٠٠٠ کەس گۆرانی سویدیم گوت پێشوازییەکی گەرمیان لێکرد و ناوبانگێکی باشم دەرکرد و لەگەڵ هونەرمەندە گەورەکانیان کاری هونەریم ئەنجامدا و کۆنسێرتم ساز کرد، و بە پێچەوانەوە ئەوان زیاتر بە من کاریگەر بوون.
* تۆ خاوەن بەهرەیەکی هونەری بەرزی، بەڵام بۆچی لە رووی راگەیاندنەوە وەک پێویست دەرناکەوی؟
-من زۆر گرنگیم بەوە نەداوە کە بناسرێم، تەنانەت زۆر کەس داوایان لێکردم بۆ بڵاوکردنەوەی گۆرانی و ئەلبووم، بەڵام لەبەر قورسی خوێندنەکەم زۆر گرنگیم بەو لایەنە نەداوە، پەنا بە خوا لە نزیکترین دەرفەتدا کارێکی گەورە ئەنجام دەدەم، هەروەها گۆڕینی شوێنیش کاریگەریی لەسەر کەم دەرکەوتنم هەبووە.
* تا ئێستا چەند بەرهەمی تایبەتی خۆت هەیە؟
- بە داخەوە تا ئێستا دەرفەتم نەبووە بەرهەمی تایبەتی خۆم هەبێت هەرچەندە من لە بەرنامەی کورد ستار لە یەکەمەکان بووم ئەمەش دەرفەتێکی باشی بۆ رەخساندم، بەڵام خوێندن بە شێوەیەکی سەرەکی کاتی زۆری داگیر کردووم کە نەتوانم بەرهەمی تایبەت بە خۆن هەبێت، بەڵام بە نیازی کاری نوێ و تایبەتم لە نزیکترین دەرفەتدا، بەڵام لە کاتی خوێندندا بە (٢٥) زمان گۆرانیم وتووە و هەوڵ دەدەم لە یەک بەرهەمدا بەم هەموو زمانە گۆرانییەک بڵێم.
* تێکەڵ کردنی هونەری کوردی بە هونەری بیانی چۆن دەبینی؟
-پێموانییە تێکەڵکردنی هونەری کوردی و بیانی کاریگەری نەرێنی هەبێت لەسەر هونەری کوردی، بە پێچەوانەوە هونەری کوردی تام و چێژی تایبەتی هەیە و زوو کاریگەریی لەسەر گوێگری بیانی هەیە، زۆر لە هاوڕێکانم کە گوێیان لە گۆرانی کوردی دەبێت زۆر پێی خۆشحاڵ دەبن و بە هونەرێکی جوان و رەسەن وەسفی دەکەن، بەڵام پێویستە ئەو کەسەی گۆرانی کوردی دەڵێ بتوانێت لە هەموو روویەکەوە سەرکەوتوو بێت و بزانێت کەی و چۆن پێشکەشی دەکات بە جۆرێک بتوانێت چۆن بیگەیەنێت بە گوێگری بیانی و کاریگەریی ئەرێنی لەلای بەجێ بهێڵی.
* لە رۆژئاوای کوردستان هونەرمەندی خاوەن ئەزموون هەبوون، پێتوایە هونەرمەندانی ئێستاش بتوانن لە ئاستی ئەوان بن؟
- ئێمە هەمیشە لە هەموو پارچەکانی کوردستان شانازی بە هونەرمەندەکانی رۆژئاواوە دەکەین، و لەو بوارەوە نموونەمان زۆرە، بە هەمان ئێوە ئێستاش ئێمە لە رۆژئاوا چەندین هونەرمەندی لاومان هەیە لە هەردوو رەگەزی خاوەن توانا و بەهرەی هونەری بەرز كە خۆشەویستییەكی بێ هاوتایان بۆ هونەر و وڵاتەكەیان هەیە، بەڵام پێویستیان بە پاڵپشتییە و ئەگەر ئەم پاڵپشتییە هەبێت، من دڵنیام هونەرمەندی وامان دەبێت كە لە ئاست ئەستێرەكانی پێشووی هونەری كوردی بوون لە رۆژئاوا.
* بیستوومانە بە نیازی گۆرانییەك بە چەندین زمان پێشكەش بكەی، بیرۆكەی ئەم كارە چۆن درووستبووە؟
- من كچێكی كوردم و شانازی بە زمان و كەلتووری كوردییەوە دەكەم و لە هەر كۆڕ و كۆبوونەوەیەكی هونەری وەك كچە كوردێك ناسراوم ئەمەش مایەی شانازیی بۆ من، بێگومان من هەمیشە هەوڵمداوە ناوی كوردستان بەرز بكەمەوە، سەبارەت بەو بەرهەمەش چەندین بیرۆكەی هونەری جوان لە هزر و خەیاڵمدایە پەنا بە خوا لە نزیكتری دەرفەتدا پێشكەشیان دەكەم.
Top