فیستيڤاڵی نێودەوڵەتی كوردستان بۆ فیلم دەستپێدەكات
شيڤان شێرزاد
ئامادەكارییەكان بۆ (فیستيڤاڵی نێودەوڵەتی كوردستان بۆ فیلم) لەهەموو بەشەكانی بەڕێوەبردنی فیستيڤاڵ كۆتایی هات و هەروەك بڕیاریشە لەرۆژانی 26 تا 30 ئەم مانگە لە هۆڵەكانی (ئیمپایەر سینەما)ی هەولێری پایتەخت بەڕێوە دەچێت.
لە چوارچێوەی ئەو ئامادەكارییانەی كە ماوەی زیاتر لە چوار مانگە لەرێگەی بەش و لیژنەی جیاجیاوە بۆ بەڕێوەچوونی (فیستيڤاڵی نێودەوڵەتی كوردستان بۆ فیلم) بەڕێوەدەچێت، ئێستا كارەكانی ئەو لیژنەو بەشانە كۆتاییان پێهاتووەو هەروەك (شاخەوان مستەفا) بەڕێوەبەری فیستيڤاڵیش دەڵێت: كارەكانی ئامادەكردنی فیستيڤاڵ لەسەرجەم بەشەكان كۆتایی پێهاتووەو ئێستا ئامادەباشن بۆ سازدانی ئەو فیستيڤاڵە لەكاتی دیاریكراوی خۆیدا.
لەلێدوانێكدا، بەڕێوەبەری فیستيڤاڵ ئەوەشی ئاشكرا كرد كە : كۆی ئەو فیلمانەی بەشداری فیستيڤاڵ دەكەن بریتیین لە 46 فیلم لەهەموو بەشەكانی (درێژ و كورت و ئەنیمەیشن و دیكۆمێنتاری) لەناو ئەو فیلمانەشدا 35 فیلم دەچنە بەشی پێشبڕكێی فیستيڤاڵ و 11 فیلمیش لەبەشی نمایشی فیستيڤاڵ دان.
بەپێی زانیارییەكانیش میوانێكی زۆر لە ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی كوردستان میوانی فیستيڤاڵن و بەشێكی ئەو میوانانەش سینەماكار و هونەرمەندە دیارەكانی بواری هونەری سینەمای كوردین.
(فیستيڤاڵی نێودەوڵەتی كوردستان بۆ فیلم) بە دروشمی (بەرەو ریفراندۆم و سەربەخۆیی) ماوەی پێنج رۆژ لە پایتەختی هەرێمی كوردستان بەڕێوە دەچێت. وا بڕیاریشە دەستپێكی فیستيڤاڵ بە فیلمی (ئاڵای بێ وڵات)ی دەرهێنەری ناوداری كورد (بەهمەنی قوبادی) بكرێتەوە.